خەسڵەتەکانی کۆیلە

د. سه‌ردار عه‌زیز
بەختیار عەلی لە ڕۆژانی دوای ڕاپەرین ووتی کورد کۆیلە نیە، چونکە خاوەنەکانی دەیکوژن، کۆیلە خاوەنەکانی نایکوژن. ئەم خوێندنەوە، نیمچە هێگڵیە هەڵە بوو!! کورد کۆیلەیە بە ئەخلاق، بە ڕەوشت، بە دەرون، بە ڕەفتار. کۆیلە بوونی کورد لە پەیوەندی دەسەڵاتیانە لە گەڵ خۆی و ئەوانیتردا دیارە، نەک تەنها لە مامەڵەی ئەویتری باڵا لە گەڵیدا. زۆرجار خاوەن کۆیلەکان بۆ چێژ و خۆشی هەروەها بۆ پیویستی کۆیلەکان دەکوژن. ترس لە مردن یەکێکە لە سەرچاوەکانی کۆیلەبوون.
با لە خەسڵەتەکانی کۆیلە بوونی کورد بنواڕین:
یەکەم
کۆیلە رقی لە کۆیلەیە. کوردێک دەبورێ لە کەسێکی غەیرە کورد کاتێک لاقەی دەکات، ماڵی وێران دەکات، دەیکوژێت، ئازاری دەدات. بەڵام لە بەرامبەر جنێوی کوردێکی تردا بۆ هەتا هەتایە دوژمنیەتی. حیز بە خاڵی خۆی فێرە، داری دەسەڵات ئازاری نیە.

دووەم،
کۆیلە هەمیشە زۆردار بە ڕەوا و جوان دەبینێت. لە دونیای کوردیدا کاتێک کەسێک لاوازدەبێت یان شکست دەهێنێت، هەموو سوکایەتی پێدەکەن، کاتێک کەسێک سەردەکەوێت، هەموو سەری بۆ دائەنەوێنن. ئەمە ڕۆژانە دەست و پەنجەی لە گەڵدا نەرم دەکەین.
سێیەم،
کۆیلە واقیع نابینێت. ئەو گەلانەی کە لە مێژوودا لە ژێر ستەمدا ژیاون، بە ئاسانی ناتوانن واقیعی بن. ئەمە مێژوی روسەکان وەهامان پێدەڵێت. مێژووی ئاگایی ئێمە بیئەدازە ناواقیعیە. کە ترسوکاییەک دەبینێت شاگەشگە دەبێت و کە تارماییەک دەبینێت دەڕوخێت. بەردەوام وەهمی، بەردەوام توندڕەو، بەردەوام یوتوپیایی. کۆیلە خۆشباوەڕە، لە هەمان ڕۆژدا شیوەن و سەما دەکات. ئەو هەمیشە لە سەر پەرچەکردار دەژی. کۆیلە باوەڕدارە.
چوارهەم،
کۆیلە یان ئیرەیی دەبات یان سوژدە. میدیا و ئەدەبیاتی کوردی بخوێنەوە، دەگمەن هەواڵێک و دەقێک دەبینی بە دەربێت لە ئەم دوانە.

دەرئەنجام
مرۆڤی کورد بە ئاسان بە گژ خۆیدا دەدرێتەوە، شەڕی ناوخۆ هەمیشە بەردەوامی هەیە، ئەگەر لە دونیای دەرونناسیدا گرێی ئۆدیپ هەیە، لە دونیای سیاسەتی کوردیدا گرێی دێگەڵە هەیە. کە شەڕی ناوخۆ لە ئاستی هەقایەت و خەیاڵ و کینە و دونیابینی و ڕەوشتدا تەواونابێت، ئاسانە تەرجەمەبێت بۆ دونیای ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەناو مەعریفی.
کۆیلەکان رۆژانە لە میدیاکانەوە رق و کینەیان دەرخوارد دەدرێت، ئەوانیش مانای بونی خۆیانیان بۆ بەرجەستە دەبێت.

شەڕی ناوخۆ لە ڕۆمانەکانەوە هەمیشە دڕندە و بێ بەزەیی و پوچ بوە.
یەکەم هەنگاو بەرەوە مرۆڤ بوون، کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆیە کە کرۆکی سیاسەتی ئەمڕۆیە. تا کۆیلە بمێنێت شەڕ بەردەوامە.

11/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر