بایۆگرافیای پووش و تەڵاش

د. سه‌ردار عه‌زیز
شەوەکەی دەربەندیخان پڕ بوو لە لوورەی با، وەک گورک. لە بەرەبەیانێکی زوودا، بەجێمهێشت. بە یادی ڕۆژانی پاش ڕاپەڕین، کە لە سلێمانی خوێندکار بووم، لە کۆڵانە تەسک و خێچکەکەی دەرگەزێن بە دەم ئاوڕدانەوە لە هەموو شتێک هەتا ئەسحابەسپی ڕۆشتم. بایەکی کەللـەتەزێنی دەهات. کاتێک هەستم کرد کە لە نزیک ئوتێل سۆمەرم، نەمتوانی سەرم بەرز نەکەمەوە و تابلۆ نیمچە هەڵوەریوە ژەنگاوییەکە نەخوێنمەوە. فندق سومر السیاحی، جناح خاص للعوائل. لەگەڵیدا ژمارەیەکی تەلەفۆنیش هەبوو. هێشتا دیوارە بلۆکە هەڵوەریوەکە وەک خۆی بوو. بەڵام لە تەنیشتیەوە باڵەخانەیەکی سێگۆشەی تەسک بە ئاسماندا چووبوو، بە هەمان ناوەوە، ئەوەیان بۆ من نوێ بوو، هەستم دەکرد، جۆرێک لە بێزاری بۆ یادەوەرییەکانم درووست دەکات. کە من لەوێ دەژیام جگە لە تاریکی و سەرما و برسێتی، تەقەی شەڕی حزبەکانیش هەبوو. سلێمانی شارێکی ئاڵۆز بوو لەو ڕۆژگارانەدا. هاوتەریب بە جەنگ و پشێوی جوڵەیەکی چالاکیی ڕۆشنبیرییش بەڕێوە دەچوو. ئێمە برسی بووین، بەڵام برسیی مەعریفەش بووین.

لە شەقامەکە پەڕیمەوە، بە پێویستم نەزانی جارێکی تر بە کۆڵانە تەسکەکەدا بڕۆم، ئاوڕێکم لە کۆگا نوێکان دایەوە، پڕ بوون لە شتومەکی ناپێویست. ناپێویست کرۆکی سەرمایەداریی پێشکەوتووە، کە ژیان و کاتی مرۆڤەکان وەک تەلبەند دەتەنێت. لە جێگای کۆمەڵە کۆگا کۆنەکان و حەوشەی میوە و سەوزەفرۆشەکان، باڵەخانەیەکی خشت و پارکێکی ئۆتۆمبێل هەیە. ئەمە جۆرێکی زەقە لە مۆدرێنبوون. بەڵام کۆگاکانی تر وەک خۆیان بوون. ئەم موتوربەیە جۆرێک لە دانوستانی بەرهەم هێناوە لە ناوەندی شاردا، دانوستان لە نێوان کۆن و نوێدا. هەندێک جار جۆرێک لە موتوربەکردن. بەڵام هیچی لە دیدێکی هونەری، کولتووری، ئەندازەسازی، ژینگەیی و ئیستاتیکییەوە سەری نەگرتووە. گەر کۆگا و شەقام و پارک و پانتاییەکانیش وەک دەقێک بن، ئەوا ئێمە جۆرێکی زۆر شپرز لە دەقمان نووسیوە لە سی ساڵی ڕابردوودا.

لای بازاڕی زانکۆ پشتێنێکی چەرمم کڕی، کابرای دوکاندار وتی باریک، منیش وتم، بەڵی ناوقەدباریک، ببوورە تەنها پشتێنمان لایە، لە وەڵامدا وتی. جارێکی تر پەڕیمەوە بۆ دوکانێکی ئاسیاسێل، بۆ ئەوەی هەندێ کریدت بکڕم و لەگەڵ هاوڕێ و ناسراوەکانم، کۆ ببمەوە.

کە بە جادەی مەولەویدا چومەوە خوارێ، ناچار بووم بپەڕمەوە بە لای خۆرەتاوەکەدا، سەرەتا هێندە سار دبوو، بیرم کردەوە کە ملپێچێک بکڕم، بەڵام هەموو کاڵاکان لە جۆری تورکی و ئێرانی هەتا بڵێی جۆری خراپ بوون. چاوم گێڕا بۆ دارای جەریدە لە کتێبخانەکەیدا، بەڵام نەمدییەوە هەتا سڵاوێکی لێ بکەم و هەندێک بێزاریی لە دونیا و کەسایەتییەکانی شارم پێ بفرۆشێت.

هێشتا زوو بووە بۆ ئەوەی هیچ دەنگ و هەڵایەکی فرۆشیاران بێت. پێش کۆتایی دەبۆکە جارێکی تر پەڕیمەوە. دەبۆکە ناوێکی کۆلۆنیاڵییە، لە وشەی  «دێ-پۆ»وە هاتووە، کە لە بنەڕەتدا لاتینییە بەڵام لە زمانی فەڕەنسیەوە پەڕیوەتە ناو زمانی ئینگلیزی بە مانای مەخزەن دێت. دیارە وشەی مەخزەن خۆی لە بنەڕەتدا عەرەبییە، لە ئیتاڵیەوە پەڕیوەتە ناو زمانە ئەورووپییەکانی ترەوە.  دێ-پۆ لە زمانی کوریدا بووە بە دەبۆکە.

لە سەر پردەکە وەستام، هی ئەوە نەبوو وێنەیەکی بگریت، سەربانی گڵ و ڕێکلامی قەلۆری کاڵای بێکەڵک دیمەنەکەیان بێمانا و ناشیرین کردبوو. ئەوەندە ڕا نەمام، لە ڕۆشتنم بەردەوام بووم. کاتێک بە دوای دوکانی کتێبفرۆشی ڕەهەنددا دەگەڕام هەتا ڕۆمانە نوێکەی بەختیار عەلی بکڕم، کابرایەک لەوبەرەوە هاواری لێ کردم، دوکتۆر سەردار، چیت لێ ون بووە، منیش وتم هیچ، تەنها تەماشا دەکەم، کە دوکانەکەم دییەوە، بە قادرمەیەکی پۆشراو بە فەرشێكی تەنکی هەرزانی تۆزڕەنگدان چوومە سەرێ. هۆڵی کتێبفرۆشییەکە چۆڵ بوو. لە یەکەم پایەدا کۆمەڵێک نامیلکەی ئیزمەکان دانرابوو. ئاماژەیەکی ڕوون بوو، ئێمە چەند عەشقی ئایدۆلۆژیاین. تیلەیەکم تێ گرتن و بە شایانی زیاترم نەزانین. ئایدۆلۆژیا، تلیاکی عەقڵە.

لە کتێبێکی ماوم نواڕی، ناونیشانەکەی جێگای سەرنج بوو: ئەو زەبەلاحە زەردەی دێوە چینییەکەی لە کونەکەی هێنایە دەر. باش بوو بۆ زەردەخەنەیەک لەو بەیانییە ساردەدا. یەکێک لەو تێمایانەی لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە ڕووبەڕووی دەبمەوە، کتێبی سەر ڕەفەی کتێبخانەکانن لە شار و وڵاتە جیاوازەکان. بۆچی لە هەندێک وڵات جۆرێک لە ئایدۆلۆژیا زاڵە و لە هەندێک وڵات جۆری تر. ئەمە پرسێکی کەمبیرلێکراوەیە. ڕەفەی کتێبخانەکان، چۆنێتیی نمایش، هەموو کردەی ئایدۆلۆژین، نەک تەنها بازرگانی.

جگە لە ڕۆمانەکەی بەختیار عەلی چەند دانە کتێبی ترم کڕی، بە زمانی کوردی و ئینگلیزی. بەڵام ئەوەی کە زیاتر بە سوود بوو ئەو کتێبە بوو کە یەکێک لە کتێبفرۆشان لەوێ بۆی دەستەبەر کردم دەربارەی سێ باڵەکەی بزووتنەوەی حەقە. چۆن دەبێت لە نێو کورددا، بزووتنەوەیەک هەبێت بە بێ باڵ؟!

کە وادەی دیدارەکەم هات لەگەڵ توێژەرێکی دوکتۆرا لە زانکۆی کەیمبریدج دەربارەی ڕەوشی حکومەتی هەرێم لە پاش گۆڕینی ڕژێم لە عێراق، دونیا گەرمی کردبوو. لە بەردەم باخی گشتی، پاش ئەوەی عەباس ناوێک دەستی گوشیم، سواری تاکسی بووم بۆ گردی زەرگەتە. لەوێ کە توێژەرەکە لێی پرسیم، کێشەکانی حکومەتی هەرێم لە پاش ٢٠٠٥ەوە چین، وەها دەنگی دەدایەوە کە پرسیار بێت دەربارەی ژمارەی دەنکە لمەکانی بیابانی ربع الخالی.

کە لەوێ تەواو بووم، بە پێیان چوومە چێشتخانەکەی خوار گردەکە، لەوێ شلەوبرنجێکم خوارد. کە تەواو بووم، شوفێرێکی تاکسی لەوبەرەوە فیکەیەکی لێ کردم، منیش فیکەی خۆم ناسیەوە و پەڕیمەوە. کە گەشتمە دیدارەکەم لە نالی کافێ، هەر زوو سلێمانی بە جۆرێکی تر دەرکەوت. ئەو کەسەی کە لەوێ بوو، پڕۆژەیەکی سەرنجڕاکێشی هەبوو، بەڵام زیاتر باسی سلێمانیی کولتووری و هونەری و ئەدەبیمان کرد. ئەو بوارانەی کە میدیا و سیاسەت و شمەکگەرایی پۆشیویەتی.

کە تەواو بووین بردمی بۆ کارگەی جگەرەکە، لەوێ لە گەلەریی ئێستا پێشانگایەکی دەگمەن هەبوو. کە گەشتم هێشتا زوو بوو. خۆرەتاوەکە خۆش بوو، کارگەکە وەها دەردەکەوت چەند ساتێک لە مەوپێش خەڵکەکەی هەڵهاتبن. چۆڵ و بێدەنگ و ترسناک بوو، جارجارێک پشیلەیەک بە سەر پیساییەکاندا بازی دەدا و بە ئاگاییەکی سەیرەوە دەڕۆیشت.

کە سوفیان جەلالی شێوەکار گەیشت، بە دەم تەلەفۆنکردنەوە وتی ببوورە. پاشان دەروازیەکی گەورەی کردەوە، ئێمە بە سەر هۆڵێکی ساردی فراوانی ڕەنگ سپیدا کراینەوە. خێرا چیرۆکی دیواری سارتەرم بە یاد هاتەوە، کە بە ڕستەیەکی وەها دەست پێ دەکات، پاڵیان ناین بەرەو ژوورێکی سپیی گەورە، چاوەکانم دەستیان کرد بە پرتەپرت چونکە ڕووناکیەکە ئازاری دەدا.

سۆفیان ڕەقەڵەیەکی باڵابەرزی، ڕیش ڕەشی، ڕێکپۆشی، خەمگینی، مات بوو. کاتێک من لە تابلۆکانم دەنواڕی ئەو لە دوورەوە تەماشای دەکرد. پاشان کە کەوتینە قسە باسی ئەوەی کرد کە چۆن ئەم تابلۆیانەی کیشاوە. کە دەڕۆشتم بۆ ڕێکردن، دیمەنی ئەم پووشانەم دەبینی، نەمدەزانی چۆن وێنایان بکێشم، هەتا گەشتمە ئەو ئاگاییەی کە دەتوانم مەتریاڵ بە کار بهێنم. پڕۆژەکە ناوی هەڵوەرین بوو. تابلۆکان گەرچی دیمەنی سروشت بوون بەڵام گەورەیی و چڕییان هەستێکی وەهایان درووست دەکرد، کە سروشت لە ناختدا دەڕوێت. با پووشەڵانی درووست دەکرد. ئاگر کۆتایی بە تەمەنی پووش دەهێنا، شارێک یان ناخی مرۆڤێک وێران دەبوو، گۆمێک ماسیەکانی جێدەهێڵا، کیژۆڵەیە بە کۆڵێ خاشاکەوە ئاوڕێكی قوورسی دەدایەوە.  تەڵاشە دارەکان شارێکیان درووست دەکرد.

کە پێشانگاکەم جێهێشت بە ئەسپایی بە نێو چۆڵەوانیی کارگەی توتنەکەدا هاتم، چۆڵی و وێرانەیی و یادەوەری و ژەنگ دائەبارین. کاتێک بە شۆفێری تەکسیەکەم وت بمبە بۆ تێرمیناڵی شارەزوور، لێی پرسیم ئێرانیم، بە بێزارییەکەوە وتم نەخێر.

30/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر