باوکم: کوردبون لە پەراوێزدا

د. سه‌ردار عه‌زیز
تەمەنی حەفتایە. دونیای ئەوەندە لە بیر نەماوە. هەرچەندە برای نیە ناوی حەسەن بێت، بەڵام ناوی حسەینە. ئەمڕۆ حسێن لە باشور وەک ئاسیا سێل هەموان کۆدەکاتەوە. بە پێی سیستەمی مێژووگەرێتی ناوچەکە لە ساڵی بەفرە سورەکەدا لە دایک بوە. بۆ من هەمیشە کە ناوی ئەمساڵەم دەبیست، سەرەتا جێگای سەرسوڕمان و پاشان شاعیرێتی بوو، بەڵام هەرگیز جێگای بڕوا نەبوو. بەڵام دەکرێت مێژوو یان ژیان شاعیرانەبێت. لە دەفتەری نفوسدا وەها نوسراوە کە لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٥٠ لە دایک بوە. بەڵام لە سەردەمی عێراقی مەلەکی کەس هێندە بایەخی بە کات و ساتی لە دایک بون نەداوە.

باوکی ئەو ڕۆژگارە بە دەست ئاغاکانی ناوچەکەوە چەوسێنراوەتەوە. هەتا ئەفسەرە ڕەبەنەکە لە ساڵی ١٩٥٨ کودەتایەکی شۆرشیانە دەکات و دەتوانن لە گوندەکەیان بە تەنها جێگیربن. تەنیاماڵەیی، بەشێک بوو لە ئەفسانەی گەورەبونی من. لە دۆڵێکی تەنگی قەراخ ڕوبارێک لە بەرد.

باوکی سۆفیەکی ناسراوە. بەڵام دایکی دەچێتە سەر بنەماڵەیەک لە بناری بەمۆ. وەک زۆرینەی خەڵکی سەردەمی پاشایی، ناخرێتە بەر خوێندن. لە گەڵ مەر و با وبەرد و گەرما و یاڵ و دۆڵ و دڕک و قافڵەی سەربازیدا گەورە دەبێت. لە تەمەنی سیانزەساڵیدا زەعیم سدیق برا گەورەکەی دەبەستێتە دوای ناقیلەیەکی ئەشخاسەوە هەتا ئەپرو ئەپرون دەبێت. لە خەتی لاویدا دەبێتە جەلالی. دەڵێن کە من لە دایک بووم، ئەو لەوێ نەبوو. وەک دایکم دەڵێت لە پێشمەرگایەتی بوو. کە گەورەتر دەبێت دەچێتە کفری: تەنها شاری گەرمیان، بۆ کارکردن. ئەم قۆناغەی ژیانی ئاشنای دەکات بە تورکمان و هاوڕێتی لە گەڵیاندا. کاتێک لە کۆڕەوەکەدا چوین بۆ گردەنو، زیاتر لە دە خێزانی تورکمانیشمان لە گەڵ خۆماندا برد.

پاش ژنهێنانی، لە دۆڵێکی پڕ لە ئاوی دڵگیردا چایخانەیەک بۆ خۆی دروست دەکات. ئەمە خاڵی پەیوەندیکردنی دەبێت بە دونیاوە. پاشان دەبێتە ژینگەی پێگەیشتنی ئێمە. کەمێک فێری عەرەبی دەبێت. بۆ ئێمە کونەواجەیەک بوو کە دونیامان لێوە دەبینی و لە گوندێتی گەرمیان ڕزگاری دەکردین. لە ڕۆژانی ئەنفالدا خەڵکێکی زۆر لە ئەنفالبون ڕزگار دەکات. کە ماڵمان ڕوخا لە هەشتا و هەشت ڕاگوزەراین بۆ سمود. لەوێ یەکەمجاربوو، بڕوابێنم بە دونیا ئاخری.

سەرەتا سمود گەرم و وشک و پڕ لە تەپوتۆز و هەتا ئەوپەڕی بێبەزەیی بوو. ئەم دۆزەخە بە ئەدەبی ناساندم وەک شێوازێک بۆ هەڵهاتن. باوکم نەیدەتوانی لە سمود بژی. بۆیە زۆربەی کات لە قەراخ سیروان لە مەزراکانمان دەمایەوە.

کە من کەمێک گەورەبووم، بووم بە وەرگێڕی ئەو، پێکەوە دەچوین بۆ باشور بۆ هێنانی جوجکەی مریشک بۆ دەواجن. لەوێ وێنەی باوکێتی دەگۆڕا، کاتێک دەمبینی لە گەڵ جوتیارە عەرەبەکاندا چەند سەختبوو گفتوگۆ بکات. ئەوان هەمیشە زمانێکی پڕ لە گاڵتە و سوکایەتیان هەبوو. بەردەوام دەیانپرسی: شوکت ابنک یصیر قاچاخچی؟ کەی کوڕەکەت دەبێتە قاچاخچی؟ زمانی عەرەبی عێراقی پڕیەتی لە وشەی تورکی عوسمانی و فارسی. بەجۆرێک ڕۆماننوسی عێراقی ئەحمەد سەعداوی دەڵێت: ئەگەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بمایە ڕەنگە زمانێکی نوێ گەشەی بکردایە، زۆر جیاواز لەو زمانە عەرەبیەی ئێستا.

قاچاخچیبوونی کورد دیاردەیەکی جێگای تێڕامانە. ئێمە نیشتەجێی ئەو سنورانەین کە دژ بە خواستی خۆمان کێشرا و دەیەوێت لە قاڵبماندا. بەڵام ئەم نەریتە لە سەردەمی حوکمڕانی کوردیدا زیانێکی زۆر بە هەموان دەگەیەنێت.

باوک فیگەرێکی تایبەتە لە ئەدەبی مرۆڤایەتیدا، بە هەردوو دیوەکەیدا: چ پەیوەندی منداڵ بە باوکەوە و چ پەیوەندی باوک بە منداڵەوە. هەریەکە لە ئێمە سەربوردەیەکی هەیە کە مێژوی هەمومان پێکدێنێت. مێژویەک ڕاستگۆتر لە مێژوی فەرمی کوێخا و بەرپرسەکان. بە گشتی کورد زیاتر عەشقی دایکیانن. جۆرێک لە ئۆدیپۆسی گشتی بوونی هەیە. ڕەنگە هێشتا خێزانی کوردی لە سەر دوانەی باوکی توند و دایکی میهرەبان بژی.

ئەم دوالیزمە هەر تەنها لە چواردیواری خێزاندا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە چۆنێتی پەیوەندیکردن و هەستکردن بە دونیاوە. بەڵام کوڕ ساتێک لە ساتەکانی ژیانی، خۆی دەبێتە باوکی خۆی. لە درەنگی بیستەکانی تەمەنم ڕۆژێک لە سەر گردێکەوە لە گەڵ هاوڕێیەکی ئەڵمانیمدا بەرەوخوار دەهاتم، دەریایەکی فراوان لە پێشمانەوە بوو. نازانم بۆ ئەو ساتە هەستمکرد، چیدی خۆم باوکی خۆمم.

03/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر