خوێندنەوەیەکی سەرەتایی بۆ بڕیارەکەی ترەمپ

د. سه‌ردار عه‌زیز
درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر ١١ی شەو، کۆشکی سپی بەیانێکی بڵاوکردوەتەوە کە هاوشێوەی بڕیارەکەی هاوینی پێشوی ترامپە. لە بەیانەکەدا ترەمپ دەڵێت بەمزوانە تورکیا دەستدەکات بە چونە ژورەوە بۆ باکوری سوریا. ئەم هەنگاوە لە بەیاننامەکەدا وەک پلانێکی کۆنی تورکیا لە قەڵەم دراوە.
.
هێزە ئەمریکییەکان پشتیوانی ئەم هەنگاوە ناکەن و بەشداری تیادا ناکەن. سوپای ئەمریکا پاش تێکشکانی داعش، چیدی لەوێ نابێت، بەیاننامەکە دەڵێت.
.
بڕگەی دووەمی بەیاننامەکە باس لەوە دەکات کە ئەمریکا هەوڵی زۆری داوە لە گەڵ وڵاتانی ئەوروپی : فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەوانیتر بۆ ئەوەی داعشە بەندکراوەکانیان وەربگرنەوە، بەڵام ڕازی نەبوون. ئەمریکا ئامادەنیە ئەم بەندیانە لای خۆی بهێڵێتەوە کە ساڵانێکی زۆر بەند دەبن و تێچونی زۆری دەوێت.
.

ئەمە پوختەی بەیاننامەکەیە.

بەیاننامەکە کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە:
.
یەکەم: هاوشێوەی بڕیارەکەی پێشوی ترەمپە. بڕیارەکەی پێشوی ترەمپ ، یەکێك بوو لە هاندەرەکانی حکومەتی تورکی کە بڕوا بەوە بهێنێت کە ترەمپ هاوڕای ئەردۆگانە، بەڵام ئیدارەکەی دژیەتی، بۆیە تورکەکان هەمیشە لەو بڕوایەوە کاریان دەکرد، کە دەرئەنجام بڕیار بڕیاری ترەمپ دەبێت.
.
دووەم: ترەمپ و ئەردۆگان بڕیار وەهابو لە کۆبونەوەی نەتەوە-یەکگرتوەکان یەکتر ببینن، ئەردۆگان پێش سەفەرەکەی ئەمەی بە جەماوەرەکەی ووت لە ئاسکی-شەهیر، بەڵام هەرچەندە ئەردۆگان لە خوانە گشتیەکەی ترەمپدا بەشدار بوو، بەڵام ڕوبەڕو یەکتریان نەبینی، وەها دیارە ئەم تەلەفونە لە بڕی دیدارەکە بوە.
.

سێ: چونکە ڕۆژی یەکشەممە، نزیکەی نیوەشەو بوە، ئەوانەی چاودێرن دەڵێن ترەمپ پرسی بە کەس نەکردوە. ئەمەش وەها دەکات کە بپرسین، ئەمرۆ کە سەرەتای هەفتەیە، ئیدارەی ترەمپ چی دەڵێت، بە تایبەتی کە لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا پەنتاگۆن ئاگاداری تورکیایان کردەوە لە نەهاتنە ناوەوە.
.
چوار: داڕشتنی بەیاننامەکەی ترەمپ زیاتر بە ئاراستەی ناوخۆیە. بە گشتی چەند تەوەرەیەک لە خۆی دەگرێت: یەکەم، کۆتایی هێنان بە داعش، دوەم، کشانەوەی سەربازی ئەمریکی، سێیەم، ئامادەنەبون بۆ پارە خەرجکردن بۆ وڵاتانی تر.

.چوارەم: سپاردنی ئەرک بە ئەوانیتر. پێنجەم، بڕیاردان لە بەرامبەر سەرسەختی ئەوانیتردا. ئەمانە هەمو خەسڵەتەکانی خیتاب و دیدی ترەمپن، لە گەڵ دەنگدەرانیدا.
.
پێنجەم، لە کاتێکدا کە وەرزی بانگەشەیە، ئەم بڕیارەی ترەمپ نەک تەنها لە لایەن ئیدرارەکەیەوە، بەڵکو لە لایەن ڕکەبەرانیشیەوە دەبێتە جێگەی ڕەخنە. چونکە، وەها دیارە کە بڕیارێکی تاکە کەسیە. بەڵام ترەمپ هێندە گوێ بە دەرئەنجامەکەی نادات، گرنگ ئەوەیە کە ئەو هەنگاوەکەی ناوە، ئەوەش گرنگترین شتە بۆ دەنگدارانی، کە بە گشتی خەڵکانی کەم ئاگا و گوێپێنەدەرن بۆ کێشە دەرەکیەکان.
.

شەشەم: ترەمپ خۆی لە ئێستادا لە دۆخێکی سەختدایە پاش ئەوەی کە کۆنگریس لێپێچینەوەیان دەستپێکردوە لە هەوڵەکانی ترەمپ لە گەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا، دەربارەی گەندەڵیەکانی کوڕەکەی جۆ بایدن. ئایا ترەمپ قەیران دروست دەکات بۆ پۆشینی قەیرانەکەی.
.
لەمڕۆوە پەرچەکردارەکان دەردەکەون. هەرچەندە ئیدارەکە ئێستا لاوازترە لە جاران. نەمانی خەڵکانی وەک ماتییس و بۆڵتن، گۆڕانکاری کردوە لە ڕەوتی سیاسەتی ئیدارەکە.


.


ئەم هەنگاوە بە خێرایی ڕونادات. دیارە کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، بەڵام ئەمریکاش هیچ سودێکی لێنابینیت.

07/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر