ماریا و هەڵۆ وەک کەپڵ

د. سه‌ردار عه‌زیز

دواین پەتا کە پانتایی مەجازی کوردستانی باشوری گرتوەتەوە کێشەی ماریا و هەڵۆیە. ماریا گۆرانیبێژە و هەڵۆش مەلایە. مەلاکە جنێوی بە هونەرمەندەکە داوە. بۆ تێگەیشتن لەم ڕوداوە، دەکرێت لە چەندین ئاستی جیاوازدا قسەی لە سەر بکرێت: لە ئاستی ململانێی ئاین و هونەر، لە ئاستی چۆنێتی پەرچەکرداری خەڵك، لە ئاستی چۆنێتی بەکاربردنی سیاسی و ئایدەلۆژی، هەروەها لە ئاستی هەڵاوساندنی روداوی هاکەزایی بۆ پۆشینی ڕوداوی گرنگ، کە بە گشتی پیشەی میدیایە. 
لێرەدا حەزئەکەم چەند سەرنجێکی خێرا تومار بکەم:

یەکەم، یەکەم خەسڵەتی ئەم ڕوداوە، ڕوکەشی و سادەیی و هاکەزایی و پوچێتیەتی. وەک هەمو ڕوداوەکانی تری لەمجۆرە، بۆ ماوەیەکی کەم هەڵایەک دروست دەکات و خێرا دەچێتە خانەی لە بیرچونەوەوە. ئایا چیە کە روداوەکان هێندە تەمەنیان کورتە؟ چیە وەها دەکات کە بە چەند ڕۆژێک بگەنە لوتکە و پاشان خێرا لە بیربچنەوە؟ یەکەم وەڵام لەم ڕوەوە بەرخۆرێتیە، کۆنسیومەریزم. ئەم ڕوداوانە بەشێکن لە ڕوداوەکانی دونیای بەرخۆرێتی. بەرخۆرێتی ڕەفتارێکی ئایدەلۆژیانەیە، لە گەڵ سیستەمێک بۆ بەهاکان و هەروەها سیستەمێکی پەیوەندیکردنە، وەک بۆدریلارد دەڵێت. لێرەدا ئێمە سیستەمی بەرخۆری وەک جۆرە ڕەفتارێک وەها دەبینین کە بریتیە لە گەشەپێدانی جۆڕیک لە پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکان و شتەکان و شمەکەکاندا کە لە سەر بنەمای بەکاربردن و چێژلێبینین وەستاوە. مرۆڤ لە سیستەمی بەرخۆریدا دەبێتە چەق و زەمینەی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت کە بەکاربەرێت لە پێناو چێژ و خۆشیدا، کە لە ئەنجامدا بە سودی ئەوانی تر دەشکێتەوە.
پەیوەندی بەخۆری پەیوەندیەکی ئەخلاقی نیە، مرۆڤ لە گەڵ ئەوەی بەکاری دەهێنێت هیچ پەیوەندیەکی نیە جگە لە بەکارهێنان. لەم سیستەمەدا مرۆڤ چەق نیە، هەرچەندە بەکاربەری سەرەکیە، بەڵکو ئەو بونەوەرەیە کە چێژ و ئارەز و هەست و سۆز و کینە و ڕقی هەمو ئیدارە دەدرێت لە ڕێگای بەکاربردنەوە. 
ئەو ڕوداوانە لە شێوەی روداوی ماریا و هەڵۆ بەشێکن لە ڕوداوە تەمەن کورتە مەسرەفگەراییەکان، کە بەردەوام ماوە ماوە پانتایی مەجازی دونیای ئێمە دەهەژێنێت. 
دوەم، ئاستی بەرخۆرێتی جیاوازە، کاتێک ڕوداوێک ڕودەدات کەسەکان و هێزەکان و خاوەن بەرژەوەندیەکان هەریەکە و هەڵوێستی خۆی هەیە، ئامانجی خۆی هەیە. بۆیە هەرگیز گەورەبونی ڕوداوێک پەیوەندی نیە بە گرنگی و گەورەیی ڕوداوەکەوە، بەڵکو زیاتر پەیوەستە بەوەی کە کێ و چۆن دەتوانرێت بە سود بێت و بەکارببرێت. ڕونە کە هەمو ڕوداوێک چەندین ڕەهەندی هەیە، کە سود بە لایەنی جیاواز دەگەیەنێت. بۆیە بەرخۆرێتی چەند ئاستە.

