دوای سی ساڵ چی؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

دوای سی ساڵ لە حوکمی کوردی زۆر شت ڕویداوە، زۆر شت گۆڕاوە. بەڵام زۆر شتێش وەک خۆی ماوە. هەندێک گۆڕانکاری بۆ پێشەوە بوون، هەندێک بۆ پاشەوە، هەندێک شکست، هەندێک جوڵەیەک.

 
ئەوەی زەقە و ماوە شەڕی ناوخۆیە. شەڕی ناوخۆی کوردی ئێستا بەشێکە لە ڕەفتار و کەلتور و ئەخلاق و ئاگایی. هێشتا زۆر کەمن ئەوانەی توانیبێتیان تێیپەڕێنن. شەڕی ناوخۆ فۆرمێکە کە لۆجیک دەبەخشێت بە نالۆجیک. جۆرێكی تایبەت لە لۆجیکی خۆی بەرهەم دەهێنێت.

 
ئەمە ئێستا لە کوردستان لە نەوەکانەوە دەگوێزرێتەوە و دەمەزەرد دەبێتەوە.

 
یەکێکی تر لە دیاردەکان کە لە سی ساڵی ڕابوردودا زۆر خاو یان هیچ گەشەی نەکردوە، ڕۆڵی مەعریفەیە. هێشتا مەعریفە کەمترین ڕۆڵ دەبینێت لە داڕشتنی دونیابینی خەڵكدا، لە بەڕێوەچونی سیستەمی حوکمڕانیدا، لە تێگەیشتن لە دونیا. بێ مەعریفەیی بە جۆرێکە کە خەڵكانێکی بێشومار بەبێ پرسیار، لە ئەنجامی پەرچەکردار، یان ململانێ، یان پڕوپاگەندەی شەڕی ناوخۆ، بە زۆر شت بڕوا دەکەن، کە هیچ بنەمایەکی نیە. بۆ نمونە خەڵك بروای وەهایە کە کورد توشی کۆرۆنا نابێت. دیارە کەس لە بنەڕەتدا بڕوای وەهانیە، بەڵام لە پەرچەکرداردا باوەڕ بە خۆی دەهێنێت و دەیکاتە بنەمای کرداری. ئەمە لۆجیکی شەڕی ناوخۆیە، کە چۆن نامەعریفە دەکاتە مەعریفە.
ڕەهەندێکی تری ترسناکی نامەعریفەیی ئەوەیە کە مێژوی ناوچەکە دەمێکە پڕە لە خەڵكی توڕە، پڕە لە ناڕەزایی دەربڕین، پڕە لە قوربانیدان و بەرخۆدان، بەڵام زۆر کەم شتەکان و نۆرمەکان و بەهاکان دەگۆڕین. ڕەنگە هۆکارێکی باڵای ئەمە ئەوەبێت کە ئەمە لە پرۆسەیەکی ڕوندا رونادات. هیچ مەعریفەیەک نیە کە دونیابینی بۆ دابڕێژێت. لە ئەنجامدا وەک هەڵچونێک دەمێنێتەوە و زۆرجار دەرئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.

 
ئەم لاوازی مەعریفییە وەهایکردوە کە ئاگاییەک نیە کە بتوانێت ئایدیا و دەزگا لە ئەزمون و ئەکتەر جوداکاتەوە. بۆ نمونە پەرلەمان بە تاوانبار دەزانرێت، نەک ئەزمونی پەرلەمانی و ئەکتەرەکانی.

 
دیاردەیەکی تر کە نەگۆڕاوە، کاریگەری باڵای یاری دوبارەیە کە کرۆکی یاری ئاینە. لای زۆرینەی خەڵك هەر شتێک دوبارەبوەوە ئەوا ڕاستە، هەتا زیاتر دوبارەبێتەوە ئەوا ڕاستترە. ئەم یاری دوبارەیە لە سەردەمی میدیای ٢٤ کاژێریدا کارێگەرییەکی زۆر خراپی هەیە لە سەر ئاراستەکردنی جەماوەر و کوشتنی ئارگومێنیت. ئەمە بنەمای پۆپیولیزمە.


لە ئێستادا، دوای سی ساڵ ئەوە رونە کە دوو مێژو هەیە: مێژویەکی مۆدرێن و مێژویەکی تەقلیدی. ئەم دوو ئاراستەیە لە پەیوەندییەکی ئاڵۆزدان. بۆ نمونە بۆچی فرە حیزبی و ڕۆشنبیریی فۆکۆیی و خوێندنی سویدی و سیستەمی نیمچە پەرلەمانی، بنەماڵە بەرهەم دەهێنێت؟ بە ڕونی چونکە ڕەهەندی تەقلیدی کەلتوری زاڵترە لە کەلتوری بێ-ڕەگی مۆدێرنە. هەر تەماشایەکی ئەوە بکە، کێ لە هەڵبژاردنەکاندا براوەیە؟

 
زۆرجار دەوترێت کورد لە دەرەوەی مێژوە، ئەمە وەک دروشمێک دوبارە دەکرێتەوە. بەڵام وەک مارکس دەڵێت مرۆڤەکان، یان پیاوەکان، مێژوی خۆیان دروست دەکەن، بەڵام بەوجۆرەی نا کە خۆیان پێیانخۆشە، مێژو لە هەناو دۆخێکدا دروست ناکەن کە خۆیان هەڵیانبژاردبێت، بەڵکو لە هەناو دۆخێکدا ئەنجامی دەدەن کە پێشتر لەوێیە، کە لە ڕابوردوەوە درێژەی هەیە.


لەم دیدەی مارکسەوە، ڕەنگە تۆ دۆزێکی ڕەوات هەبێ، بەڵام لە هەناو دۆخێکدا بەکارببرێیت بۆ پرسێکی تەواو جودا. بۆیە چەندێک گرنگە کە خواستت چیە، دە هێندە گرنگە کە میتۆد و ڕێگاکەت چیە؟


ئەوەی کە گۆڕاوە و جێگای سەرنجە و شایانی تیوریزەکردنە، لاوازیی یان کۆتایی حیزبە و سەرهەڵدانی جوڵانەوەی کۆمەڵایەتییە. ئەدەبیاتێکی زۆر هەیە لە سەر جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی نوێ، بە سود دەبێت بۆ تێگەیشتن لەم بوارە. بۆ نمونە مامۆستایان، کاسبکاران، دوکتۆرەکان و گروپەکانی تر دەتوانن جوڵە و فشار بکەن و دەستکەوتی سنوردار بە دەست بهێنن. بەڵام ئەمە هەموی لە دەرەوەی سیاسەتە. ئایا دوای سی ساڵ سیاسەت مرد؟


03/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر