گەڕانەوەی ئەرشیفی سەددام بۆ کوردستان

د. سه‌ردار عه‌زیز

دەمەوێت لێرەدا، لە سەرەتادا باس لە گرنگی ئەرشیف بکەم. ئەرشیف لە دونیادا و ئەرشیف لە دونیای ئێمەدا. بەعس نەوەیەک لەمەوپێش دەسەڵاتی باڵابوو لە دونیای ئێمەدا. جۆرێک بوو لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری گشتگیر کە سەرتاپا بوارەکانی ژیانی تەنیبوو. هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە سەروی سی ساڵەوەیە بەعسیان لە بیرە. بەڵام ئەم یادەورییە، سنوردارە، تایبەتە، لە گەڵ نەمانی کەسەکەدا لە ناودەچێت. ئەو نەوەیەی کە تۆتالیاتاریزمی بەعسی نەدیوە دونیا بینی جیاوازە. چۆنێتی دروستبونی گفتوگۆیەک لە نێوان ئەم دوو نەوەیەدا پێویستی بە بونی ئەرشیفێکی وەهایە.

کەواتە ئەو بەعسەی لە سەر جەستەی ئێمە دەژیا، لە ژیانی ڕۆژانەدا کاریگەری لە سەر ئێمە هەبوو، لە چەند ساڵی داهاتودا کۆتایی دێت. ئەم کۆتاییە بۆ ئێمە زیانێکی گەورەیە، چونکە دەبێتە مایەی هەژاری یادەوەری و فیکری و سیاسی و ئەخلاقی. تێگەیشتن لە ڕژێمێک کاتێک کە تیایدا دەژیت، ئەستەمە. پاش بەعس دۆخ و ژینگەیەکی وەها هاتە ئاراوە، کە بواری ئەوە نەبوو عەقڵیانە و زانستیانە ئاور لە بەعس بدرێتەوە. دەسەڵاتی کوردی دەیویست لە سەر بنەماکانی بەعس، بە ئەویترکردنی بەعس، بە شەیتانکردنی، شەرعیەت بۆخۆی دابین بکات. ئەم پرۆسەیە پچڕ پچر و نازانستی و سەردەمیانە نەبوو. بەعس بەرهەم نەهێنرایەوە لە ڕشتەکانی وەک هونەر و سینەما و ئەدەب و فیکر و نوسیندا هەتا ببێتە ئەو پێوەرەی کە چۆن هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی نەدەین.

ئەم گرنگ نەبونەی ئەرشیفکردن و کارکردن لە سەر ڕابوردوو یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی لەوێوە دێت کە ئەدەبیاتی ئەم بوارە لە دونیای ئێمەدا لاوازە. دەسەڵاتی کوردی تەنها پەیوەندییەکی بە ئەرشیفەوە ئەوەیە کە لێی دەترسێت. ئەم ترسە بوەتە هۆکاری ئەوەی کە نەهێڵیت دروست بێت. دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتی کوردی بێ ئەرشیفە.

لە دونیای بیری نوێدا زۆر بیریار کاریان لە سەر ئەرشیفکردوە، نەک تەنها لە ڕوی تەکنیکی چۆنێتی بەڕێوەبردنی، بەڵکو وەک بابەتێكی فیکریی، خەڵکانی وەک ئەگامبین، فۆکۆ، درێدا، دۆلۆز، هەموو کاری وردیان لە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەرشیفکردوە.

ئەرشیف لە میانەی بەڕێوەچونی دەسەڵاتدا لە دونیای ئەمڕۆدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت. مەبەستم لە دەسەڵات هەموو جۆرە پەیوەندییەکە کە لە کۆمەڵگادا بەرهەم دێت: پەیوەندی سیاسی، ئابوری، کەلتوری، مەعریفی و کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی و سێکسی، لە هەموو ئەم پەیوەندیانەدا دەسەڵات بەرهەم دێت و دەسەڵات بەڕێوەی دەبات.
ئەرشیف لە چەندین ئاستدا بۆ ئێمە وەک گەلێک کە لە سەرەتای ئەزمونی حوکمداریی خۆمانداین بە بەراورد بە ئەوانیتر، دەزگایەکی ئێجگار گرنگە. ئەرشیف تەنها شوێنێک نیە بۆ هەڵگرتنی بەڵگە و سەرچاوە و دەستنوس و کاری ڕۆژانەی بەڕێوەچونی حوکمداری، بەڵکو لە ئەنجامی دروستبون و کەڵەکەبونیدا، دەبێتە ئەو جێگایەی کە لە چەند ئاستێکدا ڕەفتار و ئاگایی و هەڵسوکەوت و تێگەیشتن و باوەڕ و هەستمان لە قاڵب ئەدات. بە کورتی دەتوانین بڵێین ئەرشیف ئەپەراتۆسە.

بۆ ئەوەی هێندە بە فەلسەفەی ئاڵۆزی ئەم بوارە خۆمان سەرقاڵ نەکەین بە کورتی لە خوارەوە، بونی ئەرشیفی بەعس و ئەرشیف بە گشتی باس دەکەم.

یەکەم، دەسەڵات لە میانەی فەراهەمبونیدا بەردەوام خۆی دەنوسێتەوە. ئەرشیف ئەو جێگایەیە کە ئەو نوسینانەی تیادا هەڵدەگیریت. بەم پێیە ئەگەر بمانەوێت بزانین دەسەڵات چۆن بەڕێوەچوو؟ چۆن باشتر لێی تێبگەین؟ چۆن وەک بنەمایەک بەکاریبەرین بۆ بیرکردنەوەی زیاتر و ڕەخنەکردن و پەرەپێدانی، ئەوا پێویستمان بە ئەرشیفە. بە کورتی، ئەستەمە ئێمە چاوەڕاونی ئەوە بکەین کە دەسەڵات باش بێت لە میانەی بەڕێوەچون و کات و ئەزمونکردندا، ئەگەر هاوشان بە ئەمە خۆی ئەرشیف نەکات و لە ئەرشیفەکەی ڕانەمێنین.

دووەم، ئەرشیفی بەعس وەک دەسەڵاتێکی تۆتالیتار بەشێکە لە کەلتوری حوکمداری ئێمە. هێشتا یاساکانی سەردەمی بەعس بەکاردەبرێت، ئاگاییەکانی سەردەمی بەعس ڕەخنە نەکراوە. بەعس لە خراپێکەوە نەکراوە بە ئەو مۆدێلەی کە بزانێت لە کوێدا هەیە، چۆن مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت و ڕوبەڕوی ببینەوە. ئەرشیفی چۆنێتی بەڕێوەچونی دەسەڵاتی بەعس ئەو جێگا و کانگاییە کە ئێمە دەتوانێن خەسڵەتەکانی دەسەڵاتێکی تۆتالیتار بناسینەوە و پاش ناسینەوەی ڕێگریی لە سەرهەڵدان و ڕەگداکوتانی بکەین جارێکی تر.

سێ، لە دونیادا چەندین دیدی فیکریی جیاواز هەیە بۆ مێژوو. مێژوو وەک قۆناغبەندی، وەک ڕێچکەی گەشەی عەقڵ، وەک تایبەتمەندی خەڵکێک لە بەرامبەر خەڵکێکی تردا. لە هەمانکاتدا مێژو لە هەندێک جێگا وەها دەبینرێت کە پرۆسەیەکی نەگۆڕی بەردەوامە. دونیای ئێمە زیاتر لە نەگۆڕە بەردەوامەکەوە نزیکە. ئەوەی وەها لە مێژوو دەکات کە ڕێچکەیەک بێت بۆ کەڵەکەکردنی ئەزمون و گەشەکردن، ئەوەیە کە ئەرشیف بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ مەعریفە و لە خزمەتی دەسەڵات و لە ڕەخنەی دەسەڵاتدا بەکارببرێت لە هەمانکاتدا.

چوار، ئەرشیف شوێنی ڕاستیە. ڕاستی بەو ئاستەی کە دەتوانرێت بەرجەستە بکرێت. کاتێک مشتومڕێک دەبێت، جیاوازییەک دەبێت، گەڕانەوە بۆ ئەرشیف ئەو کردەیەیە کە دەتوانێت ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە. لە نەبونی جێگایەکی وەهادا ئەوەی دەبێت بە ڕاستی، بۆچون و بەرژەوەندی و هێزە. لە دۆخێکی وەهادا دۆخی پاش ڕاستی یان ونبونی ڕاستی دێتە ئاراوە. ئیتر هەموو کەسێک ڕەوایە و کەسیش ڕەوانیە.

پێنجەم، کاتێک ئەم پرسەم لە فەیسبوک پێشنیارکرد بەڕێزانێکی زۆر ترسی ئەوەیان هەبوو، کە بونی ئەرشیفی بەعس دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە پاشەڵی خەڵکانێک ئاشکرابێت کە ڕەنگە نەخوازرێت. ئەمەش وەها دەکات کە ڕێگریی لێبکرێت. ئەم دیدە چەند ڕەهەندێکی ئەرشیفمان بۆ ڕون دەکاتەوە. یەکەم، ئەو جێگایەی کە ڕابورد و نهێنی و ڕاستی و تایبەتمەندی ئێمەی تیادا حەشاردراوە. ئەرشیف جێگایەک کە بڕیار لە پاکی و پیسی کەسەکان دەدات. سەرباری گرنگی ئەم رەهەندانە، هەست دەکەم کورتکردنەوەی ئەرشیف تەنها لەم خەسڵەتانەدا بچوککردنەوەی ئەرشیفە و وەها لێکردنیەتی کە وەک دادگایەک دەربکەوێت. ئەرشیف زۆر لە ئەمە زیاترە.
شەشەم، بەعس یادەوەرییەکی هاوبەشی گەلانی عێراقە. پەیوەندی ئەو گەلانە هەرچۆنێک بێت. بەعس یادەوەرییەکی هاوبەشی هەموانە بە شێوازی جیاواز. لە چەند ساڵی ڕابوردودا یادەوەری هاوبەشی کورد و شیعە بنەمای پێکەوەبونیان بوو لە حوکمی عێراقدا. ئەم یادەوەرییە هاوبەشە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەی هەبوە لە سەر دروستبونی عێراقی دوای بەعس. هەڵوەشانەوەی سوپای عێراق، داننان بە بونی خەڵک و ئیتنیک و باوەڕ و گروپی جیاواز لە عێراقدا لە بەر بنەمای ئەو یادەورییەیە. دەستوری عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەر بنەمای چۆنێتی ڕێگەگرتن لە هاتنەوەی بەعس نوسراوە.

حەوتەم، هێنانی بەشێک لە ئەرشیفی بەعس، دانپیانانە بە خاوەندارێتی مێژو و یادەوری و ئازاری خۆمان، کە مافێکی سەرەکی هەموو خەڵکێکە.


22/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر