کورد لە سەدەی بیست و یەکدا

د. سه‌ردار عه‌زیز

چی سەدەی بیست و یەک لە سەدەی بیست جودا دەکاتەوە؟ کۆمەڵێک خەسڵەتی زۆرە، بەڵام هەرە سەرەکییەکان ئەمەیە: هەڵوێست و بەرژەوەندی ئەمریکا.

 
بە کورتی ئەمریکا هەتا ئەم دواییە، بە هەمان شێوازی سەردەمی شەڕی سارد مامەڵەی دەکرد. ئەم مامەڵەکردنە بریتی بوو لە پاراستنی بازرگانی جیهانی، دابینکردنی ئاسایشی دەروازەکان، ئامادەبون لە دونیادا و لە سەروی هەمویەوە هاوکاری ئەو وڵاتانەی کە لە گەڵ ئەمریکادابوون. ئەم هاوکارییکردنە بەشێک بوو لە نەریتی شەڕی سارد کە ئەمریکا پێی دەڵێت دیپلۆماسی دۆلار.

 
لە سەدەی بیست و یەکدا هەموو ئەمانە کۆتایی دێت. چیدی ئەمریکا بە پێویستی نازانێت هاوکاری وڵاتێک بکات بۆ ئەوەی دۆستی بێت، چونکە ئەمریکا هیچ مەترسی لە سەر نیە. لە هەمانکاتدا چیدی ئەمریکا وڵاتی بازرگانی نیە هەتا خەمی سیستەمی هاتوچۆ و ڕێڕە و دەروازەکان بخوات. لە هەموی گرنگتر چیدی ئەمریکا پێویستی بە وزە نیە لە دەرەوە. هەموو ئەمانە هەڵوێستی ئەمریکا دەگۆڕێت، بەبێ جیاوازی سەرۆکەکانیان. بۆ نمونە ڕەنگە کەس هێندەی ئۆباما و ترەمپ جیاواز دەرنەکەون، بەڵام هەتا ئاستێکی زۆر لە کرداردا وەک یەکن بە تایبەتی لە سیاسەتی دەرەوەدا.

 
ئۆباما داوای لە وڵاتای ناتۆ دەکرد کە بودجەی سەربازییان لە ٢٪ بڕی بودجەیان کەمتر نەبێت. ترەمپ بە زمانێکی تر دەڵێت دەبێت وڵاتان پارە بدەن بۆ دابینکردنی ئاسایشییان.

 
هەندێک لە بیرمەندانی جیوپۆلەتیک دەڵێن هەڵویستی ئەمریکا دەگۆڕێت بەرامبەر ئاسایش لە جیهاندا. چیدی ئاساییە لە جیهاندا ناسەقامگیری هەبێت. ئەمریکا لە ڕێگای کشانەوە و دوورە پەرێزی بەشداری دەکات لە دروستکردنی ئەو پشێوەیەدا. بە مانایەکی تر دونیا بەبێ ئەمریکا ناتوانێت سەقامگیری خۆی ڕابگرێت. بەڵام ئێمە دەگوێزینەوە بۆ سەردەمێک کە ناسەقامگیری دونیا لە قازانجی ئەمریکادایە، چونکە کاریگەری ئەوتو ناکاتە سەر ئەمریکا. لە هەمانکاتدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بە ترلیون دۆلار لە دونیاوە بچن بۆ ئەمریکا وەک جێگایەکی سەقامگیر، کە پێی دەڵێن فڕینی سەرمایە.

 
لە سەدەی بیست و یەکدا هەموو وڵاتێک بۆ ئەوەی بتوانێت بە سەقامگیر و گەشاوە بمێنێتەوە پێویستی بە کۆمەڵێک بنەمایە:

 
یەکەم، دەستی کاری لاو. زۆربەی زۆری دونیا، دەبنە خەڵکی نیمچە پیر و زۆر پیر لە سەدەی بیست و یەکدا. ئەمە پرسێکی ئێجگار ئاڵۆزە ، لە دەرفەتی تردا بە تایبەت قسەی لە سەر دەکەین.

 
دووەم، هێزی سەربازی کاریگەر. سەربازیی تەنها سیستەمێکی دابینکەری ئاسایش نیە. زۆربەی زۆری داهێنانەکانی دونیا، هەر لە کۆمپیوتەرەوە هەتا هەموو بەشەکانی مۆبایل فۆن و زۆر شتی تر، داهێنانی پەنتاگۆنن لە سەرەتادا.

 
سێیەم، وزە. وزە لە دونیادا بە شێوەیەکی نایەکسان دابەشبوە، بۆیە گەیاندن و دابینکردنی دەبێتە پرسێکی گەورەی سەدەی بیست و یەک.

 
چوارهەم، خواردن. وەک وزە هەموو وڵاتێک خاوەنی توانای دابینکردنی خۆراکی خۆی نیە. بۆیە بەبێ ئەمریکا پرسی برسێتی لە دونیادا جارێکی تر بە چڕی سەرهەڵئەداتەوە.


لە دونیایەکدا کە ئەمریکا لێی دەکشێتەوە، نەخشەی دونیا جیاواز دەبێت.

 
زۆر وڵات لاواز دەبن و هەندێک وڵات گەشە دەکەن. ئەو وڵاتانە کامانەن جێگای مشتومرە. بەڵام لە بەر کۆمەڵێک هۆکار کە لە داهاتودا باسی دەکەم تورکیا لە لایەن زۆرێک لە چاودێرانی جیوپۆلەتیکەوە وەک وڵاتێکی دەبینرێت کە دەبێت بە هێزێکی هەرێمی لە ناوچەکەدا. ئەگەر تەنها یەک هۆکار باس بکەین ئەوەیە کە بە کشانەوەی ئەمریکا و لاوازبونی ئەوروپا هیچ کام لە وڵاتانی ناوچەکە، سوریا، عێراق، ئێران توانای ئەوەیان نابێت سەقامگیر ببن و بگەشێنەوە. هەموو ئەمانە کارێگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر داهاتوی ئێمە.


07/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر