ڕاستی بە ستەزمان.. چۆن لە کوردستان ڕاستی ئەنفالکرا!

د. سه‌ردار عه‌زیز
چەمکی ڕاستی لە لای گەلان و کولتوری تر، قسەی زۆر زۆری لە سەر کراوە، لای ئێمەی کورد جێگەی پرسیار نیە. وەک لە ماناکەیدا دیارە، ڕاستی لای کورد، یان لە زمانی کوردیدا، بەمانای ئەوە دێت کە هیچ لاری و پێچدانەوە و ناڕێکیکی تیادانیە. وەک دەڵێن وەک خۆی ڕێک و ڕەوان. ئایا ڕاستی چۆن بەرهەم دێت، یان دەدۆزرێتەوە، یان دەوترێت، کێشەیەکی ئەوتۆ نیە لە دونیای ئێمەدا. ڕاستی بە سروشتی دەبێت یەک ڕاستی بێت، گەر دوو ڕاستی هەبێت، ئەوا یەکێکیان ڕاست نیە، ئەمە دیدی باو بوو. ئەمرۆ لە گەڵ سەرەتاتکێی ئەدەبیاتی پۆستمۆدرێندا، خەڵك هەن بە ئاسانی دەڵێن ڕاستی نیە، ئەوەی هەیە تەنها ڕایە، یان لێکدانەوەیە. لێرەدا نەک هەر ڕاستی وون دەبێت، بەڵکو درۆش وون دەبێت. کە ڕاستی نەبوو درۆش نیە. بەڵام کێشەیەک لێرەدا هەیە، بۆ نموونە، ئەگەر تاوانێک ڕوبدات، هەرکەس بێت بە دیدی خۆی بیگێڕێتەوە، هەموانیش دیدیان ڕاست بێت، ئەوا چۆن دەتوانرێت بڕیار بدرێت کە تاوانەکە چۆن بوەوە و کێ تاوانبارە. کەواتە جیاکاری هەیە لە نێوان، حەقیقەت و ڕاستی، فاکت و تروپ.

ئەگەر گریمان فاکت ئەوەیە کە روویداوە، ئەوا کێیە ئەوەی بڕیار دەدات کە ئەوە چیە کە رویداوە، لە دادگا پرۆسەیەک هەیە. هەتا سەدەی سیانزە، بە تایبەت لە ماگناکارتادا، لە بەریتانیا خودا بڕیاردەری ڕاستی بوو، لەوەو دوا مرۆڤەکان بوون بە بەشێک لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی ڕاستی.

لە دونیای ئێمەدا کە پرسی دادوەری و دادگایی لە پانتایی دادگاوە هاتوە بۆ ناو میدیا و سۆشیال میدیاکان، وەرچەرخانێکی ترسناک روویداوە لە پرسی ئەوەی کە ئایا ڕاستی چیە، فاکت چیە، ئەوە چیە رووئەدات، یان روویداوە، یان چۆن روداوێک رونادات، بەڵام لە هەناو میدیا و سۆشیال میدیادا رودەدات، لای خەڵكیش وەها مامەڵە دەکرێت کە فاکتە. لە ڕاستیدا بەرهەمهێنانی ڕاستی لە دونیای ئێمەدا، پێش هەموو شتێک، بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەیەکی ئابوریە و ئابوری سیاسیە، لە ئاستی جیاوازدا. بەڵام ئەم پرۆسەیە ڕوون نیە.

ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوە دەچێت: یەکەم، لە قازانجی نوخبەیەکدایە کە دۆخەکە بە پڕ لە ململانێ و گرژی بمێنێتەوە. دۆخی شەڕی ناوخۆ، چونکە ئەمە زەمینە دەسازێنێت بۆ باڵادەستی هەست و سۆز و ڕق و دوبەرەکی و ڕەش و سپی و وون بونی هەموو هەوڵێکی گەڕان بە دوای ڕاستی یان فاکتدا. بۆ ئەوەی ئەمە مەیسەر بێت، بواری میدیا ئیشی ئەوەیە کە ئەمە فەراهەم بکات. ئەم ئیشە بنەمای بژێوی خەڵکیکی زۆرە. کۆمەڵگای پەرتەوازە، لە دۆخێکی وەهادا بە ئاسانی ناتوانێت بە سەر پەرتەوازەییدا زاڵبێت، چونکە پەرتەوازەیی سەرچاوەی نانی زۆرێکە کە بڕیار دەدەن چی ڕاستە و چی هەڵەیە. جارێک برادەرێکی لوبنانی پێی ووتم، ئەگەر گرژی نەمێنێت لە نێوان پێکهاتەکانی لوبنان خەڵکێکی زۆر بێکار دەبن. ئەمە بۆ دونیای ئێمەش ڕاستە.

کەواتە لە کاتێکدا ئێمە هیچ بیرمەندێکمان نیە کە ڕاستی کردبێتە بواری کاری خۆی، وەک چۆن گەلانی تر لە دونیادا دەیان بیرمەندی گەورەیان هەیە کە تەنها کار لە سەر چەمکی ڕاستی دەکەن، لە هەمانکاتدا کەلتوری ئێمە کەلتورێک نیە کە گرنگی بدات بەوەی کە ئایا ئەوەی دەیبینی، دەیبیستی، دەیخوێنیتەوە چەندی بە چەندە.

لە گەڵ گەشەی مۆدێرنەدا، ئامرازی تر هاتنە ناو بواری زانینی ڕاستیەوە، لە نێویاندا ژمارە. لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە ژمارە بوو بە ئامرازێکی سەرەکی زانین و ڕاستی. بەم پێیە بۆ ئەوەی بزانیت دەبێت فاکت بەدەستبهێنیت، هەروەها دەبێت ژمارەکان بزانیت. ژمارە کرۆکی بیری ماتماتیکیە. بیری ماتماتیکی تەنها لە بڕدا خۆی نابینێتەوە، بۆ نمونە تێگەیشتنی ئێمە بۆ یەکسانی، دادپەروەری و زۆر بەهای تر، ماتماتیکیە.

لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە، ژمارە هێندە زۆر و ئاڵۆزبوون، داتا هاتە ئاراوە. داتا بە مانای ئەوەی کە بڕی ژمارەکە هێندە زۆر و ئاڵۆزە کە لە توانای مرۆڤدا نیە، پێویست دەکات کە ئامێری بۆ بەکاربهێنین. هەریەک لە ئەم سێ یەکەی زانیارییە و زانینی ڕاستیە لە دونیای ئێمەدا لە کێشەدایە.

ئەم دۆخە تەنها کاریگەری لە سەر ئەوە نیە کە ئایا دەزانیت یان نازانیت. بەڵکو کاریگەری هەیە لە سەر دیموکراسی، دۆخی کۆمەڵایەتی، دۆخی تاکەکەسی و دەرونی، هەروەها پرۆسەی گۆڕانکاری.

هاتنی تەکنەلۆجیا بۆ ناو ئەم دۆخە دژە مەعریفی و دژە زانیارییە، هێندەی تر دۆخەکەی ترسناک کردوە. لە دونیایەکی وەهادا دەتوانیت مرۆڤەکان کۆیلەبکەی بە هەست و سۆزی تایبەت، لە جوگرافیای تایبەتدا، بۆ ئەوەی بەو جۆرە هەڵسوکەوت بکەن کە دەتەوێت. ئەمە فەیس بوک بە زۆرێک لە مرۆڤەکانی دونیای دەکات. هاتنی فەیسبوک ترسناکترین هەنگاوە لەم بوارەدا. ئەگەر پرۆسەی زانین پرۆسەیەکی ئیپستمۆلۆژی سەخت بێت، ئەوا ئەمڕۆ بۆ هەموو کەسێک بە ئاسانی دەستبەر نابێت، بۆیە کاتێک خەڵك وەها دەزانن ڕایان هەیە، یان کاریگەرییان هەیە، لە ئەنجامدا بەشێکن لە پرۆسەی درێژەدان بە دۆخی هاکەزایی. ئەمە لە کاتێکدا هیچ هێندەی ئەوەی سەخت نیە کە مرۆڤێک لە ئەفسانەیەک دوور بخەیتەوە. ئەفسانەسازی ڕۆژانە لە بواری جیاوازدا لە ژیانی ئێمەدا دەسازێت، لە بواری رێکلام، دەسەڵات، ئاین، و زۆر بواری تر.

23/11/2018



وتارەکانی تری نوسەر