ئێران و ئەمریکا بەرەو کوێ؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە ماوەی رابوردودا مایک پۆمپیو بوە بە کەسی هەرە سەرەکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ. ئەم وەرچەرخانە پاش ئەوە دێت کە خەڵکانێکی زۆر ڕۆشتن و وەزیری بەرگری ئێستا ئیسپەر، هەرچەندە هاوڕێی پۆمپیویە، بەڵام کەسێکی هێندە کاریگەر نیە، بە تایبەتی ئەگەر بەراورد بکرێت بە کەسێکی پڕ ئەزمونی وەک جیم ماتییەس.

بە سەنتەربونی پۆمپیو ڕوداوێکی هێندە هاکەزایی نیە. مایک پۆمپیو لە سەرەتادا دژ بە کاندید و کەسایەتی دۆناڵد ترەمپ بوو. لە ڕۆژانی دوایی هەڵبژاردندا ئەو پشتیوانی مارکۆ ڕۆبیو بوو. ئەو بروای وەها بوو کە ترەمپ کەسێکی ترسناکە و دوورە لە بەهاکانی مەسیحیەتەوە. بەڵام وەک زۆرێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان، کاتێک ترامپ بوو بە ئەمری واقیع، ئەویش بە دوای ئەوەدا گەڕا کە کارێکی دەستکەوێت لە ئیدارەکە. پۆپیو، کە بە هەژارترین کەسی ئیدارەکە دادەنرێت، کەسێکی ئێجگار ئاینیە و لە باڵێکی مەسیحی تایبەتە. یەکەم پۆستی پۆمپیو سەرۆکی دەزگای سیخوڕی ئەمریکی سی ئای ئەی بوو. لەم پۆستەدا کارێک کە گرنگە بۆ ئەم بابەتەی ئێمە لێرەدا دەستنیشانکردنی  کەسیكە بە ناوی میشێل  دیئەندیریایە.

 

ئەم کابرایە کە کۆمەڵێک نازناوی هەیە، لە لایەن پۆمپیوە کرا بە بەرپرسی سەنتەرێکی تایبەت بە چاودێری ئێران. دیئەندیریا لە خێزانیکەوە هاتوە کە مێژویەکی درێژیان هەیە لە ئەندامێتی سی ئای ئەی. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، کاتێک لە خۆرهەڵاتی ئەفریقابوو بۆ کارەکانی ئافرەتێکی موسوڵمان دەناسێت لە وڵاتی  میرۆشویس  و بۆ ئەوەی مارەی بکات دەبێتە موسوڵمان. دیئەندیریا چەندین نازناوی هەیە لەوانە ئەمیری تاریکی، ئایەتوڵا مایک. ئەم بە کەسێکی وەها ناسراوە کە بەردەوام کار دەکات و کەسی سەرەکی بوە لە ڕاوەدونانی سەرکردەکانی ئەلقائیدە و هەروەها سەرپەرشتی درۆنەکانی کردوە.

دیاریکردنی ئەو بە سەرپەرشتی ئێران ئاماژەیەکی ڕون بوو بەوەی کە پۆمپیو هەڵوێستێکی توندی هەیە بەرامبەر ئێران. لێرەدا گرنگە لە پاشخانی ئاینی پۆمپیو تێبگەین بۆ ئەوەی لەم هەڵوێستە تێبگەین. 

دەکرێت بە ئاسانی بڵێین کە پاڵنەری هەڵوێستەکانی پۆمپیو و هەروەها مایک پێنس، کە هەردوکیان وەها دائەنرێن کە دوو کەسی سەرەکی بن لە ڕازیکردنی ترەمپ بە بڕیاردانی بۆ کوشتنی قاسم سلێمانی، ئاینیە. هەردوو ئەمانە سەر بە کڵێسایەکی تایبەتن لە ئاینی مەسیحیدا کە بە مەسیحیە زایونیستەکان ناسراوە. ئەم گروپە ئاینیە بڕوایان وەهایە کە عیسا دێتەوە و کاتێک دێتەوە لە ئیسرائیلەوە دێتەوە و ئازار چەشتنی خەڵكی جولەکەش هەموو بە زەمینە ڕەخساندنی هاتنەوەی عیسایە.

پۆمپیو لە چەندین بۆنەدا ترەمپی چواندوە بە شاژن ئیستەر. چیرۆکی شاژن ئیستەر چیرۆکێکی تایبەتە لای جولەکەکان و مەسیحیە زایونیستەکان. ئەم ئافرەتە کە ناوی ئیستەربوە، لە سەردەمی  خەشاریارشای یەکەم لە پێشبڕکێیەکی شاجواناندا دەبێتە شاجوان. ئەم ئێرانی نیە، بەڵکو وەک دیلی شەڕ هێنراون بۆ ئێران. کاتێک دەبێتە شاجوان خەشاریارشا دەیەوێت بیخوازێت. کە دەبێتە شاژن، حاخامی جولەکەکان لەوەی ئاگادار دەکاتەوە کە هامانی وەزیر پلانی جینۆسایدی جولەکەکانی هەیە، دەبێت ئیستەر ڕزگاریان بکات. ئیستەر دەترسێت داوا لە شا بکات بۆیە دواوا لە شا دەکات کە ئاهەنگێک سازبکات. لەو ئاهەنگەدا هەوڵی ئەوە ئەدات کە وەزیر وەها تاوانبار بکات کە دژ بە شایە. ئیستەر سەرکەوتو دەبێت لەم کارەیدا و بەو جۆرە لە بڕی ئەوەی هامان جولەکەکان لە ناو ببات، شا ئەو لە ناو دەبات.

پۆمپیو بانگەشەی ئەوە دەکات کە ترەمپ هەمان ڕۆڵی ئیستەر دەبینێت لەوەی کە ئیسرائیل یان جولەکە لە ئیرانیەکان ڕزگار دەکات کە دەیانەوێت جینۆسایدیان بکەن. 
ئەم پاشخانە ئاینیە پاڵنەری سەرەکی پۆمپیویە بۆ هەڵویستەکانی دژ بە ئێران، مایک پێنس لە گەڵیدا هاوڕایە چونکە ئەویش سەر بە قوتابخانەی مەسیحیە زایونیستەکانە.
 
ئێستا پۆمپیو نەک تەنها وەک دیپلۆماتی یەکەم، بەڵکو لە بواری بڕیاری سەربازیشدا کاریگەرە، هەروەها پەیوەندی تایبەتی هەیە لە گەڵ دەزگای سی ئای ئەیدا. بەڵام لە هەموی کاریگەرتر ئەو پەیوەندییەیەتی لە گەڵ خەڵکە باوەڕدارەکەی کە دەنگدەری ترەمپن. ئەمەش وەهای لێدەکات کە ترەمپ بە ئاسانی نەتوانێت وەها مامەڵەی لە گەڵدا بکات کە هیچ سەنگ و قورساییەکی نیە و بە ئاسانی لە کاری لابات ئەگەر لە گەڵیدا ناتەبا بێت. هەرچەند ترەمپ، بە تایبەی لە سەرەتاوە گاڵتەی پێدەکرد، بۆ نمونە، کاتێک لە کۆریا بوون، پۆمپیو و ئیڤانکا پێکەوە دەبن، کە ترەمپ دەیانناسێنێت بە کۆرییەکان، دەڵێت جوانی و دڕندەیی، مەبەستی لەوە بوو کە ئیڤانکا جوانییە و پۆمپیوش دڕندەیی. بەڵام ئەو یەکێکە لە کەسە سەرەتاکان کە هەتا ئێستا ماوەتەوە.


17/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر