دەنگی پێی چینیەکان

د. سه‌ردار عه‌زیز

کاتێک چوینە ناو ئاسانسۆری باڵەخانەکەوە، دەنگەکە سەرەتا بە زمانی چینی قسەی کرد، پاشان زمانە ئینگلیزییەکەش هەر بە سەدای چینی بوو. ئێمە لە هەولێربوین. چینییەکان لێرەن. لە داهاتوشدا زیاتر دێن. ئەمە نیشانەکانی سەردەمێکی نوێیە. هاتنی چینیەکان تەنها بۆ ئێرە نیە، بەڵكو بۆ هەمو جێگایەکە لە دونیادا. گەیشتنیان بۆ ئێرە نوێیە، چونکە ئێرە بە گشتی پانتایی ئەمریکایە. ئایا چینیەکان چۆن دێن، بۆچی دێن؟ ئەم پرسیارانە دەرئەنجامی دۆخێکی نوێن کە دونیای ئەمڕۆ تیایدا دەژی.

 

چەند دەیەیەک لەمەوپیش خەڵکانێک لە کوردستان هەبون خۆیان بە ماوی دەناساند، بەڵام ئەدەبیاتێکی ئەوتۆ لە کوردستان بونی نیە دەربارەی ماوییەکان. گەشتنی ماوییەت بە جێگاکانی تر، لە نێویاندا کوردستانیش، بەشێک بو لە یاریەکانی جەنگی سارد. ئەمریکا ماویەتی پێباشتربوو لە لینینیەت (ستالینیەت)، چونکە وەک دژ بەکاردەهێنران لە یاری هاوسەنگی هێزدا. بەڵام ئەم پاشخانە لە کوردستان هێندە ڕون نیە. جولیا لۆڤیلل مێژوییەکی گلۆبالی دیاردەی ماویزمی نوسیوە، بێگومان باسی کوردی نەکردوە.

 

لە پاش ئایدەلۆژیا، کە لە سنورێکی تەسکدا مایەوە، ئاشنابونی خەڵک بە چینیەکان سەرەتا لە ڕێگای کاڵاکانیانەوە بوو. کاڵای چینی هەتا چەند ساڵێک لەمەوپێش وەها دەبینرا کە کاڵای هەرزان و بێ کواڵیتی بێت، بەڵام ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بە تایبەت چین بۆ هەر ناوچەیەک بە پێوەرێکی تایبەت لە سەر بنەمای توانای ئابوری جۆری کاڵاکان دروست دەکات. بەڵام هاتنی کاڵای چینی تەنها بۆ ئێرە نیە بەڵکو دیاریدەیەکی جیهانیە.

 

ژاپۆنیەکانیش لە سەرەتادا وەهابون. بەرهەمهێنانی کاڵاکانیان بە هەمان قۆناغدا تێپەڕیوە کە ئەمڕۆ چینیەکان پیایدا تێدەپەڕن. بەڵام ئامادەیی چینیەکان تەنها لە کاڵادا قەتیس نەماوە، بەڵکو پەل دەکێشێت بۆ بواری تری زۆر. ئایا چینیەکان هەمان ڕێچکەی ئەوروپاییەکان و ئەمریکا دەگرن لە هاتنیان بۆ ئێرە، یان شێوازێکی جیاوازیان هەیە؟ لە ناوەندە فیکری و ئەکادیمییەکانی ڕۆژئاوادا پرسی ئەوەی ئایا چینیەکان بەرەو کوێ دەڕۆن، چۆن بە دونیادا بڵاودەبنەوە، ئایا هاوشێوەی ڕۆژئاوان یان جیاوازن، مشتومڕێکی زۆری لە سەرە.

 

چینیەکان بە فەرمی نایانەوێت بە هەمانشێوەی ڕۆژئاواییەکان لە دونیادا ئامادەبن. ئەمە کرۆکی خیتابی سەرەکییانە. ئەوان خۆیان بە قوربانی کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی دەزانن و هەوڵ دەدەن کە بە هەمان چاو نەبینرێن. بەڵام ئایا فەراهەمکردنی ئەمە لە ئاستی واقیعدا ئاسانە؟ چین بۆیە دەخوازێت لە سنوری خۆی تێپەڕێت و ڕێگای ئاورشمینی کۆن ببوژێنێتەوە چونکە پێویستی پێیەتی. وەک چۆن گەشەی پیشەسازی و ئابوری و زانستی و حوکمداری وڵاتانی ئەوروپای پاڵنا بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆیان بە مەبەستی دەست گەیشتن بە سامانی ئەوانیتر، ئەمە بە هەمانشێوە بۆ چینیەکانیش ڕاستە. بەڵام چینیەکان ئەمڕۆ تەنها سامانیان ناوێت، بەڵکو لە هەمانکاتدا کڕیار و بازاڕیشیان دەوێت، چونکە چین لانکەی بەرهەمهێنانی زۆرترین کاڵایە لە دونیادا.

 

ئێمە ناتوانین پرسی هاتنی چینیەکان هەروا بە پەراوێزی و بێبایەخ ببینین. ڕەنگە چینیەکان خۆشیان خوازیاری ئەوە نەبن کە بکەونە ژێر ڕوناکی زۆرەوە، بەڵام ئەمە بۆ ئێمە پرسێکی ترە. هاتنی چینیەکان نیشانەی گۆڕانی دونیایە. گۆڕانی دونیا کاریگەری ڕاستەوخۆی چەند لایەنەی هەیە لە سەر ژیان و ژیاری ئێمە، بمانەوێت و نەمانەوێت. بۆیە دەبێت بیر لە پاشخانی بەرفراوانی ئەم وەرچەرخانە بکەینەوە.

 

بە هەڵکشانی چین وەک جەمسەرێکی بەهێز لە سیاسەتی جیهانیدا، ئێمە دەخاتە نێوان سەنتەرەکانی ململانێ لە جیهاندا. کۆتایی هاتنی قۆناغی هەژەمۆنیەتی ڕۆژئاوایی، دونیا بەرەوە ناسەقامگیرییەک دەبات کە ئەگەری ململانێ و شەڕی هەیە.

 

لە دونیادا سێ جێگا ئەگەری هەیە کە ببێتە گۆڕەپانی ئەم ململانێیە، ئەوانیش سنوری ڕوسیا و ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڵ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. ئێمە لە ناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین، خاکی ئێمە دەبێتە گۆڕەپانی ئەم ململانێیانە.

 

ماوەیەک لەمەوپێش شاندێکی عێراقی سەردانی چینیان کرد. عێراق بە فەرمی بەشێکە لە پرۆژەی یەک پشتێنە، یەک ڕێگا. ئەوانەی کە دۆستی تیورەی پیلانگێڕین دەڵێن ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی خۆپێشاندانەکانی باشوری عێراق. بە هەرحاڵ پلانی عێراق و چین گەورە و بەرفراوانە. دەکرێت لە دروشمی نەوت بەرامبەر بوژانەوەدا کورت بکرێتەوە، لە سەر هەمان سەدای نەوت بەرامبەر خۆراک. عێراق یانزە لە سەتی پێداویستی نەوتی چین دابین دەکات، ئەمە وەها دەکات کە عێراق ببیتە جێگایەکی بە بایەخ بۆ چین، بۆیە دەکرێت لە داهاتودا جۆرەکانی تری سیاسەت و دیپلۆماسی ببینین. دیپلۆماسی نەرم و دیپلۆماسی گشتی و کوردی چینی زان و هەروەها شارەزای کاروباری چین.

 

چینیەکان لە هەموو شتێکدا لە ڕۆژئاوا جیاوازن، لە دونیابینی، فەلسەفە، مامەڵەی هێز، خۆبینین، مامەڵەکردن لە گەڵ ئەوانیتردا. ئایا مامەڵەی ئێمە لە گەڵ ڕۆژئاوادا چ ئەزمونێکی پێبەخشین بۆ ئەوەی لە گەڵ مامەڵەکردن لە گەڵ چیندا سودی لێببینین؟


27/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر