بۆ هاوڕێم کاک عەزیز ڕەئوف ڕەخنە لە نەوشیروان مستەفا

د. سه‌ردار عه‌زیز


لە دایەلۆگێک لە گەڵ نوسینێکی کورتی مندا، لە سەر نەوشیروان مستەفا، کاک عەزیز ڕەئوف چەند خاڵێکی نوسیوە، کە شایستەی هەڵوێستە لە سەر کردنە. سەرەتا سوپاسی هاوڕێم کاک عەزیز دەکەم. گرنگە ئێمە ڕۆحی دایەلۆگ بگەڕێنینەوە بۆ ناو پانتایی ڕۆشنبیری و کەلتوری ئێمە: کە بە داخەوە لە ساڵانی ڕابوردودا کەلتوری جنێوی حیزب ژەهراوی کردوە.
نوسینەکەی کاک عەزیز شەش خاڵە، منیش لێرەدا هەوڵ ئەدەم لە گەڵیدا بکەومە گفتوگۆ.


پێش ئەوەی بێمە سەرخاڵەکان، دەبێت چەند ئاماژەیەک بدەم بە دۆخی گشتی دەقەکە و دۆخەکە. دەقەکە وەک ئاوڕدانەوەیەکە بۆ کار و هەوڵەکانی نەوشیروان مستەفا. لێرەدا چەمکی ئاوڕدانەوە گرنگە لە بەرچاو بگیرێت. ئاوڕدانەوە هەمیشە ئاسانترە لە ڕوانین بۆ پێشەوە. لە هەمانکاتدا ئاوڕدانەوە مانای ڕوداو و کردار و دەربڕینەکان دەگۆرێت.
لە هەمانکاتدا ئێمە لە ڕۆژگاریی توڕەییدا دەژین لە کۆمەڵگای کوردیدا. ئەم قۆناغە، زۆر کۆمەڵگای تر پیایدا تێپەڕیوە. لە ڕاستیدا پانکاژ میژرا لە کتێبی سەردەمی توڕەیی، وەک دۆخێکی دەبینێت کە پەیوەست بێت بە مۆدرێن بونی کۆمەڵگا و هاتنی ئاگایی و نادادپەروەی. وابزانم کۆمەڵگای ئێمە لەو دۆخەدا دەژی. بە هۆی مۆدێرنەوە سامان و سەروەت هاتوە بۆ کۆمەڵگای ئێمە. کۆمپانیای نەوتی مۆدێرنەیە، مۆبایل مۆدێرنەیە، ئۆتۆمبیل مۆدێرنەیە. لە گەڵ هاتنی ئەمانەدا ئاگایی و نادادپەروەری بەرهەم هاتوە. کە ئەنجامەکەی توڕەییە. توڕەیی کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتی هەیە. گەر نیتچەییانە لێی بنواڕین بە تایبەت لە کتێبی جینالۆجیای ئەخلاقدا، توڕەیی دۆخێکی ئەخلاقییە، کە کەسی توڕە، لای نیتچە کەسێکی لاوازە، بەڵام بە دروستکردنی دۆخێکی دەرونی تایبەت، خۆی بەباڵاتر دەبینێت لە کەسی لێ توڕەبوو. بەمجۆرە، دۆخێکی دەرونی بۆ خۆی دروست دەکات کە ئەو پاکتر و باڵاترە لە ئەویتر. یان لە دۆخی توندوتیژی و تەسلیمبون بە خەڵکی کاریزمای فشۆل، وەک مۆسۆلینی و هیتلەر و دۆناڵد ترەمپدا دەردەکەوێت. بە هەرحاڵ ئەم ئاماژەیە تەنها بۆ دەستنیشانکردنی دۆخی مێژویی کۆمەڵگای ئێمەیە. مەبەستم لە دۆخی مێژویی بە هیچ شێوەیەک چەمکێکی مارکسی نیە.


لە خاڵی یەکەمدا کاک عەزیز گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی و گۆڕینی کۆمەڵگا پێکەوە گرێئەدات. من لە ئەمەدا هاوڕای نیم. هەر هێزێک بیەوێت کۆمەڵگا بگۆڕێت بۆ زەمینە سازان بۆ سیاسەتەکەی ئەوا کۆمەڵگا و سیاسەتەکەی دەکاتە یەک. ئەم بەیەککردنە کوشتنی کۆمەڵگایە. کۆمەڵگا دەبێت لە فرەیی و زیندویی و جوڵە بەردەوام بێت و سیاسەت تەنها میکانیزمێکە بۆ گونجان و سازان و پێکەوەبونی جیاوازەکانی کۆمەڵگا. بۆیە ئەو دەسەڵاتانەی کە سیاسەت و کۆمەڵگا بە یەک دەکەن خولیایەکی تۆتالیتاریان تیادایە.
ئەمەش گۆرانێکە بۆ نەهێشتی ئەگەرەکانی یان پوتێنشاڵەکانی گۆڕان. بەڵام لە کۆمەڵگای زیندودا شتێک نیە ناوی دوا گۆڕانکاریی بێت.
کاک عەزیز باس لە مەزرای ئاژەڵانی جۆرج ئۆروێل دەکات. ئۆروێل دەقێکی ئاڵۆزی پڕلە سیمبولی نوسیوە لە سەر شکستی مارکسیزمی ستالینی. چۆن بەهاکانی دەسەڵاتخوازی لە هەناو دۆخێکی نوێدا وەک جاران زیندودەبنەوە. نازانم پەیوەندی چیە بە دۆخی کوردییەوە، بە تایبەت لە پەیوەست بە نەوشیروان مستەفا. ڕەنگە پەیوەندییەکە ئەوەبێت ئەگەر گۆڕان کادیری قاڵبوو بە فیکری گۆڕانخوازی نەبێت ئەوا دەبێتە یەکێک وەک ئەوانیتر. ئەمە پرسێکە ئێستاش لە ئارادایە کە ئایا گۆڕان بزوتنەوەیەکی جەماوەری بوو بۆ خواستی گشتی یان دەبێتە ببیتە حیزبی کادیر؟؟


خاڵی دووەمم کاک عەزیز باس لە پەنابردنە بەر دەنگدان دەکات وەک ڕێگایەک بۆ گۆڕین. بەلای ئەوەوە پەنابردن بۆ دەنگدان هەڵەبوو، چونکە دەنگدان ئەوەندە گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە کە کێ دەیژمێرێت. ڕاستە دەنگدان پرە لە فشار و تەزویر بەڵام بژاردەکانی تر سنوردابوو. ئەگەر هێزێکی سیاسی بەشداری لە دەنگداندا نەکات ئەوا دەبێت دوو بنەما بکاتە بنەما: یەکەم، شەقام بکاتە مەیدانی ململانێ و نکوڵیکردن لە سەرتاپا سیستەمەکە بکاتە ئامانج. دەرئەنجامی ئەمەش بێگومان شەڕ دەبوو، یان دۆخی بەهاری عەرەبی.

 
ئەمە لە هەمانکاتدا ئەو دۆخە دەهێنێتەوە یاد کە نزیکەی نیوسەدەیە لە ئەوروپا لە ئارادایە کە سەردەمی شۆڕش تێپەڕی. شۆڕش هیچ نیە جگە لە بەکاربردنی خواستی خەڵك بۆ ئەنجامدانی بەربەریەت و کوشتوکوشتارێکی زۆر.

فۆکۆ لە گەرمەی ئەم گفتوگۆیانەدا لە پاریسوە دێت بۆ تاران لە ڕۆژگاری ئینقیلابی ئێرانی، دەگەڕێتەوە و دەڵێت، کورە براینە شۆرش تەواونەبوە، تەماشاکەن لە ئێران چی دەگوزەرێت! بەڵام ئەمڕۆ ٩٠٪ خەڵکانی ئێران پەنجەی پەشیمای دەگەزن]

ەکرێت لە زۆر ئاستدا قسە لە سەر ئەمە بکەین. هەڵبژاردنی ڕێگای نێوان شەڕی ناوخۆ و شۆڕش کات کوشتن نیە، ئەگەر بە دیقەتەوە لە مێژوی ناوچەکە و جیهان بنواڕیت. تەنها بۆ نمونە لە ڕادیکاڵیزمی ئەفغانی و ئێرانی بنواڕە، بە هەردوو ئاستی چەپ و ئاینیدا، کە چی بەرهەمهێنا؟؟

 
یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، هەوڵدان بوە بۆ گواستنەوە لە میکانیزمی شەڕەوە بۆ میکانیزمی ئاشتی. هەموو کۆمەڵگاکانی دونیا باجێکی ئێجگار گەورەیان داوە هەتا لە میکانیزمی شەڕەوە بگوێزنەوە بۆ میکانیزمی ئاشتی. شکستی جەنگی جیهانی دووەم نەبوایە ئەڵمانیا نەدەبوە وڵاتێکی ئاشتی، بە هەمانشێوە یابان. هەرچەندە ئەگەر دیدی خەڵکانی وەک فۆکۆ و ئەگامبین وەربگریت، دەسەڵات و ئاشتی هەرگیز دانویان پێکەوەناکوڵێت.
من ناڵێم ئێمە ئەم گواستنەوەیەمان کردوە. چونکە ئەمە وەرچەرخانێکی شارستانیانە دەبێت. بەڵام هەنگاوێک نراوە. بە هیوام لە مێژوی گەلانی تر بنواڕیت لەمبارەوە.


خاڵی سێیەم، هەتا ئاستێکی زۆر پرسیارێکی گەورەی ناو مێژوو و فەلسەفەیە. بۆچی بنەماڵە بوەتە کرۆکی سیستەمی سیاسی کوردی، تەنانەت ئەوانەش کە دژی خۆیان بەیان دەکەن دەبنە پەیڕەوکەری، وەک لە یەکێتی و گۆڕاندا دەیبینین؟


پرسی فەلسەفی گەورە لێرەدا دوانن: هەردوکیان هەتا ئاستێکی زۆر نیتچەیین. یەکەمیان ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵگای ئێمە جگە لە دوبارە، دەتوانێت هیچ نوێیەک بەرهەم بهێنێت؟ پرسی بنەماڵە لە سەرەتادا لە سەنتەرێتی شەخسەوە دەستپێدەکات، کە لە هەموو حیزبەکاندا هەیە، پاشان ئەم سەنتەرێتیەی شەخس دەبێتە زەمینە بۆ بنەماڵە. دڵتەنگیە گەورەکە، ئەوەیە کە بنەماڵە جێگەی ناڕەزایی تەنانەت نەوەی نوێش نیە. کەواتە هێشتا ئێمە کایە تەقلیدیەکانی دەسەڵاتمان تێنەپەڕاندوە. پرسی دوەمی فەلسەفی ئەوەیە ئایا لە میانەی نەیارێتیدا، نەیارەکان وەک یەکیان لێدێت، بە ئاگایی و بێئاگایی؟؟ ئەمە ئەو ترسەیە کە نیتچە لێیمان ئاگادار دەکاتەوە، کە کاتێک شەڕی دڕندە دەکەین دەبێت ئاگامان لە خۆمان بێت نەبینە دڕندە. ئەمە دیسانەوە پرسی دوبارەیە. وەها دیارە دوبارەکردنەوەی ئەویتر ئاسانترە لە دژایەتیکردنی.

 
بنەماڵە دەبێت بکرێتە یەکەیەکی مەعریفی و هەڵوەشێنترێتەوە. چونکە دەرکەوت دروشم ناتوانێت ئەو کارە بکات. ئێمە لە بەرامبەر بنەماڵەدا لە دۆخێکی دوفاقیدا دەژین، لە لایەک دژین، بەتایبەت کاتێک ئەویترە، بەڵام لە کاتێکدا دەبێتە بەشێک لە خۆمان زۆر ئاسایین. پرسیارێکی گەورەیە، بۆچی جەماوەری یەکێتی دوای نیوسەدە لە پۆزلێدان بەو دروشمانەوە، ئێستا ئاسایین لە گەڵیدا؟


خاڵی چوارهەم، دەربارەی چیەتی سیاسەت و هەڵەی گۆڕانە لە سیاسەتدا. لای کاک عەزیز سیاسەت سێینەیەکی هەیە: پەروەردە، ڕێکخستن، لە گەڵ چالاکی. من سیاسەت وەها نابینم. من دژ بە سیاسەتی پەروەردەم. دەکرێت کادیر پەروەردە بکرێت، ئەگەر حیزبی کادیرت هەبێت. بەڵام ئەوە دژ بە کرۆکی فەلسەفی گۆڕانە، کە ئازادییە. کاتێک حیزبی کادیر بەرهەم دەهێنێت دەبێت ئایدەلۆژیایەکی تۆکمە هەبێت و هەموو کادیران و ئەندامان وەک توتی بیڵێنەوە. ئەوجا دۆخێک دروست دەبێت کە هەموو ئەندام و کادیرەکان وەک یەک قسە دەکەن و کۆمەڵگا پڕ دەبێت لە ڕۆبۆتی حیزبی. پەروەردە ئەوەنیە کە کەسێک ڕابهێنیت لە سەر کۆمەڵێک پرینسیپ، بەڵکو ئەوەیە کە مرۆڤێک هێندە بەرپرسیاربێت کە خۆی بتوانێت حوکمی خۆی بکات.

 
سیاسەت بریتیە لە هونەری بەشداریکردن لە پانتایی گشتیدا بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ جیاوازەکاندا بە ئاراستەیەک کە لەیەکگەیشتن و سازان و هاوبەرژەوەندی بێتە ئاراوە. زاڵكردنی هەر دیدێک بەرامبەر دیدێکی تر لە ئەنجامدا سیاسەت کۆتایی دێت.

 
کرۆکی سیاسەت فرەیی و پاراستنی فرەیی و مامەڵەکردن لە گەڵ فرەییە. ئەمە سیاسەتی حیزبی نیە، بەڵکو کاری سیاسی بە گشتی.

 
خاڵی پێنجەم مایەی نیگەرانییە، چونکە باسی چەمکێک دەکات کە من بە هیچ شێوەیەک ئاماژەم پێنەداوە. من بە هیچ شێوەیەک باسی پێغەمبەرم نەکردوە، هەتا کارەسات بێت. هەموو نوسینەکەی من لە سەر دونیابینی شیوەن بونیادنراوە.

 
شیوەن لە ئاستە فەلسەفیەکەیدا، کە لە جاک درێداوە وەرمگرتوە، جۆرێکە لە پەیوەندی لە گەڵ کەسێکدا کە مردوە، بەڵام لە یادەوەریی تۆدا وەک یادوەری ماوەتەوە. کەواتە لێرەیە و لێرە نیە. بۆیە ناکرێت بیدوێنێت بەڵکو دەبێت لە گەڵیدا بکەویتە گفتوگۆ و تێپەڕێنیت. من چەمکی ڕۆحم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە پاش کەسێکی کۆچکردو بەجێدەمێنێت. ئەم چەمکە وەک وەڕگێڕانی چەمکی سپێکتەر، کە ڕەگێکی تایبەتی لای مارکس و درێدا و ئەوانیتر هەیە.

 
خاڵی شەشەم، پرسی ئەوەیە ئایا کەسێکی تری وەک نەوشیروان مستەفا هەیە. بەڕای من نابێت هەبێت. من بڕوام بە سینگویلارێتیە، بە تایبەتمەندییە. هەروەها کێشەی گەورەم لە گەڵ ڕەهەندی ئەخلاقی دوبارەدا هەیە. بۆیە هەوڵی دوبارەکردنەوەی کەسێکی تر، هەمیشە کۆمیدیانە دەردەچێت. ڕەنگە ئەمە ڕەهەندە دوبارەکەی مارکسیی بێت.


ڕەخنەگرتن لە نەوشیروان مستەفا پێویستە. پەیوەندی ڕەخنەی، بە میتۆدی زانستی بریتی نیە لە کوشتنی کەسێک لە دوای مردنی. بەڵکو بریتیە لە دۆزینەوەی بۆشایی و کەموکوڕیی و کورتهێنانەکانی بۆ سودلێبینی.

 

بۆ من نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک ئەزمون و ئایدیایە.

 

هەموو کەسێک چالاک لە ژیاندا لە بواری جیاوازدا، لە میانەی ژیانی و پاش ژیانی هەمیشە دەبێتە خاوەنی چەندین شوناس.

 
وەک چۆن لە ژیانیدا چەندین نەوشیروان مستەفا هەبوو، ئەوا لە پاش ژیانیشی هەمیشە چەندین نەوشیروان مستەفا دەبێت.

 
جێگەی سەرسوڕمان نیە ئەگەر پرۆژەیەک هەبێت بۆ سفرکردنەوەی نەوشیروان مستەفا. بە تایبەتی کاتێک ئەم سفرکردنەوەیە لە سەر بنەمای تورەبون دروستدەکرێت. بەڵام کاتێک کە توڕەیی ڕەویەوە، دەزانین کە وەها نیە. ئەگەر نەوشیروان مستەفا سفربێت، دەبێت ئەوانیتر چی بن.؟

 
دەڵێن جارێک کادیرێکی پەکەکە لە گەڵ موسا عەنتەردا دەکەونە گفتوگۆ، کادیرەکەی پەکەکە، زۆر بە باوەڕ بەخۆبونەوە پێی دەڵێت، ئێمە لە سفرەوە دەستمان پێکرد. موسا عەنتەر لە وەڵامدا دەڵێت، زۆری ویست هەتا گەیاندمانە سفر. سفر لە ڕوی فەلسەفیەوە دۆخی ڕەهای نیوتراڵە. ئەگەر نەوشیروان مستەفا سفربێتەوە، دەبێت ئەوانی تر چەندیان بوێت لە خوار سفرەوە هەتا بگەنە سفر.

 


18/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر