خوێندنەوەی ماکرۆن لە بەیروت

د. سه‌ردار عه‌زیز

سەردانی بە پەلەی سەرۆکی فەرەنسی ماکرۆن بۆ بەیروت ڕوداوێکی هاکەزایی نیە. بە دەر لەوەی کە لە میدیای فەرەنسیدا وەها وێنادەکرێت کە وەک فریادەرەسێکە، بەڵام لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، ئەم سەردانە دەرخەری چەند ڕاستییەکە.


یەکەم، لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردوە، وەک سیستەمی سیاسی و ئیدرایی و ئابوری. هاتنی هێزێکی دەرەکی نیشانەی کۆتایی سیستەمی موحاسەسەی لوبنانیە. داوای خەڵکەکە بۆ ئەوە، نیشانەی ئەوەیە کە نوخبەی سیاسی لوبنان هیچ پەیوەندییەکی بە لوبنانیەکانەوە نەماوە. لوبنان بەرهەمی کۆمەڵێک هاوکێشەی جیوپۆلەتیکی ئاڵۆزە، کە لێرەدا کاتی قسە لە سەر کردنی نیە.

 
دووەم، پێش تەقینەوەکە لوبنان لە قەیراندابوو، ئەم تەقینەوەیە تەڵقینی لە سەر دەوڵەتی لوبنانی خوێند. وەک چۆن عێراق کۆتاییهاتوە، بەڵام بەرژەوەندی نێودەوڵەتی ناهێڵێت کۆتایی پێبێت، لوبنانیش وەها. لوبنان و سۆمال وەک دوو نمونە تەماشا دەکرێن کە چۆن دەوڵەت دەڕوخێت بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەحەمولی درێژە و دەیەوێت بمێنێتەوە.

 
سێیەم، فەرەنسا وەک وڵاتێک کە ئابورییەکەی لە قەیراندایە بە دوای ئەوەدا دەگەرێت کە بازاڕ بۆ خۆی پەیدابکات. لە ساڵانی پێشودا، کاتێک وڵاتێک شکستی دەهێنا، ئەمریکا دەستوەردانی دەکرد، لە ماوەی ڕابوردودا چین لە زۆر شوێن کە مەبەستی بێت، دەستوەردانی کردوە لە پێناو سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ئەو وڵاتە وەک پانتایی و جێگەی قەڵەمڕەویی. فەرەنسا بە دوای جیوپۆلەتیکێکی تایبەتدا دەگەرێت، زمانی فەرەنسی یەکێکە لە ئامرازەکانی فەرەنسا بۆ گەڕانەوە بۆ پانتاییە کۆلۆنیالییەکان لە پێناو دروستکردنی بازاڕ، بە تایبەتی لە ئەفریقا. ئەمە هۆکاری شەڕەکەیانە لە گەڵ تورکیادا. چونکە تورکیاش لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە ئەفریقا تەشەنە بکات.

 
چوارهەم، هەڵبژاردنی ساتەوەختەی تەقینەوەکە وەک ساتەوەختی قەیران بۆ هاتنی ماکرۆن، دەرخەری ئەوەیە کە ئەم وڵاتانە بە دوای درزێکدا دەگەڕێن بۆ پێدانی وێنایەکی جیاواز بۆ مێژویەکی کۆن. لە سەردەمی کشانەوەی ئەمریکا لە دونیادا چیدی سەروەری هەمان مانا و قورسایی جارانی نابێت.

 
پێنجەم، ئەم سەدەیە سەدەی بۆشایی دەبێت لە ئاستی زلهێزدا کە هێزە مامناوەندییەکان هەوڵدەدەن پڕی بکەنەوە. ئایا دوای سەد ساڵ لە دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێمە بەرەوە مۆدێلی نوێ دەچین؟


07/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر