سیستەمی ئابوری هەرێمی کوردستان

د. سه‌ردار عه‌زیز
ئایا هەرێمی کوردستان چ جۆرە سیستەمێکی ئابوری هەیە؟ قەیرانی چیە؟ دەبێت چ سیستەمێکی ئابوری هەبێت؟ سەرەتا هەندێک بڕوایان وەهایە کە هەرێم ئابوری نیە، هەتا سیستەمی هەبێت، ئەم قسەیەم لە زۆر شوێن بیستوە. بەڵام بەڕای من ئابوری هەیە و سیستەمیش هەیە، بەڵام نە گونجاوە و نە سودبەخشە.
ئەگەر چەمكیک هەبێت سیستەمی ئابوری هەرێمی کوردستانی پێ پێناسە بکەین چەمکی قۆرغکارییە، یان مۆنۆپۆلی. دیارە دەبێت بە ئاگاییەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم چەمکەدا بکەین. مۆنۆپۆلی لە ئابوری بازاڕدا یان ئازاددا ڕەنگە بێتە ئاراوە، بۆ ماوەیەک یان هەتا ئاستێک، بەڵام ئەو مۆنۆپۆلییە، پەیوەستە بە نرخەوە، زۆر جیاوازە لە مۆنۆپۆلی هەرێم. قۆرغکاری هەرێم یان قۆرغکاری لە هەناو ئابوری هەرێمدا کارێکی ئابوری نیە، هێندە سیاسی و هێزە.
لای مارکس و ئادەم سیمیسیش کەڵەکەکردنێک هەیە پێش کەڵەکەکردنی سەرمایەدارییە، سیمیش ناوی دەنێت کەڵەکەکردنی پێشتر، مارکس ناوی دەنێت کەڵەکەکردنی سەرەتایی، پریمەتیڤ. لای مارکس کەڵەکەکردنی سەرەتایی یان بەرایی ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگی هەیە، ئەو بۆ ئەوەی بۆ خوێنەرانی ڕون بکاتەوە بە گوناهی یەکەمی ناو ئاینی مەسیحی و ئاینەکانی تری دەشوبهێنێت، دیارە ئەو چەمکی تیولۆجی بەکاردەهێنێت. وەک دەزانن هەموو سیستەمی ئاینی لە سەر بنەمای گوناهێک بونیادنراوە کە ئادەم لە بەهەشت کردی. بەوجۆرە سیستەمی سەرمایەداری لە سەر بنەمای کەڵەکردنی سەرەتایی بونیادنراوە.
بێگومان لە هەرێم ئێمە لە قۆناغی کەڵەکەکردنی سەرمایەداین، لە هەمانکاتدا لە هەناو سیستەمی سەرمایەداریدا نین، بەو جۆرە کە سەرمایەداری بانگەشەی بۆ دەکات. چونکە سەرمایەداری بە هەموجۆرێک دژ بە قۆرغکارییە. کەواتە مانای چیە سیستەمێکی ئابوری بەرایی هەبێت لە سەر بنەمای قۆرغکاری.

سەرەتا دەبێت کار لە سەر سەرەتا بکەین. سەرەتا سیستەمی هەرێم بە دەستبەسەراگرتن دەست پێدەکات. بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت دەست بە سەر شتێکدا، بوارێکدا، سەرچاوەیەکدا بگرێت، دەبێت هێزی هەبێت، ئەگینا ناتوانێت دەست بە سەراگرتنەکەی بپارێزێت. کەواتە ئێمە لە سەرەتادا ئابوریمان نیە، بەڵکو هێزمان هەیە کە دەست دەگرێت بە سەر سەرچاوەکاندا و دەبێتە خاوەنی. بەڵام ئەم خاوەندارێتیە دەبێت بپارێزرێت و هێزەکە دەبێت بەردەوامی پێبدرێت و بۆیە جۆرێک لە سیستەم دێتە ئاراوە، کە فراوانکردنی خاوەندارێتیە لە ناو ئەوانەدا کە دەتوانن مەترسی دروست بکەن بۆ دەست بە سەراگرتنەکە. لێرەوە توێژێک لە خەڵکانی خاوەن هێزی خاوەن سەرمایە دروست دەبن. دەکرێت ئەمە کرۆکی سیستەمی بەرایی یان سیستەمی پێشینەی ئێمە بێت. بەڵام ئەمە گەشە دەکات و مۆدێلی تری لێدەبێتەوە.
بەڵام قۆرغکاریی وەک سیستەمێک هەرچەندە پەرە بسێنێت هەر سنوردار دەمێنێتەوە. قۆرغکاریی هەمیشە زیاتر پشت بە هێز و سیاسەت دەبەستێت لەوەی بە ڕێسای ئابوری. بۆیە ناتوانین قسە لە سەر ئازادی بکەین کاتێک قۆرغکاری کرۆکی سیستەمەکەیە. ناتوانین قسە لە سەر دەرفەت بکەین کارتێک کە قۆرغکاری کرۆکی سیستەمەکەیە. ناتوانین باس لە گەشە بکەین کاتێک باس لە قۆرغکاری دەکەین.
کەواتە پێش ئەوەی باس لە سیستەمی ئابوری بکەین، دەبێت باس لەوە بکەین کە ئایا ئەو سیستەمە سیاسیە چیە کە ئابورییەکەی تیادا دێتە دی و چ جۆرە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ئابوری و سیاسەتدا. ئەگەر لە تیورەکانی ئاچەمئۆغلۆ و جەیمس بنواڕین بە لای ئەوانەوە قۆرغکاری هۆکاری سەرەکی هەژارییە لە وڵاتانی دواکەوتی ئابوریدا. لە هەمانکاتدا قۆرغکاری ڕێگەرە لە داهێنان و پێشکەوتن و کێبڕکێ و بیری نوێ و هاتنە ناوەوەی ئەکتەری نوێ.
قۆرغکاری دەسەڵات بەخشە، بۆ نمونە ئەگەر سیاسیە کوردەکان بیانەوێت کەسێک ببیتە ملیونێر، ئەوا زۆر بە ئاسانی لە هەفتەیەکدا دەیکەن بە ملیونێر. تەنها بۆ نمونە زۆرجار ڕێگری دەکەن لە هاتنی کاڵایەک، پاش هەفتەیەک هاوردەی ئەو کاڵایە لەلایەن کەسێکەوە ڕێگەی پێدەدرێت، ئینجا لە نامەویەکی کورتدا ئەو کەسە دەبێتە ملیونێر. ئەمە زەقترین نمونەی دابەشکردنی قۆرغکارییە.
قۆرغکاری شۆڕ دەبێتەوە بۆ هەناو هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا. بۆ پۆست، بۆ دەرفەت، بۆ هاوکاری، بۆ پرۆژە، بۆ هەموو شتێک.
قۆڕگکاری جۆرێکە لە کۆنترۆڵ کە لە درێژمەودادا دەبێتە هۆی کوشتن. ئەمە کرۆکی زۆر سیستەمە لە دونیادا. سیستەمی سۆشیالیزمی یەکێکە لە دەرکەوتە باڵاکانی، بەڵام سیستەمی دیکاتۆریەتی وڵاتانی سێ، سیستەمی حوکمی حیزبی، زۆر سیستەمی تریش پەیڕەوی دەکات.
یەکێک لەو هەوڵانەی کە ویستویەکی بە گژ ئەم جۆر سیستەمەدا بچێتەوە دیدی بزوتنەوەی گۆڕان بوە، هەرچەندە هێشتا وەک دیدێکی تیوری فۆرمەلە نەکراوە. دەکرێت بڵێین کە دیدی گۆڕان بەم جۆرەیە: داهات لە قۆرغکاری حیزب و کەسەکانی بێتە دەرەوە، بدرێتە دەست حکومەت، لە ڕێگای حکومەتەوە بە سەر کەرتەکانی کۆمەڵگادا دابەش بکرێت. چونکە لە سیستەمەی قۆرغکاری هەرێمدا حکومەت ڕۆڵی پاراستن و مەیسەرکردنی قۆرغکارییەکەی هەیە، نەک بەڕێوەبردنی خواستی خەڵک.
کرۆکی سیستەمی قۆرغکاری دوبارەبونەوەیە. لە هەناو ئەم دوبارەبونەوەدا مەرگ بەرهەم دێت. چونکە کێبڕکێ و داهێنان و نوێبونەوە و بەرەوپێشچون بونی نیە. هەموو ئەمانە کرۆکی سیستەمی سەرمایەدارین. لە سیستەمی سەرمایەداریدا نابێت هیچ کەسێک یان کۆمپانیایەک بۆ هەمیشە قازانج بکات، دەبێت قازانج هەتا ئەو ساتە بێت کە کۆمپانیاکە بێ ڕکەبەرە. بەڵام لە سیستەمی ئازاد و کراوەدا نابێت هەمیشە کۆمپانیایەک بێڕکەبەربێت.
ئێمە ناتوانین باس لە ڕیفۆرمی سیاسی بکەین هەتا ئەم قۆرغکارییە تێک نەشکێنین. بۆ نمونە ئەگەر کەسێک بیرۆکەیەکی هەبێت، بە هیچ شێویەک ناتوانێت بیکاتە پرۆژە، چونکە نە پارە و نە دەرفەت و نە سەرمایە و ئەگەر بواری لە بەردەمدایە، هەموو ئەمانە قۆرغکراون. ئابوری قۆرغکراو کەس یان هێزی قۆرغکەر دەهێنێتە ئاراوە، کە هەمیشە دەبێت هەموو جوڵەیەکی ئابوری بە سودی ئەوان یان بەشێک لە سودی ئەوان بێت.
دەکرێت پرسیارەکان بەمجۆرانە بێت:
یەکەم، چۆن لە کەڵەکەکردنی بەراییەوە بگوێزینەوە بۆ سەرمایەداری؟
دووەم، چۆن لە قۆرغکارییەوە بگوێزینەوە بۆ ئازاد یان کراوە؟
سێیەم، چۆن لە کوشتنی دەرفەتەوە بگوێزینەوە بۆ پەرەپێدانی دەرفەت؟


ئابوری قۆرغکاری جۆرێکی تایبەت لە سیستەمی ئابوری بۆخۆی دروست دەکات. یان جۆرێک لە پاڵپشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بۆ نمونە زۆربەی زۆری سۆشیال میدیای کوردی، بەشێکی زۆری میدیای کوردی، بۆ پاڵپشتی ئەم سیستەمە کار دەکات، بۆیە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوان ئەوەی سەر بە چ لایەنێکی لە کوردستان، سەر بە هەر لایەنێک بیت، سەر بە یەک سیستەمی کە سیستەمی قۆرغکارییە. سیستەمی قۆرغکاری بێزاری و هەست بە سوکایەتی و ئیهانە لای خەڵکی بە تایبەتی لاوان بەرهەم دێنێت. چونکە لەم جۆەر سیستەمەدا هەرگیز توانا و بەهرە و هەوڵ و لێهاتویی نرخی نیە. بەڵکو پاڵپشتی و لایەنگیریی و ئەندامێتی سەنگی هەیە.

01/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر