کوردناسی: گەشە و قەیران

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابوردوودا لە زانکۆی میدڵسێکس لە لەندەن کۆنفرانسێکی بەرفراوانی کوردناسی بەڕێوەچوو. لێرەدا کۆمەڵێک سەرنجی گشتی دەخەمە ڕوو. ئەم سەرنجانە ڕەخنە و هەڵسانگاندن نین بۆ هیچ پەیپەرێکی تایبەت، چونکە من توانیم تەنها لە کۆمەڵێک پەناڵدا بەشداربم، نەک هەموی.
لایەنە باشەکانی کۆنفرانسەکە:
یەکەم، کوردناسی گەشەی بەرفراوان بەخۆیەوە بینیوە، لە چەند ئاستێکدا، یەکەم لە ئاستی شوناسی توێژەراندا، جاران بە زۆری بیانیان لە سەر کورد قسەیان دەکرد، ئەمڕۆ کوردێکی زۆر قسە لە سەر دۆخی خۆی دەکات. دووەم، جاران کوردناسی بوارێکی بچوکی لاوازبوو، زۆر ناوەندی خوێندن و توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو، هەر باسی کوردیان لە کولەکەی تەڕیشدا نە ئەکرد. سێیەم، لە ڕوی جۆرایەتیەوە، کوردناسی گۆڕاوە، جاران لێکۆڵینەوە لە سەر کورد بۆ کورد نەبوو، بەڵکو بۆ ڕۆژئاواییەکان بوو، ئەمڕۆ گۆڕانکاری بە سەر ئەم دیدەدا هاتوو. 
دووەم، کوردستان لەوە دەرچوە، بەشێکی وڵاتێک بێت، هەتا بێت زیاتر وەک یەکەیەک تەماشا دەکرێت کە پەرتبوە، یان پەرتکراوە، ئەمە لە هەمانکاتدا توێژینەوە لە سەر هەموو پارچەکان زۆربوون، هەرچەندە بە یەکسانی نا. ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی سیاسیەوە. بۆ نمونە توێژینەوە لە سەر کوردستانی ڕۆژهەڵات لاوازە، بەڵام لە سەر بەشەکانی تر زۆرە، بە تایبەتی باکور و باشور. ئێستا بەهۆی گۆرانی دۆخی ڕۆژئاڤاوە، دۆخی ئەوێیش گەشەیەکی خێرا بە خۆیەوە دەبینێت.

سێیەم، ئێستا کورد هەتابێت بە زمانی جیهانی دەنوسێت. کوردناسی دەرەوەی زمانی ئینگلیزی پەراویز دەخرێت. ئەمە لە ڕاستیدا ناتوانرێت تەنها وەک گەشەیەک تەماشا بکرێت، بەڵام وەک واقیعێک، نوسین بە ئینگلیزی لە ئەمڕۆدا نوسینە بە زمانی جیهان. ئەمەش ئامادەیی دەداتە کورد لە دونیای دیجیتاڵدا، کە دونیایەکی هاوتەریبە بە دونیای مادیی و زۆرجار گرنگی زیاترە.

لایەنە قەیراناویەکانی:

یەکەم، کوردناسی هێشتا بە دەست میتۆدە زاڵەکانی سەردەمی کۆلۆنیالەوە دەناڵێنێت. هەرچەندە هەست بە بەرکەوتنێک دەکرێت لەم بوارەدا بەڵام هێشتا میتۆدە کۆنەکان زاڵە. بۆ نمونە هێشتا دەوترێت کێشەی کورد، بە مانای ئەوەی کە کورد کێشەیە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ئەوەی نۆرماڵە وڵاتانی ناوچەکەیە. کەچی لە ڕاستیدا کێشەی وڵاتانی ناوچەکەیە کە کورد قبوڵ ناکەن. کاتێک ڕوانگەکە بەم جۆرەیە، ئەوا هەمیشە کارەکان بەو ئاراستەیەیە کە چۆن کورد چارەسەر بکرێت لە بەرژەوەندی و دیدی ناوەندەوە. بیری ئۆجەلان ئالنگاری بۆ ئەم تێزە دروستکردوە بەڵام هێشتا لە سەرەتادایە.
دووەم، ئەگەر کوردناسی لە بیانیانەوە دەگوێزێتەوە بۆ کورد خۆی، بە داخەوە، ئەمە تەنها پۆزەتیف نیە، لە لایەک ڕۆڵی پەرتەوازەیی کورد زاڵ دەبێت و بەرهەم دێتەوە، لە لایەکی تر، هەست و سۆز زاڵ دەبێت لە بەر دۆخی سەختی کوردی، لە ڕوی ماف و دەرفەت و مامەڵە و ئازارەوە.
سێیەم، کوردناسان زۆربەی کاریان لە بوارەکانی وەک شوناس و مێژو و ئایدەلۆژی و ڕەوایەتی و زوڵم و باش و خراپی ئەم و ئەوە. ئەم بوارانە بۆ دۆخی کوردی بە سود نین، بە تایبەتی لە ئەمڕۆدا. چیدی هێندە پێویست نیە لە سایکس پیکۆ و ئەی رەقیبەوە دەست پێبکەین.
چوارهەم، هێشتا کورد لە دونیادا نابینرێت و دۆخی دونیا پەیوەست بە دۆخی کوردەوە مامەڵەی لە گەڵدا ناکرێت. بۆ نمونە دەبینین باس لە کێشەی کورد دەکرێت لە سوریا، تورکیا، عێراق، ئێران. بەڵام لە راستیدا هەرگیز کێشەی کورد لە ئەم وڵاتانەدا دابراو نەبوە لە دۆخی جیهانی. ئەگەر جەنگی سارد کۆتایی نەهاتایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست نەدەبوو. ئەگەر ململانێی زلهێزەکان و هێزە هەرێمیەکان نەبێت، کوردستانی ڕۆژئاواڤا بەوشێوەیە نەدەبوو. بۆیە دەبێت کورد لە دونیادا باس بکرێت. تۆ ئەگەر لە ڕۆڵی ئەمریکا و روسیا تێنەگەیت لە سوریا هەمیشە لێکۆڵینەوەکانت پڕ کەموکورتی دەبێت.
پێنجەم، کاتێک حکومەتی هەرێم خاوەن پارە بوو، لێکۆڵینەوەکان وەک قارچک خێرا چەکەرەیان کرد. زۆربەی زۆریان بێسودبون. ئەگەر تۆ لە حکومەتی کوردیدا بیت، نەوەت لە سەتی ئەوەی لە سەر کورد دەنوسرێت هیچ سودێکی نیە بۆ حوکمداری تۆ. بەشێکی زۆری ئەم کارانە، پەیوەستن بە ڕێچکەی ئەکادیمی کەسەکان و بەدەستهێنانی فەند، بۆیە هەمیشە بەکاری پیشەیی دەمێننەوە. لەلایەکی ترەوە لە هەندێ گۆڤاردا بڵاودەبنەوە، گەرچی ڕەنگە ڕانکی ئەکادیمیان باش بێت، بەڵام دواجار شەش کەس نایانبینێت. نوسینی ئەکادیمیا بۆ ئەکادیمیا، وەهایکردوە کە نوسینی ئەکادیمی پەراوێزبوە و خانەی بیر و پۆلەسی جێگەیان گرتوەتەوە.
شەشەم، زۆری باشە، بەڵام چۆنایەتی گرنگە. بوارەکانی وەک ئابوری، جیوپۆلەتیک، کارگێڕی، ژینگە، حکومەتداری، هێشتا زۆر زۆر لاوازن.
حەوتەم، کارکردن لە سەر کورد، روبەرونەوەی سەرتاپا سیستەمی دەوڵەتداری و حکومەتداری و سنورڕێژی و ئابوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە سیستەمی جیهانیشە. ئەمە ئالنگارییکەی سەختە. بەڵام ناچارییە!

01/07/2019



وتارەکانی تری نوسەر