لە میونخ چی ڕویدا؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە نێوان ١٥ بۆ ١٧ی مانگ لە شاری میونخی ئەڵمانی کۆنفرانسی میونخی ئاسایش بەڕێوەچوو. بەهۆی ڕێکخستنی بەشداریکردنی هاوەڵێکم، لە نزیکەوە لە کۆنفرانسەکە ئاگادارم. کۆنفرانسی ئەمساڵ وەک وڵفگانگ ئایشنگەر، ڕێکخەری کۆنفرانسەکە ووتی ڕەنگە لە نێو گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئەم دەیەیە بێت. ئەم وتەیەی وڵفگانگ لەو ڕوانگەیەوە هات کە کرۆکی پرسی کۆنفرانسەکە لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە بۆ یەکەمجار لە ژێر پرسیاردایە، ئەویش پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئەوروپایە، یان ئەوەی پێی دەڵێن پەیوەندی ئەتڵەسی. دیارە کاتێک باس لەم پەیوەندییە دەکەین باس لە دەزگاکانی فەراهەمکردنی ئەم پەیوەندییەش دەکەین کە لە سەروی هەمویانەوە، ناتۆیە. ئەمڕۆ ناتۆ لە ژێر پرسیاردایە، بە تایبەت لە لایەن ئەمریکاوە.

شاندی ئەمریکی گەورەترین شاندبوو، کە جێگری سەرۆکی ئەمریکی، وەزیری بەرگری بە وەکالەت، چەندین ئەندامی کۆنگریس و سەرۆکی کۆنگریس، لە گەڵ کەسانی وەک جۆ بایدن. ئەمریکیەکان دوو بەرەبوون، بەرەیەک دژ بە ناتۆ و بەرەیەک لە ڕکەبەری ئەوانی تردا دۆستی ناتۆ، بەڵام ئەمە بۆ هەموی ڕوون بوو کە جگە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ ئەمریکا نەبێت هیچی تر نیە. بۆیە یەکێک لە روداوەکانی تری کۆنفرانسەکە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بوو.

بەڵام پرسی کێشەی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا جێگەی لە سەر وەستانە، چونکە کاریگەری هەیە لە سەر سەرتاپا دونیا. کاتێک دەڵێین ئەوروپا ڕەنگە هەڵەبین چونکە کاتێک دێتە سەر پرسی پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا ئەوروپا دوو بەرەیە: بەرەیەک کە زیاتری پشتیوانی ئەمریکای دەوێت و بەرەیەک کە خۆی لە ئەمریکا بە دوور دەگرێت. هەموو ئەمە پەیوەستە بە روسیاوە. شایانی باسە سێرگی لاڤرۆڤ سەرۆکی شاندی روسی بوو. ئەوروپای ڕۆژهەڵات دەیانەوێت لە بەرامبەر مەترسی هەژەمونی روسیا، بنکەی سەربازی ئەمریکی زۆرتر بکەنەوە. ئەمە مایەی نیگەرانی روس و هەروەها ئەڵمانەکانە. بۆیە دەکرێت بڵێین کە وتارەکەی مێرکڵ، کە دوا وتارە، یەکێک لە گرنگترین روداوەکانی کۆنفرانسەکە بوو.

ئەمریکاییەکان دەیانەوێت سنورێک بۆ هەژەمونی روسیا دابنێن، بەڵام لە ڕاستیدا روسیا وڵاتی سەرەکی نیە لە ئەجیندای ئەمریکیدا. لێرەوە ناکۆکی ئەمریکا و ئەوروپا دروست دەبێت. ئەمریکاییەکان خەمی ئەوەیان نیە کە قەیران دروست بێت لە ئەوروپا، چونکە یەکێتی ئەوروپا بە ڕێگر دەزانن لە بەردەم ئەجیندای ئەم قۆناغەی ئەمریکادا. بۆیە پەرتکردنی ئەوروپا یان ناچارکردنی بە وازهێنان لە بوونی هەر ئەجیندایەکی جیاواز بەشێکە لە پلانی ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ. ئەمە لای هەموان ڕوونە. بۆیە کاتێک وڵفگانگ کۆنفرانسەکەی کردەوە، جلێکی ڕەنگ شینی نەخشێنراو بە ئاڵای یەکێتی ئەوروپای لەبەرکردبوو کە گوایە لە کورەزاکەیەوە بە دیاری پێی دراوبوو، خیتابێکی ئاشکرایە.

ئەوروپاییەکان بە تایبەتی ئەمریکاییەکان نیگەرانن لە ئەم هەوڵانەی ئەمریکا و بە کارێکی نەیارانەی لە قەڵەم ئەدەن، بە تایبەت ئەڵمانەکان. ئەمریکاییەکان دەیانەوێت بە سودبینین لەو دۆخەی کە ئەوروپا لە ناوەوە پیادا تێدەپەڕێت، هەڵکشانی توندڕەوی، دژایەتی یەکێتی ئەوروپا، فاشیزم، ناسیونالیزمی توندڕەو، ئەوروپا پەرت بکەن. ئەمە بە ڕوونی دیاربوو لە دیدارەکانی کۆنفرانسی وارشۆ. کۆنفرانسی وارشۆ ئاڵۆزی زۆری دروست کرد لە پرسی ئەجینداکەی، ئایا بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە یان بۆ دژایەتی ئێرانە.

پرسی ناکۆکی نێوان ئەڵمان و ئەمریکاییەکان ڕەهەندی زۆرە، بە کورتی لێرەدا هەندێکیان باس دەکەین و پاشان باس لە رەهەندی جیهانی دەکەین. ئەمریکا تاکە هێزە لە دونیادا کە دەتوانێت بچێتە شەڕ و نەترسێت لە پاشهاتەکەی. هەروەها ئەمریکا تاکە هێزە کە بە شێوازێکی وەها نادۆرێت کە ببێتە هۆکاری وەرچەرخانی ڕادیکاڵ لە هەناو وڵاتەکەیدا. ئەمانە بۆ ئەڵمانەکان وەها نین، ئەڵمان دەترسن لە شەڕ، شەڕخوازی ڕابوردوو و دۆرانی جەرگبڕ، لە هەناوی ئەو وڵاتەدا دۆخێکی دەرونی دروستکردوە کە شەڕ بژاردە نیە. بۆیە ئەڵمانەکان لە گەڵ ئەوەدان کە سازش بکرێت بۆ روسەکان و فشاریان لە سەر کەمبکرێتەوە، بەڵام ئەمریکاییەکان لە کاتێکدا روس بە مەترسی نابینن بەڵام دەیانەوێت سودی لێببینن هەتا لە رێگایەوە ئەوروپا پەرتبکەن.

بێنرخبوونی ئەوروپا لە چاوی ئەمریکاییەکانەوە لە دوو روانگەوەیە: یەکەم، رکەبەری ئەمریکا لە داهاتودا چین دەبێت و ناوچەی بەریەککەوتن زەریای هێمن دەبێت، دووەم، ئەوروپاییەکان نەک ناتوانن هاوکاری ئەمریکابن، بەڵام بەربەستن لە بەردەم ئەمریکادا، بەوەی وەک ئەمریکا دەیبینێت، ئەوروپاییەکان نایانەوێت بودجەی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان دابین بکەن.
پێودانگی بۆ ناوچەکە:

ئەگەر ململانێی جیهانی داهاتوو لە نێوان چین و ئەمریکایە، ئەوا هەموو ململانێکانی تری دونیا لەم روانگەیەوە دادەڕێژرێتەوە. وڵاتانی نەیار بە ئەمریکا هەوڵی دروستکردنی بەرەیەک دەدەن بەرامبەر ئەمریکا، وەک ئەمڕۆ لە نیوان چین و روسیا و هەتا ئاستێک ئێراندا دەیبینین. ئەمریکا دەیەوێت لە ئاستی ناوچەییدا بەرەی جیاواز پێکبهێنێت بۆ تەوقکردنی ئەو وڵاتانە و سنوردارکردنیان، وەک لە کەیسی چیندا دەیبین لە دروستکردنی ئەو بەرەیەی کە پێی دەڵێن کواد، هەروەها لە کەیس ئێراندا؛ دەنگی زۆری ئەم بەرەیە هەیە، بەڵام هێشتا ئاشکرا نەکراوە. هەروەها لە بوونی بنکەی ئەمریکی زیاتر لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی لە کەیسی روسیادا.

ئەمە لە کاتێکدا کە جەنگی داهاتوو هیچ لە جەنگی رابوردوو ناچێت، وەک لە کەیسی هواویدا دەیبینین. گەڕانەوەی دونیا بۆ دۆخی کێبڕکێ و مەترسی شەڕ ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستان. ئەم دۆخە کاریگەری دەبێت لە سەر ئابوری، سەقامگیری و هەروەها دۆخی سیاسی ناوچەکە، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە ئەو ناوچانەی کە لە دونیادا کە زۆرترین دەستوەردان و سەرچاوەی کێبڕکێی تیادایە.

27/02/2019



وتارەکانی تری نوسەر