سێیەم، کاتێک ڕوداوێک لە ئاستی هاکەزایی و میدیایی و ڕوکەشدا دەمێنێتەوە، هەرگیز بیر لە کرۆک و قوڵی و فەلسەفەی ناکرێتەوە، ئەوا جەندێک گرنگ بێت، بە ڕوداوێکی کۆنترۆکراوی موزەیەف دەمێنێتەوە. بە هەمو پێوەرێک ماریا و هەڵۆ سەر بە هەمان دونیان، بە هەمان شێوە هەست دەکەن و بیر دەکەنەوە. لەم چیرۆکەی ئەماندا سێ کاراکتەر هەیە، ژنێک، پیاوێک لە گەڵ ئاژەڵێکی مەجازی کە دەڵ یان سەگی مێینەیە. پیاوێک بە ژنێک دەڵێت دەڵ. ئەمەش دەبێتە هۆکاری سوکایەتی. لە زمانی ڕۆژانەی کوردیدا دەربڕینی دەڵەقۆر زۆر باوە، کە بۆ وەسفی ئافرەتێک بەکاردێت کاتێک پیاوێک یان ژنێکی تر بیەوێ جنێوی پێبدات. کەواتە ئەگەر ئێمە جیاوازتر لە بەرخۆری بیربکەینەوە دەبێت کەلتوری خۆمان دادگایی بکەین کە چۆن ئەم جۆرە دەربڕینانەی بەرهەم هێناوە. 

چوارهەم، لە ئاستکی تردا ئێمە لە هەناو هەمان حیکایەتداین. بۆچی مرۆڤی ئایندار هەست بە سوکایەتی دەکات کاتێک بە ئاژەڵ دەشوبهێنرێت؟ ئەمە بەشێکە لە حیکایەتی یان پارادایمی ئاین بۆ مرۆڤ. لە ئایندا خودایەک هەیە، کە خالقی هەمو شتێکە، مرۆڤ لە نێو ئەم مەخلوقانەدا باشترین دروستکراوە، هەمو ئەو شتەکانی تری گەردون بۆ مرۆڤ تەخسیرکراوە. بەم پێیە پلەبەندیەک هەیە، خودا، مرۆڤ، ئاژەڵ و بونەوەرەکانی تر. بۆیە هاوتاکردنی مرۆڤ و ئاژەڵ لای مرۆڤی ئاینی دەبێتە مایەی سوکایەکی چونکە لە پلەی نزم دەکرێتەوە، لە مرۆڤبون دەخرێت. لە هەناو هەمان حەکایەتدا مرۆڤ بۆی هەیە بەو شێوەیەی کە خۆی بەباشی دەزانێت مامەڵە لە گەڵ ئاژەڵەکاندا بکات. مرۆڤ ئاغای ئاژەڵە، لە کوشتن و لێدان و ئازاردان و بەکاربردن و قڕکردن و زۆر شتی تر. بۆیە ماریا و هەڵۆ سەربەهەمان دونیان، کە خۆیان بە باڵاتر لە ئاژەڵ دەزانن و بە سوکایەتی دەزانن کە بخرێنە ڕیزی ئاژەڵانەوە. 

پێنجەم، دەکرا ئەم روداوە بوارێک بێت بۆ بیرکردنەوە لە عەلمانیەت، لە دین، لە هونەر لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، لە ژن لە پیاو لە کەلتور، لە موزیک، لە چێژ. بەڵام هیچ کام لەمانە نیە. بەڵکو وەک ڕوداوێکی تەمەن کورتی موزەیەف چەند ڕۆژێکی تر دەچێتە خانەی لە بیرچونەوەوە. دیارە پرسی یادەوەری و لەبیرمانەوە و لە بیرچونەوە، بواری سیاسی و فەلسەفی ئاڵۆزن، کە ناکرێت لێرەدا قسەیان لە سەر بکەین. بەڵام لە هەمانکاتا ڕوداوێکی بێ زیان نیە. لە دونیای کوریدا، کاتێک کۆمەڵێک جەمسەرگیری دروستکراوە، پیویستە هەمیشە خواردنیان بدرێتی بۆ ئەوەی لە ژیان بەردەوام بن. ئەم ڕوداوانە درێژە بەم جەمسەرگیریە دەدەن و هەرگیز کرۆکی ڕاستەقینەی خۆیان نمایش ناکەن.

شەشەم، موزەیەف بونی ئەم ڕوداوە لە هەناو سیستەمێکی سیاسی تایبەتدا ڕودەدات کە من لە تێزی دوکتۆراکەم دەربارەی مۆدێرنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامرازکردن ناوی دەبەم. هەردو کایەی ئاین و کایەی هونەر بە تایبەت هونەری گۆرانی، کە زیانی بۆ پەزەکان نیە، زۆرترین سودمەندبون لە داهاتی گشتی. هەردوو لە دوو کایە هەرە نزیکەکانی دەسەڵاتن، نوخبەی دەسەڵاتدار وەک ئامراز بەکاریان دەهێنێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاین و بەرەی نا ئاینی هەمیشە لە پەیوەندیەکی بەکاربەرانەی کۆنترۆڵکراودا ئیسراف دەکرێن. لە ئەنجامدا نە گفتوگۆ دێتە ئاراوە، نە دیالیکتیک بەرهەم دێت، نە لەیەکگەیشتن دروست دەبێت. 

ئەوەی دەبێت ئەوەیە کە دەرفەتێک دەڕەخسێت هەتا پرەکان خۆیان بەتاڵ بکەنەوە، بەتاڵەکان خۆیان پڕ بکەن بۆ ڕوداوێکیتر، هەندێک ڕەحەت بن و هەندێکی تر توڕە. هەتا ڕوداوێکی تری موزیەف بە خوای گەورەتان دەسپێرین.

16/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر