تورکیا و کورد: چی دەگوزەرێت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

ئێستا دەتوانین بڵێین کە بە سەرکردایەتی تورکیا، هەر سێ وڵاتی عێراق و ئێران و تورکیا لە فشار و هێرش و شەڕدان دژ بە کورد. توپبارانی ئێران بۆ سنورەکان، داوای عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تر لە گەل تورکیادا دوور لە دەستی حکومەتی هەرێم، لە گوندی ئۆڤاکۆی، هێرش و توپبارانەکانی تورکیا، هەموو لە یەککاتدا بەڵگە و نیشانەی ئەم دۆخەن.

 
ئەندازیاری ئەم گەلەکۆمەیە لە ئێستادا تورکیایە. هەتا ماوەیەک لەمەوپێش چەند تێگەیشتنێکی هەڵە لە ئارادابوو کە ئەم ڕوداوانە هەمویانی پوچکردەوە. نمونەی ئەم تێگەیشتنە هەڵانە کە زۆر لە لایەن میدیای کوردییەوە بە گوێی خەڵكی کورددا دەدران: یەکەم، نەمانی ترسی دەرەکی لە سەر هەرێم، دووەم، نەبونی هەماهەنگی لە نێوان تورکیا و ئێران، بە تایبەتی دژ بە پەکەکە، سێیەم، نەمانی ترسی سەربازی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، یان هاوکاری نەکردنی عێراق بە مۆدێلی جاران دژ بە کورد.


چۆن تورکیا توانی ئەم هێزانە کۆکاتەوە؟

 
هەردوو عێراق و ئێران لە ژێر فشاری دارایی و ئابوری زۆردان. یەکێک لە ئامانجەکانی حوکومەتی کازمی ئەوەیە کە داهاتی غەیرە نەوتی دەست بکەوێت، یەکێک لەو سەرچاوانە کە داهاتی زۆر دابین دەکات دەروازەکانە. بونی ئامانجی تورکیاش بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تر لە نێوان عێراق و تورکیادا، هەردوو ئەم لایەنانەی لە یەکتر نزیک کردوەتەوە. ئەم دەروازەیە لە گوندی ئۆڤاکۆی تورکی دەبێت. وڵاتی عێراق لە پاش ڕیفراندۆم هەوڵیدا ئەم کارە ئەنجام بدات، بەڵام ڕێگریی هاتە ڕێی، ئیستا جوڵەی کۆماندۆکانی تورکیا لە نزیک زاخۆ دەکرێت بە ئەو ئامانجە بێت.


ئامانجی هەرە سەرەکی ئەم دەروازەیە جگە لە ئابوری، سیاسی و جیوپۆەلتیکیە. یەکەم، ئەو ترس و نیگەرانیەی تورکیا کۆتایی پێدەهێنێت کە دەبێت بە کورددا بگاتە عەرەب. چونکە تورکەکان دەیانەوێت ڕاستەوخۆ بگەنە عەرەب، وەک بازاڕ. دووەم، هەرێم گۆشەگیر دەکات و لە ڕوی ئابورییەوە هەژاری دەکات و سێیەم، هەرێم هێندەی تر ناچار بە تورکیا دەکات.

 
نزیکبونەوەی تورکیا و ئێران، جێگای سەرسوڕمان نیە، چونکە دوو وڵاتی خاوەن کەلتوری ئیمپراتۆری هەمیشە لە گەڵ پەراوێزەکانیاندا بەو جۆرە مامەڵە دەکەن. ئێستای ئێران پێویستی بە تورکیایە، چونکە هەژارە و لە ژێر ئابلۆقەدایە، تورکیا دەروازەیەکە بۆ فرۆشتنی غازی سروشتی و بە دەستهێنانی کاڵا و دەستکەوتنی داهات. بۆیە ئێران ئامادەیە چاوپۆشی بکات لە هێرشی تورک بۆ سەر کوردستان و پەکەکە. ئەوەی دەرخەری هاوپەیمانی نێوان ئێران و تورکیایە بۆردمانی تورکیایە بۆ کونەماسی کە بنکەی پژاکی تیادایە. دەکرێت ئەم هێرشە وەک دیارییەک لە لایەن تورکیاوە بۆ ئێران لێکبدرێتەوە، لە بەرامبەر ڕازیبون و پشتیوانی. چونکە ئێران لە ئێستادا خۆی ناتوانێت لە ئاسمانەوە کاری وەها بکات، تورکیا لەبڕی بۆی ئەنجام دەدات.


بەڵام ئەوەی ئاسانکاری کردوە کە ئەم وڵاتانە پێکەوە کۆببنەوە و گەلەکۆمە بکەن هەبونی زەمینەیەکە بەوەی کە دەبێت ڕێگری لە بەهێزبونی کورد بگیرێت لە ناوچەکەدا. هەرسێ وڵات هاوڕان لە سەر لاوازکردنی کورد. لێرەدا چەند فاکتەرێكی تر دەکرێت ئاماژە پێبدرێت.
ئایا تورکیا وەک یاریکەری سەرەکی ئامانجی چیە؟ هەتا ئێستا تورکیا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە عێراقدا نەبینراوە، بەڵکو ئەکتەرە سەرەکیەکان ئێران و ئەمریکابوون.


دوو خوێندنەوەی گشتی هەیە بۆ دۆخەکە: یەکەم، ڕێککەوتنی کورد و کورد لە ڕۆژئاوا، تورکیای خستە ئەو خانەیەوە کە ئەگەری دروستبونی یەکەیەکی کوردی هەیە لە ڕۆژئاڤا، بە پشتیوانی نێودەوڵەتی. پاشان قسە لە سەر ئەوە هەیە کە ئەو یەکەیە لە گەڵ تورکیادا ئاشتی بکەن. بەڵام تورکیا ئەو یەکەیە بە مەترسی دەبینێت چونکە وەهای دەبینێت کە لە لایەن پارتی کرێکارانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەم ترس و بەهانەوە تورکیا دەیەوێت پانتاییەکی ئاسایشی وەک بەفەر بە سەر سنورەکەیدا دروست بکات، هەتا ڕێگری لە هاتوچۆی گەریلاکان بکات لە باشورەوە بۆ ڕۆژئاڤا. ئەم ئامانجە لە گەڵیدا ئامانجی کشان بۆ باشور و بون بە ئەکتەرێکی لە سیاسەتی عێراقی و بەدستهێنانی دەستکەوتی ئابوری و سیاسی و جیوپۆلەتیکی. هەروەها ئەگەر بێتو یەکەیەکی تری هاوشێوەی باشور لە ڕۆژئاڤا دروست بێت ئەوا دەبێت دابراوبێت و بەو جۆرە تورکیا باکور و باشور و ڕۆژئاڤا لەیەکتر دادەبڕێت.

 
دووەم، ئەگەر ئەوەیە کە تورکیا سزای باشور دەدات بەوەی کە هاوکاری ئەو ڕێککەوتنە بوە و هەوڵ دەدات کە لە ئێستاوە لە باری ببات بەوەی هەردوو باشور و ڕۆژئاڤاش لاوازبکات. لەم دیدە جیوپۆلەتیکیەدا ئێران هاودیدی تورکیایە.


دیدی ناوخۆیی:

 
بەشی زۆری ئەوەی بە سەر کورد دێت یان کورد ناتوانێت هیچ بکات، پەرتەوازەیی کوردە لە ناوخۆی خۆیدا. بۆیە دەبێت کورد بە خێرایی هەڵوێستیان بەرامبەر یەکتر بگۆڕن. ئێستا لە باشور سەردەمی ڕسوابون و نەمانی بەها و هاوبەشی و خەمە. لە دۆخی وەهادا ئەستەمە بتوانرێت فشار و کار بکرێت. بۆیە پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بنێن لایەنە کوردیەکان دەبێت پیاداچونەوەیەکی گەورە بە خۆیاندا بکەن. بە پەرتەوازەیی و گەندەڵی و شەڕی میدیای و پەمپدانی هەوادارن ناتوانرێت ڕوبەڕوی هیچ فشارێک ببینەوە و ناتوانین هیچ فشارێک بکەین.

 
هەرێم لەم پرۆسەیەدا نە لەلای بەغدا و نە لەلای ئەوانیتر هیچ سەنگێکی نەماوە. بەڵام پێش هەموو شتێک حکومەتی هەرێم لای خەڵكی کوردستان خۆی سەنگی نەماوە. لە دۆخێکی وەهادا ناتوانرێت هیچ جۆرە داکۆکی و بەرگرییەک بکرێت. بەشی زۆری ئەم دۆخەی هەرێم قەیرانی ئابوری و ململانێی نێوان یەکێتی و پارتییە. هێشتا لە هەرێم داهاتێکی زۆر لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتە، بەکاردەبرێت دژ بە خەڵکی کوردستان و ئامانجی گشتی.

 
بۆیە هەنگاونان بەو ئاقارەی کە ئەم داهاتە بەفیڕۆچوانە ووردە ووردە بن بڕ بکرێت، بنەمای ئەوەیە کە خەڵک و حوکومەت ئاشت بنەوە. دووەم هەنگاو کۆبونەوەی یەکێتی و پارتیە و وەلانانی کێشە ناکۆتاکانیانە لە ئیستادا. یەکێتی و پارتی دەبێت فێری ئەوەبن کە چۆن پرۆسەی کۆمپارتمێنتەلایزەیشن بکەن. چۆن کێشەکانیان بەش بەش بکەن و هەر بەشێک جودا لە ئەویتر مامەڵەی لە گەڵدا بکەن. نەک پرسێکی بچوک ببێتە هۆکاری شەڕی سەرانسەری لە هەموو ئاستێکدا.

 
هەنگاوی هەرە گرنگی تر ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە بە ڕێنماییەکانی هاوپەیمان یەک بخرێن. هەرچەندە هێزی پێشمەرگە توانای ئەم جەنگەی نیە، چونکە یەکێک لەو فاکتانەی دەبێت لە بەرچاو بگیرێت وەرچەرخانی توانای تەکنەلۆجی و سەربازی تورکیایە: کە کورد ناچار دەکات جۆری خەباتی خۆی بگۆڕێت. بەڵام چاککردنی پێشمەرگە ئەو جۆرە پشتیوانیە دابین دەکات کە لە ڕۆژئاڤا بۆ کورد هەیە، ئەمە بنەمای کاری تری دیپلۆماسییە.


ئەمەی بەرامبەر کورد دەکرێت هەوڵدانە بۆ لاوازکردنی کورد لە ساتەوەختێکدا کە دەرفەتی هەیە کە پێگەی هەبێت. بەڵام کوردی باشور بە تایبەتی لە هەموو ساتێکی تر زیاتر پەرتەوازە و توڕە و بێزارن. ئەمە بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتی نەوتە، چارەسەری بە ئاسانی نابێت بۆیە دەبێت بیر لە چارەسەری خێرا بکرێتەوە ئەویش، دابینکردنی سەرچاوەی دارایی لە هەردوو ڕێگای چاکسازی ناوخۆیی و پەیوەندی دەرەوە بە تایبەتی لە گەڵ بەغدادا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە. بەڵام ئەوەی فاکتە و نەگۆڕە، کورد گەر بیەوێت هەبێت،بێ نەیار و ڕکەبەر نابێت، ئەمە سروشتی پەیوەندی نێودەوڵەتییە. بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر ڕکەبەرێکی دەرەکی سەرەتا لە ناو ماڵی خۆمانەوە دەست پێدەکات. شەڕ لە گەڵ کورددا لە سەر ئەوەنیە کە کوردە، بەڵکو لە سەر خاک و سامان و پێگەکەیەتی.


28/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر