جەنگی کۆرۆنای چین و ئەمریکا؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

چەند دەیەی ڕابوردوو، دەگمەن بوو لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، چونکە ململانێی زلهێزەکانی تیادا نەبوو. بەڵام وەها دیارە ئەو ڕۆژگارانە کۆتاییان هات و ئێمە پێ-ئەنێینەوە سەردەمی ململانێی زلهێزەکانەوە. ئەمە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا دۆخێکی ئاسایی بوە. دۆخی نائاسایی سی ساڵی ڕابوردوو بوو، کە تیایدا ئەمریکا باڵا دەست بوو وەک تەنها زلهێز لە دونیادا و ململانێی زلهێزەکان بونی نەبوو.

 
لە سەردەمی نوێی فرە زلهیزیدا چیدی شەڕەکان وەک جاران نیە. ئێستا ئامراز و بواری جەنگ زۆر جیاواز و گۆڕاوە. لە سەردەمی جەنگدا هەموو ڕوداوێک بەکاردەهێنرێت بۆ لێدانی یەکتر. کورد دەبێت لە هەموو کەسێک زیاتر بەمە ئاشنا بێت چونکە لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، لە نەوەدەکانەوە ئێمە لەم دۆخەدا دەژین، هەموو شتێک خێرا دەگۆڕێت بۆ ململانێی نێوان دوو زلهێزەکەی کوردستانی باشور.

 
کۆرۆنا ڕەنگە یەکەم ڕوداوی سەدەی بیست و یەک بێت کە بە ئاستێکی زۆر بەرز لە نێوان ئەمریکا و چیندا بەکاردەهێنرێت وەک ئامرازی جەنگ.

 
کۆرۆنا وەک ڤایرۆسێک بەرهەمی ململانێی نێوان چین و ئەمریکا نیە، ئەمە لە میانەی فرەیمی ململانێی زلهێزەکاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە. کورد و کۆمەڵگانی تر خێرا دەبنە قوربانی ئەم دۆخە چونکە دەمێکە پەتای تیورەی پیلانگێڕی تیایاندا ڕەگی داکوتاوە.

 
تیورەی پیلانگێڕی لە هەموو خەسڵەتێکدا لە ئاین دەچێت. بەڵام بە چڕی لە لایەن خەڵکانی سەر بە بەرەی چەپ بانگەشەی بۆ دەکرێت. بە گشتی پیلانگێڕی لەلایەن خەڵکانی پەڕگیر و توندڕەوەوە وەک ئامرازێکی سەرەکی بەکاردەبرێت بۆ ئاسانکردنەوەی دونیا و شیکردنەوەی ڕوداوە ئاڵۆزەکان. ئێستا لە کوردستان لە بومەلەرزەوە هەتا ڤایرۆس و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت هەمووی پیلانە.

 
بۆچی چین و ئەمریکا ئەم جەنگە دەکەن؟

 
هەمیشە پاڵنەرەکانی هەر کارێک زیاترە لە یەک هۆکار. بۆیە بە کورتی چەند هۆکارێک ئاماژە پێئەدەم، لەو کتێبەی لە سەر چین دەینوسم زیاتر دەچمە تان و پۆی ئەم هۆکارانەوەوە.

 
یەکەم، ترەمپ کاتێک دەنگدەرانی دەدوێنێت ئەوا تاوانبارکردن و ناشیرینکردنی چین کارێکی قبوڵکراو و باشە، چونکە دەنگدەری ترەمپ وەک دوژمن تەماشای چین دەکەن. وەهای دەیبینن کە بەرپرسە لە بردنی هەموو کارەکانیان.

 
دووەم، ئەمریکا لە نەوەدەکانەوە تاوتوێی کۆمەڵێک پرس دەکات لەوانە: ئایا چین بەرەو دیموکراسی دەچێت؟ ئایا چین شارستانی دەبێت یان دەبێت بە شارستانیەتێکی تایبەت بە خۆی؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە هەمیشە ئاڵۆزبوە و چەندین دید و تیورەی جیاواز هەیە لە بارەیانەوە.

 بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردودا نوخبەی سیاسی ئەمریکی بەرەو ئەوە دەڕوات کە چیدی بڕوا بەوە نەکات کە چین بەرەو دیموکراسی دەچێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە جەنگ لە نێوان چین و ئەمریکادا حەتمیە. چین خۆی لە هیچ هێندەی ئازادی و دیموکراسی ناترسێت. ئەمە پێویستی بە تێگەیشتنی مێژویی و فیکری چینە، لە کتێبەکەماندا ئەمە ئەکەین.

بۆیە جێگای سەرسوڕمان نیە کە جەنگ لە پڕوپاگەندە و ئیمیج و پی ئاڕەوە دەست پێبکات.

 
سێیەم، چین دەیەوێت ببێتە هێزێكی جیهانی. بۆ ئەوەی ئەمە بە ئاسانی روبدات چین پێویستی بە وێنایەکی جوانە لە دونیادا. ئەمە خەمی گەورەی چینە. کاتێک ئەمریکا بە کۆرۆنا دەڵێت ڤایرۆسی چینی، ئەوا چین وەک ناشیرینکردن و جەنگی دەبینێت. بۆیە لە پەرچەکرداردا چین دەیەوێت ڤایرۆسەکە بخاتە ملی ئەمریکا. ئەمە پروپاگەندەی جەنگە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕاستی و پیلانگێڕی دەبینرێت.

 
چوارهەم، ئەم جەنگی نێوان دوو زلهێزە ئاراستەی خەڵکانی تر دەکرێت، چونکە هەردوولا لە هەوڵی ئەوەدان کە وێنای یەکتر ناشیرین بکەن لای ئەوانی تر. لە پێناو ئەمەدا، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا دەزگای زۆر و ئامرازی زۆر بەکار دەبەن. بە تایبەتی ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییە مەجازییەکانەوە، زۆرترین خەڵكی گۆی زەوی دەتوانرێت زانیاری و پڕوپاگەندەی پێبگەیەنرێت. فەیسبوک بەهەشتی تیورەی پیلانگێڕی و شەڕی پروپاگەندەیە، چونکە دەگاتە زۆرترین خەڵک و زۆرینەی خەڵك بە ئاگانیە لە پارادایمی ململانێی زلهیزەکان و بە دوای تەفسیری سادەی ڕوداوەکاندا دەگەڕێت.


ئەم سەدەیە پڕ دەبێت لەم جۆرە شەڕانە. ئێمە پێویستمان بە ڕۆشنبیری خوێندەوارە بزانێت ئەم جەنگانە لە چ چوارچێوەیەکدا دەسازێن و ئامانجیان چیە و ئاراستەی کێ دەکرێن، ئەگینا زوو زوو دەبینە قوربانی. بەڵام ڕۆشنبیری خوێندەوار دیاردەیەکی دەگمەنە. هەروەها زمانی دەربڕین و پەیوەندی ئێمە هێشتا هێندە ئاینی و سادە و قیامەتی و پیلانگێڕییە، ئاسان نیە زانستیانە پێی بدوێیت. بە دڵنیاییەوە ئێمە تۆپی شەقشەقێنی زلهێزەکان دەبین لە سەدەی بیست و یەکدا. بە خێربێن بۆ تۆپتۆپێن تا تۆپین.


22/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر