جیۆپۆلەتیکی مووشەکی ئێس 400

د. سه‌ردار عه‌زیز
دواجار تورکیا مووشەکی ئێس ٤٠٠ی کڕی. بۆ تێگەیشتن لەم ڕووداوە دەبێت لە هەمان کاتدا لە چەند ئاستێکی جیاوازدا بیر بکەینەوە. لە ٢٠٠٨ـەوە تورکیا لە هەوڵی ئەوەدایە کە مووشەکی باڵا بە دەست بهێنێت. پاڵنەری ئەمە لە سەرەتادا دوو هۆکار بوو، یەکەم، خواستی تورکیا بۆ گەشەدان بە پیشەسازیی سەربازی و درووستکردنی چەک. دواود ئۆغلۆ لە چەندین جێگادا جەخت لە سەر گرنگیی پیشەسازی و بازرگانیی چەک دەکاتەوە بۆ تورکیا. ئەم بوارە ئێجگار ئاڵۆزە، بەڵام بە خێرایی ئاماژە بە چەند ڕەهەندێکی دەکەین، یەکەم، دەبێتە هۆکاری سەربەخۆیی بەدەستهێنانی چەک، دووەم، سەرچاوەیەکی دارایی گەورەیە، سێیەم، بەشێکی کاریگەرە لە پڕۆسەی هاوسەنگیی هێز و هەروەها جۆرە کاڵایەکە کە دەستکەوتی زۆر بە دەست دەهێنێت، بەڵام زیان بە ئابووریی وڵاتی کڕیار دەگەیەنێت. لەبەر ئەم هۆکارانە پیشەسازیی چەک هەمیشە بەشێکە لە سیاسەت و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و زۆرجار گەندەڵیی بێشومار.

ئامانجی تورک لەم ڕووەوە تەنها ئەوە نەبوو کە مووشەک بە دەست بهێنن، بەڵکوو لە هەمان کاتدا ئەوە بوو کە چۆن زانستی درووستکردنی ئەو مووشەکانەیان دەست بکەوێت هەتا خۆیان بتوانن درووستی بکەنەوە. لایەنی تەکنیکی و زانستیی بواری چەکی باڵا، هەمیشە لایەنێکی هەستیارە، وڵاتان لەبەر هۆکاری جیۆپۆلەتیکی و ئابووری ئامادە نین بە یەکتری بدەن، بۆ نموونە ئەمەریکا ئامادە نەبوو تەکنیک و زانستی مووشەکی پاتریوت بدات بە تورکیا. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نییە کە بەشێکی هەرە گەورەی سیخوڕی لەم بوارەدایە.

با بە کورتی بێینە سەر لایەنەکانی کێشەی مووشەکی ئێس ٤٠٠

یەکەم، لایەنی کوردی. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لەم بوارەدا پرسی کوردی سوریا یان سوریایە. تورک دەیانەوێت ڕێگر بن لە هەر بەرەوپێشچوونێکی کورد لە سوریا. بەڵام ئەمەریکا لەم ڕووەوە نەک هاوکاری تورک نەبوون، بەڵکوو هەتا دێت لە کورد نزیک دەبنەوە. ئەمە پاڵنەری ئەوە بوو کە تورک بەرەو ڕوسیا بڕۆن لە پێناو فشارکردن لەم بوارەدا. بە تایبەت کە ڕوسیا لە سوریا لە ئەمەریکا بەهێزترە. ئەمە دۆخێکی خوڵقاند کە تورکەکان گەیشتنە دۆخێک کە نەیان ئەتوانی لە پڕۆسەکە بکشێنەوە. بە مانایەکی تر تورکیا گەیشتە دۆخێک کە ناچار بوو مووشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا بکڕێت، چونکە هەر پاشەکشەیەک لەو بارەوە دەبووە هۆکاری ئەوەی کە کێشەی زیاتری بۆ درووست بێت لە سوریا. ڕوسەکان سوریایان زیرەکانە بە کار هێنا بۆ ناچارکردنی تورک، بۆ نموونە کاتێک یەکەمجار تورکیا وەرچەرخا بۆ دەستکردن بە گفتوگۆ لە بارەی موشەکەکانەوە لەگەڵ ڕوسیادا، ڕوسەکان ڕێگەیان بە تورکەکان دا کە جەرابلوس بگرن، هەتا ڕێگری بکەن لە پێکەوەگەیاندنی عەفرین و بەشەکەی تری ڕۆژئاڤا، کە بنەمای شەڕی عەفرین بوو دواتر. دەتوانین بڵێین ئەردۆغان بە هەوڵی یاریکردنی خۆی گیرۆدەی تەڵەی پووتین کرد.

دووەم، ئەم گیرمانە بە دەست پووتینەوە، ئەمەریکاییەکانی زیاتر بە گومان کرد لێی و بووە هۆکاری دوورکەوتنەوەی زیاتر. نەک هەر ئەمەریکا، هەموو ئەندامانی ناتۆ کە مووشەکی پاتریوتیان هەبوو لە تورکیا مووشەکەکانیان کشاندەوە، وەک هۆڵەندا و ئەڵمانیا، هەروەها ئەمەریکاش. ئەم کشانەوانە و ئامادەنەبوون بۆ پێدانی مووشەک تورکی زیاتر بەرەو ڕوس پاڵنا. بە جۆرێک کە چیدی تورکیا باوەڕی بەوە نەبوو کە لە لایەن ناتۆوە دەپارێزرێت لە کاتی مەترسیدا. ئەمە بەشێکە لە باری دەروونیی سیاسیی تورک، دەبینین پارتی کۆماری ئۆپۆزسیۆنیش بە هەمان شێوە بیر دەکاتەوە و پشتیوانیی کڕینی مووشەکی ئێس ٤٠٠ـە.

سێیەم، ئەوەی جێگای سەرنجە کە تورکیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا هەوڵی کڕینی مووشەکی لە چین، ئەورووپا (ئیتاڵیا و فەڕەنسا) هەروەها ئەمەریکا داوە، بەڵام پاشان دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناچاری کرد لە ڕوسیای بکڕێت. ئەمە بۆ خۆی دەرخەری نەخشەی کێبڕکێی زلهێزەکانە لە دونیادا، بە تایبەتی لە چەند دەیەی داهاتوودا. ڕوسەکان پێگەی تورکیا و کات و ململانێکانیان قۆستەوە.

چوارهەم، ئەم هەنگاوەی تورکیا کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر هەموو بوارەکان، بە تایبەتی دۆخی ڕۆژئاڤا. ماوەی پێشوو هەست بە بەرەوپێشچوون دەکرا لەو بوارەوە، کاتێک جیمس جێفری لە هەوڵی دوو پڕۆسەدا بوو، یەکەم هێنانی هێزی وڵاتانی تر بۆ ڕۆژئاڤا و دووەم، دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی جنێف بە ئاڕاستەی نووسینی دەستوورێکی نوێ بۆ سوریا. لەگەڵ ئەمەشدا ئاماژەدان بەوەی کە هێزی ئەمەریکی لە ناوچەکە ناکشێتەوە.

ئەمەریکا کۆمەڵێک بژاردەی هەیە، هەتا ئێستا هێمن و بێدەنگە. بەڵام بێگومان پەیوەندییەکە ناتوانرێت وەک جاران بمێنێتەوە، چونکە ئەگەر ئەمەریکا بێ وەڵام بمێنێتەوە ئەوا سەرتاپا سیستمی ناتۆ تووشی کێشە دەبێت لەوەی کە چۆن باڵادەستی و نهێنی و جۆری چەک و زانیاری بپارێزرێت. گەر لە مێژوو بنواڕین، سەرباری ڕۆڵی جیۆپۆلەتیکی گرنگی تورکیا بۆ ناتۆ، بەڵام پەیوەندییەکە ئاسان نەبووە. هەرچەند لە ڕابردوودا کێشەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ پەیوەندیی نەبووە بە ئاسایشی ئەمەریکا و ئەورووپاوە، ئەمجارە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە. بێدەنگی نیشانەی سەختیی بژاردەکانە.

29/07/2019



وتارەکانی تری نوسەر