ماکرۆن؛ فریادڕەسێكی نەرم

د. سه‌ردار عه‌زیز
سەردانی لە پڕی ماکرۆن بۆ بەیروت پاش تەقینەوەکە، ئەگەر تەقینەوەکە نەبوایە، ئەوا لە یەکی مانگی ئەیلولدا روویدەدا. سەد ساڵ پێش ئەو رۆژە، لوبنان لەلایەن فەرەنسییەکانەوە دروستکرا. وەک هەر دەوڵەتێکی تری دروستکراوی ناوچەکە، سەرتاپا مێژوی بریتی بووە لە خوێن و ئاوارەیی و شکست و قەیران. 

کاتێک رۆژانی پێشوو ماکرۆن جارێکی تر، سەردانی بەیروتی کردەوە، لە فڕۆکەکەدا بە پەیامنێری گۆڤاری پۆلیتیکۆی ووت: نوێ (هێزی نوێ) کاتێکی سەختی هەیە بۆ ئەوەی سەرهەڵبدات، هەروەها  هێزە کۆنەکان بەرگە دەگرن. دەبێت رێگایەک لە نێوانیادا بدۆزینەوە، من هەوڵی ئەوە ئەدەم. قسەکەی ماکرۆن دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەند و چالاکوانی ئیتالی ئەنتۆنیو گرامشی. لە سیەکان گرامشی لە بەندیخانەی فاشیستەکانی ئیتالیادابوو. بەڵام دیدی گرامشی وەهابوو کە لەنێوان نوێی لاواز و کۆنی بەرگرییکەردا،  دیاردەی نەخۆش و سەقەت دەردەکەوێت. ماکرۆن بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئەو دیاردە نەخۆشە بگۆرێت و خۆی لەنێوان نوێی و کۆندا دەرکەوێت.  

ماکرۆن لە بەیروت فەیروزی بینی و لە عیراقیش حەزی بەوەبوو کە سیستانی ببینێت. بۆ ئەو فەیروز و سیستانی یەك رۆڵ دەبینن، ئەویش گەیشتنە بە دەسەڵات و سیمبولەکانی تر، جگە لە دەسەڵات و سیمبولە فەرمییەکان. رەنگە کاریگەری بۆردیوبێت، کە هێندە لە فەرەنسا سیمبول گرنگ. لە رێی سیمبولەوە گەیشتن بە پانتایی تر لە ئەم کۆمەڵگایانە و گەیاندنی پەیامی جیاوازتر، چونکە ماکرۆن لەوە بە ئاگایە کە نوخبەی سیاسی ناوچەکە، نە نوێنەرایەتی خەڵك دەکەن و نە توانای ئەوەیان هەیە کە خزمەت بە خەونەکانی ئەو بکەن.

ماکرۆن بە  هەموو پێوەرێک نایەوێت سیاسیەکی ئاسایی بێت، بە تایبەتی لە ئاستی رەفتار و گوتاردا. بە گشتی وەها ناسراوە کە دژایەتی لە خیتابەکانیدا هەیە، زۆر وتەی فەیلەسوفان بەکاردەهێت، خۆی خوێندکاری فەلسەفە بوە لای فەیلەسوفی فەرەنسی پۆل ریکۆر. هەروەها ماکرۆن دەیەوێت لە ئەو بەرانەی کە لە ناوەوەی فەرەنسا و دەرەوەدا بونیان هەیە یاریی و هاوسەنگی بکات. 

ماکرۆن لە باوک و دایکێکی دوکتۆرەوە دێتە دونیاوە. خەونی ئەوەبوو کە لە ئیکۆل نۆرمال بخوێنێت، بەڵام لە ساینس پوا درێژەی بە خوێندن دا. هەردوو لە ناوەندە باڵاکانی خوێندنن لە فەرەنسا. لە ساڵی ١٩٩٩ فرانچۆی دۆسی بە پۆل ریکۆری دەناسێنێت. ئەو کاتە ریکۆر بە دوای هاوکارێکدا دەگەرا هەتا لە پرۆژەی یادەوەری، مێژوو، بێئاگایی هاوکاری بێت. ماکرۆن لێرەوە دەستی گەیشت بە گۆڤاری Espirt.  لێرەوە ڕێچکەی ئەو بۆ دونیای دەسەڵات و پارە و بانک و سیاسەت دەست پێدەکات. وەک نەریتی باوی فەرەنسی هەموو ئەمانە لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی و ناسراوی و نزیکی و بەیەکناساندن و هاودیدی و ئەمانەوە بەڕێوەدەچێت.

رێبازی ماکرۆن لە ژیانیدا وەهایە کە کاتێک بە یارمەتی کەسێک دەگاتە شوێنێک. لەوێدا دەمێنێتەوە هەتا دۆستایەتی و تۆڕی پەیوەندی دروست دەکات هەتا بڕوات بەرەو ئاستێکی باڵا تر. وەک دەبینیت لە تەمەنێکی کەمدا، چەندین قۆناغی جیاوازی بریوە و هەموو ئەمانەی وەک سەرمایە (جارێکی تر دیدی بۆردۆیی بۆ شێوازە جیاوازەکانی سەرمایە) بەکارهێناوە، بە تایبەتی کاتێک لە ساڵی ٢٠١٦ جوڵانەوەکەی دروستکرد بە ناوی en marche .
 
ماکرۆن وەهای خۆی نمایش دەکات کە رابوردوی نییە، بەڵکو کەسێکە کە هەمووان کۆدەکاتەوە، بە چەپ و راست، خۆی خاوەنی شارەزایی و توانایە، بۆیە تەنانەت لە سیستەمێکی وەهادا پلان و پرۆگرامیشت ناوێت. ئەم خەسڵەتەی ماکرۆن لە گەڵ سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەبای دەکات، بەوەی ئەوانیش خۆیان وەها دەبینن کە کەسانێکن لە سەرەوەی سیستەم و پلان و پرۆگرامەوە، بەڵکو هەموو شتێک لەئەواندا کۆبوەتەوە. بەشێکی زۆری سیاسیەکانی دونیای ئێمە لە قوڕاوێکی خەستی وەهم و بێئاگاییدا دەژین. ئەم خود ئەڤینیەی ماکرۆن هاوشێوەیانە. رەنگە ئەم دۆخە دەرونیە یەکێک بێت لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ماکرۆن بۆ هاتنی بۆ رۆژهەڵات. لە رۆژهەڵات ماکرۆن وەک فریادەرس و رزگارکەر و جیاواز و باڵا دەبینرێت. ئەویش خۆی ئەوەی دەوێت چونکە لە فەرەنسا کەس وەهای نابینێت.  هەرچەندە هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا نزیکەی دوو ساڵی ماوە، بەڵام قەیرانەکان و هەڵکشانی حیزبە فاشیستەکەی بنەماڵەی لوپێن ئالنگاری زۆری بۆ دروست دەکات. 

پێشتر ماکرۆن هەوڵی کاری گەورەی داوە، بە هێنانی رووسیا بۆ ناو پانتایی ئەوروپی، هەوڵی بۆ بەیەکگەیاندنی ئێران و ئەمەریکا، بە تایبەت هەوڵی بۆ رووبەڕووکردنەوەی ترەمپ و رۆحانی، بەڵام ئەم هەوڵانە هەمویان بێئەنجام بوون.

ئایا چۆن لە ماکرۆن بنواڕین؟
یەکەم: لە ماندوبون و کشانەوەی ئەمەریکادا لە ناوچەکە، هێزە کۆنەکانی ناوچەکە، لە هەوڵی ئەوەدان کە جارێکی تر وەبەرهێنان بکەن لە سەر میراتە کۆلۆنیالیزمییەکەیان. ئەم دیدە بۆ تورک و ئێران و فەرەنسا و بەریتانیاش راستە. بەم پێیە سەرباری رەهەندی کەسیی، بۆشاییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە لە ئاستی ئامادەیی زلهێز، کە ئەوانیتر داوەت دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.

دووەم: چاوەڕوانکراوە، لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ پڕکردنەوە یان سودبینین لەم بۆشاییە، هێزەکان کێبڕکێ یان ململانێی یەکتر بکەن. ئەمە یەکێک لە خەسڵەتەکانی سەردەمی داهاتو دیاریدەکات. ئەگەر نیزامی لیبرالی جیهانی لە قەیراندابێت، ئەوا ئەوەی دێت هێشتا روون نییە، ئایا لیبراڵ دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە، یان دەگوێزینەوە بۆ جۆرە سیستەمێکی تر؟ لەم نێوانەدا، ئێمە جارێكی تر بە شێوازێکی تر لە ئاستی جیهانیدا لە دۆخێکی گرامشیانەیین: نە کۆنەکان بە تەواوی دەڕون و نە نوێ بە تەواوی جێگەی دەگرێتەوە. فەرەنسا ناتوانێت سیستەم دابڕێژێت، بەڵکو لەم دۆخەدا یاریی دەکات. چەمکی یاریی زۆر گرنگە کە بە باشی لێی تێبگەین.   لێرەدا نازانم چەندێک خوێنەران بە تێزەکانی ناش و ئەوانیتر شارەزان؟

سێیەم: فەرەنسا بە هێزێکی نەرمی سنوردار دەمێنێتەوە. ئەمە کێشەی هەموو ئەوروپایە. بەبێ بوونی سوپا و توانای بەکارهێنانی ئەستەمە بتوانرێت بەباشی لە سەردەمی نوێیدا، بە تایبەتی لە جێگایەکی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یاریی بکرێت. 

چوارهەم: کاتێک مەبەستی فەرەنسا یارییە، ئەوا هەوڵی جیاوازبوون دەدات بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام ئەم جیاوازبونە کاتێک لە گەڵ ئەمەریکادا بەریەک دەکەوێت، پەرچەکرداری خراپی دەبێت. وەک لە کەیسی حیزبوڵڵا لوبنانیدا بینیمان. فەرەنسا دەبێت لە گەڵ ئەمەریکا هاوپەیمان بێت ئەگەر دەیەوێت کاریگەری هەبێت، بەبێ بوونی هێزێکی وەها لە پشتەوە کاریگەری فەرەنسا سنوردار دەبێت. دیارە دژە ئەمەریکایی لە فەرەنسا مێژویەکی کۆنی هەیە و زۆربەی زۆری بیر و فیکریی فەرەنسی لە سەر ئەم بنەمایە دروست بووە. 

بۆ کورد چی گرنگە: سەردەمی پشێویی بەڕێوەیە. لە پشێوییدا دەرفەت و مەترسیش بونی هەیە. کورد ناتوانێت بە خێرایی هاوپەیمانی دروستبکات و پەیوەندییەکانی بگۆڕێت.

11/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر