بەهەشتچێتی

د. سه‌ردار عه‌زیز

چونە بەهەشت یەکێکە لە پرسە هەرە گەورە و ئاڵۆزەکانی ئاین، بە تایبەتی ئاینی ئیسلام لە ساڵانی ڕابوردودا. وەرچەرخانێکی گەورە ڕویداوە لە فەلسەفەی بەهەشت، کە وەرچەرخانێکی کوشندە و ترسناکە. فەلسەفەی بەهەشت دەبێت بەم شێوەیە بێت، ئەگەر چاکەیەک بکەیت، ئەوا چاکەیەکی گەورەتر چاوەڕێت دەکات لە بەهەشت. بە هەمانشێوە فەلسەفەی دۆزەخ بریتیە لەوەی کە ئەگەر خراپەیەکی گەورە بکەیت، ئەوا خراپەیەکی گەورەتر چاوەڕێتە.

ئەو وەرچەرخانەی بە تایبەتی لە گەڵ هاتنی ئیسلامیە جیهادییەکاندا ڕویداوە بریتیە لەوەی کە چونە بەهەشت بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی خراپە. ئەمە بە تایبەتی بە فۆکەسکردن لە سەر عیبادەت لە بڕی چاکە.

ئەم وەرچەرخانەیە لە پشت دیاردەی خۆکوژییەوەیە. خۆکوژ وەها سەرمەست دەکرێت کە ئەنجامی کارەکەی بەهەشتە، بەبێ گوێدانە کوشتنی مناڵ و پیر و بێتاوان. ئەم وەرچەرخانە دەبینین کە چۆن تەشەنە دەکات بۆ بوارەکانی تر.

بانگەشەکردن بۆ چون بۆ نوێژی هەینی لە کاتێکدا کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی مردنی خۆت و ئەوانیتر، مردن شەهادەتە و شەهید دەچێتە بەهەشت، ئاستێکی ترە لەم وەرچەخانە تەکفیرییە.

لە کاتێکدا ئەگەر لە ڕوانگەی چاکەوە تەماشای بکەین دەبێت بەم شێوەیە بێت: چونت بۆ نوێژی هەینی کە ئەگەری هەیە ببێتە مایەی ئازار و کوشتنی ئەوانیتر، کارێکی چاک نیە. بەڵکو زیانی بۆ گشت هەیە، هەر کارێکی زیانبەخش بێت بۆ ئەوانیتر لە لایەن خوداوە جێگای پاداشت نیە. بۆیە کەسێکی زیانبەخش بۆ کۆمەڵگا نابێت بچێتە بەهەشت.

ئەم فەلسەفەیە کە دەڵێت: عیبادەت هیچ پەیوەندی بە چاک و خراپەوە نیە، بەڵکو دەبێت بەبێ گوێدان بە چاکە و خراپە عیبادەت بەو شێوەیەی کە دەزگای ئاینی بانگەشەی بۆ دەکات جێبەجێ بکرێت، جێگای تێڕامانە.

نابێت عیبادەت و چاکە لە یەک جودا بکرێتەوە. نابێت بانگەشە بکەین بۆ خۆکوژی لە ژێر خەیاڵی بەهەشتدا، چونکە ئیسلام دژ بە خۆکوژییە.

نابێت عیبادەت بکەین بەبێ بیرکردنەوە، چونکە کاتێک پەرستن بەبێ بیرکردنەوە ئەنجام دەدرێت ئەوا جگە لە کارێکی میکانیکی هیچی تر نیە. ئەم دیاردەیە پێویستی بە تێڕامانی زیاترە. تەنها مرۆڤی بیرکەرەوە خاوەنی ئەخلاقە.


04/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر