لە مالی چ باسە؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

کاتێک لە زانکۆ وانەی سیاسەتی ئەفریقیمان دەخوێند، تێد مامۆستامان بوو، خەڵکی کۆنگۆ بوو. تێد بۆ ئەوەی سەرنجی خوێندکارە بێتاقەتە ئەوروپییەکان بۆ وانەکەی ڕابکێشێ هەمیشە دەیگوت، خوێندنی سیاسەتی ئەفریقی زۆر بە سودە، چونکە ئەفریقا تاقیگەی هەموو جۆرە سیستەمێکی سیاسییە. زۆرێک لەو سیستەمە سیاسیانە لە زۆر جێگای تری دونیا بونی نەماوە. دەکرێت سودی لێببینرێت بۆ لێکۆڵینەوە و وتوێژینەوە.

 
یەکێک لەو دەربڕینە باوانەی کە لە کوردستان دەیبیستی ئەوەیە، ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت لە گۆی زەویدا بێوێنەیە. ئەمە بۆ ئەوەنیە کە مرۆڤی کورد هانبدا بۆ جوڵە، بەڵکو لە پێناو ئەوەدایە کە وەهای لێبکات کە وەها هەست بکات کە ئەو لە هەموو دونیا کەمتر و خراپترە. من بڕوام وەهایە بەبێ تێگەیشتنی خود و تێگەیشتن لە دونیا ناتوانرێت هیچی نوێ بهێنرێتە ئاراوە. خۆ-قۆزاخەکردن، نەک هاوکاریمان ناکات هەتا باشتر سیاسەت بکەین بەڵکو دەست و پێمان زیاتر دەبەستێتەوە.


ئەفریقا زۆر وانەی تیادایە بۆ ئێمە، چونکە لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەی دونیای ئێمەیە. دونیای ئێمە چ وەک کۆمەڵگای کوردی، چ وەک عێراق و چ وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دیارە زۆرێک لە خەڵکی کورد، جۆرێک لە ڕەگەزپەرستی دڕندەییان تیادایە بەرامبەر خەڵكی ڕەشپێستی ئەفریقی کە نیشانەی ناشارستانی بونی ئێمە، وەک لە ڕوداوی هاوسەرێتی ئەو کچە کوردە و کورە ئەفریقییەدا بینیمان لە فەرەنسا.

 
بە هەرحاڵ ئێمە لە زۆر ڕوەوە لە ئەفریقا و ئەفریقییەکان دەچین، لە مێژوی دەوڵەت و سیستەم، لە دەستوەردانی زلهیزەکان، لە بونی جۆری هێزی سیاسی، لە پەنابردنە بەر چەک و توندوتیژی، لە هەژاری خەڵك و دەوڵەمەندی سامانی سروشتی و زۆر بواری تر. لە سەروی هەمویەوە لە هونەری گەندەڵییەوە.
ڕۆژی چوارشەممەی پێشووتر خەڵکی مالی لە خەو هەستان و حکومەت نەمابوو. سوپا کودەتایەکی ئەنجامدابوو. لە ئەنجامی کودەتاکەدا سوپا ئیبراهیم بوبەکر کایتایان دەستگیرکرد و ناچاریان کرد کە دەست لە کاری سیاسی بکێشێتەوە.


کودەتاچییەکان پەیمانیان دا کە بگەڕێنەوە بۆ دیموکراسی. ئەمە یەکێکە لە نوکتە تاڵەکانی هێزە چەکدارەکان و دیموکراسی. مالی وەک عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، بەشی زۆری خەڵکەکەی لاون، لە باکور گروپێکی جوداخواز بونیان هەیە، وڵاتەکە لە چەندین ئیتنیک و شوناسی جیاواز پێکهاتوە، هەرچەندەی زۆرینەی زۆری موسوڵمانن، بەڵام پێکەوبون لە نێو کۆمەڵگادا کەمە. جگە لە ئیتنیک و گروپی توندڕەوەی خێڵ و جیاوازی کاست سەرچاوەیەکی تری ململانێکانە. وەک عێراق و کوردستانیش ئەمریکا و بە تایبەتی فەرەنسا لە هەوڵی ئەودان کە سوپا لەو وڵاتەدا دروست بکەن بەڵام هەوڵەکان هەتا ئێستا بە هیچ کوێ نەگەیشتوە. وەک دەبینیت سوپا کودەتای کرد.

 
یەکێک لە ترسەکانی نەبونی سوپا لە عێراق و هەروەها کوردستانیشدا ئەنجامدانی کودەتایە. کودەتا مۆتەکەیەکە ڕاوەدوی ئیلیتی سیاسی دونیای سێ دەنێت. زۆر کوردی کودەتاچی لە ناوچەکە بونی هەبوە، بەکر سدقی، ئەولکەریم قاسم، حوسنی زەعیم. خاوەندارێتی سوپا باشترین ڕێگای ڕێگرییە لە کودەتا. بەڵام ئەمە لە کودەتا خراپترە بۆ سیستەمی حوکمڕانی. مالی وەک عێراق چوار دەوردراوە بە وڵاتی شکستخواردوو، لە پێش هەمویانەوە لیبیا، کە وەها هەست دەکرێت بڕێکی زۆری چەکەکان لە ئەوێوە هاتبێتە ناو مالی. بەڵام چاودێرانی مالی بە شێوەیەکی تری دەیبینن. لە بنەڕەتدا کێشە و چەک بونیان هەبوو، بەڵام مەخزنە چەکەکانی لیبیا و کەوتنە دەستی قاچاخچی و ئاودیوی سنورکردنی هەموو لەو نیشانانەن کە لە ناوچەکەی خۆشمان بونی هەیە.

 
مالی وەک کوردستان و عێراقیش بە شێوەیەکی زۆرتر، کێشەی هەڵاوسانی لاوانی هەیە، ئەوەی لە ئەدەبیانی ئابوری و سیاسیدا پێی دەڵێن بەڵج. بە پێی ئەم دیدە، زۆربەی کۆمەڵگا گەنجن، بەڵام ئابوری بە ئاستێک نیە کە بتوانێت هەمویان وەکار بخات، بۆیە هەڵاوسان دروست دەبێت، کە بە مانای بێکاریی و هەژاری لاوان دێت. ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە مالی یەکێکە لە ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەیەکی زۆر لە کۆچبەر دەنێرێتە ئەوروپا.

 
دابرانی ئێمە لە دونیا دۆخێکی دەرونی و ئاگایی قورس و ساختەی دروستکردوە بۆ خەڵكی کورد. بەشێکی زۆر لە دونیا هاوشێوەی ئێمەیە لە کێشەکانیدا، بۆیە دەتوانین سود لە ئەزمون و قەیرانەکانیان وەربگرین بۆ تێگەیشتن لە دۆخی خۆمان، لە بڕی ئەوەی خۆمان لێببێتە بەدبەخترین مرۆڤی گۆی زەوی.


29/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر