لە ئەمریکا چی ڕوویدا؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

دوێنێ کاپیتۆڵ ھۆڵ، کۆنگریسی ئەمریکی، جێگای سەرنجی دونیا بوو. پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا لە چەندین دەیە و بگرە سەدەی ڕابوردودا ھەرگیز مایەی سەرنج نەبوە، بەڵام دوێنێ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسی توشی قەیران بوو.


ئاپۆڕەکە خەڵکێکی تایبەت بوون. ھەموو سپی پێست و ھەڵگری سیمبول و دروشمی تایبەت. کۆمێنتارە ئەمریکیەکان نەیاندەزانی چۆن ناویان بنێن، چۆن بیانناسێنن. ھەم روداوەکە و ھەم ئەنجامدەرانی لە ڕوی ناونانەوە مایەی کێشە بوو. ئایا ئەوەی ڕویدەدا کودەتا بوو، یان ناڕەزایی دەربڕین. کارێکی تیرۆریستی بوو، یان سیاسی؟؟ دەیڤید فرۆم کۆمێنتاری ناسراوی کۆمارییەکان وشەی پۆتچی ئەڵمانی بەکاردەھێنا. دیارە زمانی ئینگلیزی خۆی وشەی نیە بۆ کودەتا، کودەتا فەرەنسییە و پوتچ ئەڵمانییە، بەڵام ھەردوکیان بەکاردێن. کودەتا ئاماژەیە بۆ کارێکی ڕێکخرا، پوتچ ھەتا ئاستێکی زۆر ڕێکنەخراوە. ئایا ئەوەی ڕویدا ڕێکخراوبوو، یان ڕێکنەخراو؟ بێگومان بە ھەموو شێوەیەک ڕێکخراو دیاربوو. ڕەنگە ئەوە گەردەلولەکە بێت کە ترەمپ باسی دەکرد.


ئایا کرۆکی مەسەلەکە چیە؟

 
ئەگەر گوێ لە وتارەکەی ترەمپ بگریت زۆر شتت بۆ ڕون دەبێتەوە. ترەمپ دژ بە ناڕازییان نەبوو. پەیامی خۆشەویستی بۆ ناردن. بە پێی ھەندێک سەرچاوە، تەنانەت ئامادەنەبوو ئەو قسانەش بکات، بەڵام بە فشار، خەڵکانی دەروبەری پێیان کرد. ترەمپ باسی ئەوە دەکات کە وڵاتەکەیان لێدزراوە. ئەمە یەکێک بوو لە ھاوارەکانی ناڕازییان، ئەو دزییە بوەستێنە. ئەوە چیە دەدزرێت؟ دزی یانی بردنێکی نا شەرعی بە زۆر یان بە فێڵ. ئەمریکایەک ھەیە کە بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەمریکای سپی پێست و ئەنگلۆساکسۆن و پرۆتسانت. ئەم ئەمریکایە خاوەنی ئەمریکا بوە لە دۆزینەوەی ئەمریکاوە ھەتا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ نایەوێت دەستبەرداری بێت. بۆیە ھەست دەکات دزی لێدەکرێت.


دیموکراسی ئەمریکی ھەر لە سەرەتاوە قەیرانی یونانی ھەبوو. قەیرانی یونانی بە مانای ئەوەی کە دیمو، کە یانی خەڵک مەبەست لێی ھەموو خەڵکانی ئەمریکا نەبوو، بەڵکو توێژێکی تایبەت بوو. ووردە ووردە ئەم توێژە تایبەتە بە ناچاریی و بە پێویستی بە سەر توێژەکانی تری کۆمەڵگادا کرایەوە، وەک خەڵکی ڕەش پێست، ئافرەت. بەلام ئەم کردنەوەیە بەو مانایە نەبوو، کە ئەوان خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینەبن. بەڵکو ببنە بەشێک لە سیستەمێکی داڕێژراو. بەڵام ئێستا لە زۆر ڕوەوە ئەم وەرچەرخانە ڕودەدات، لە ڕوی دیموگرافی، جوگرافی، کۆمەڵایەتی. وەک زۆری شوێنی تری دونیا خەڵکی ئەمریکا بە زۆری دەبنە خەڵکی شارنشین.


خەڵکی شار خاوەن ئیپۆسێکی جودایە لە خەڵکی گوند و شارۆچکەکان. ئەم بەریەککەوتنە لە کۆمەڵگای کوردیشدا ڕودەدات. 
ئەم ئەمریکایە کە ووردە ووردە لە ئاوابوندایە، لە لایەن چەندین گروپ و ڕێکخراو و میلیشیاوە، داکۆکی لێدەکرێت. سیمبول و خیتابی ئەمانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکی.


ئەم خەڵکانە ئەمڕۆ ھەست دەکەن نەک لە روی سیاسییەوە، بەڵکو لە ڕوی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشەوە ئەمریکایەک سەرھەڵئەدات کە لە گەڵ ئەواندا ناگونجێت. ترەمپ بە ھیچ شێوەیەک سەر بەم خەڵکانە نیە. ترەمپ کەسێکی سێکویلاری، شاری، نمایشکارە. زۆربەی تەمەنی دیموکرات بوە و خەڵکی نیویورکە. بۆ زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا نیویورک ئەمریکا نیە. بەڵام توانی ببێت بە نوێنەریان.


دیارە ھەموو پشتیوانانی تەرمپ لەمانە نین، خەڵکی تریش بە ھۆکاری لۆکاڵی و تایبەت دەنگ بە ترەمپ دەدات. بەڵام ئامادەنیە بێت بۆ واشنتۆن بۆ توندوتیژی. دەنگدەری ئایدەلۆژی جودایە لە دەنگدەری دیموکراسی.


لە نێو نوخبەی سیاسی ئەمریکیدا ترەمپ دۆستی کەمە. بەڵام لە بەر ئەوەی جەماوەری ھەیە، ئەوانەی، بە تایبەتی لە کۆمارییەکان، کە بە نیازی سودبینین بوون لە جەماوەری ترەمپ، پشتیوانی بوون. ھەندێکیش ھەبوو لە تویتەکانی دەترسا. بەڵام دوێنێ ئەم ھاوپەیمانییە فەیکە کۆتایی ھات. مایک پێنس پشتیوانی ترەمپ نەبوو. پێنس نوێنەری توێژێکی تایبەتی ئەمریکایە، کە بە ئیڤانجیلیکە مەیسحییەکان ناسراون. ھەروەھا لیندسی گراھام پشتی تێکرد.


زۆرینەی ئەوانەی کە پشتیوانی ترەمپن لە کۆمارییەکان ئەوانەن کە بە نیازی خۆ پاڵاوتنن بۆ سەرۆکایەتی لە چوار ساڵی داھاتودا یان خۆ کاندیدکردنەوە بۆ کۆنگریس. وەک زۆر شوێنی تری دونیا بەشێکی زۆری کاری پەرلەمانی نمایش و شۆیە.


لە نێو کۆمێنتارە ئەمریکییەکان حەپەسانێک ھەبوو. کە بە ڕاستی بۆ ھەر چاودێرێکی ئەمریکی ئەوەی ڕویدا مایەی حەپەسان نەبوو. ناسیونالیزمی ئەمریکی، لە ھەموو ساتێکی تری بەھێزترە. ئەم ناسیونالیزمە، توێژی جیاوازی ھەیە. لە دەیەی داھاتودا کاتێک ئەمریکا لە ڕوبەڕوبونەوەدایە لە گەڵ زلھێزێکی تری وەک چین، ئەم ناسیونالیزمە دەبێەت بەشێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. لە ماوەی داھاتودا، بە خوێندنەوەیەک بۆ ھەردوو بیرمەندی گەورەی ئەمریکی، جۆن ئیکیبێری و جۆن مێرشمایەر، زیاتری باس لە ڕەھەندی فیکری ئەم پرسە دەکەم. 
ڕیتچارد ھاس نوسیبوی کە سەردەمی ئەمریکی کۆتایی ھات. ڕستەیەکی ئاوس بە مانا و دڵتەنگی. بەڵام چاوەڕواننەکردنی ئەوەی ڕویدا لە ئەمریکا، جۆرێکە لە غرور و بە تایبەت وەرگرتنی ئەمریکا، ئەوەی پێی دەوترێت ئیکسێپشنالیزم.


ئەمریکا دوێنی لە بڕی ئەوەی مایەی سەرنج و لاسایی بێت مایەی نوکتەبوو. تەنانەت کەسێکی وەک مێرکڵ کە بە ھیچ شێوەیەک لە نوکتەباز ناچێت، نوکتەی کرد. مێرکڵ لە ماوەی داھاتودا کۆتایی بە ژیانی سیاسی دەھێنێت. لە توێتێکدا نوسیبوی دەستەبەرداربونی من لە سیاسەت زۆر بێتام یان مومل دەبێت، boring.


بەڵام ئەوەی لە ئەمریکا ڕویدا تەنھا دیاردەیەکی ئەمریکی نیە. فاشیزیمی نوێ لە ئەڵمانیا زۆر بەھێز و ڕێکخراوە. سەرۆکی فەرەنسی باوەڕی خۆی بۆ دیموکراسی دوپاتکردەوە، بەڵام فەرەنسا قەیرانەکەی لە ئەمریکا قوڵترە. چەندین ساڵە فاشیزم یەکێکە لە ڕکەبەرە سەرسەختەکانی دەسەڵاتی فەرەنسی و بەردەوام لە لوتکەدایە.


لە کاتێکدا خەڵک بە ئەمریکا پێدەکەنین لە ھەمانکاتدا خۆیانیان بیردەکەوتەوە. ئەوەی مەتریدارە ئەوەی لە ئەمریکا دەبێت ھەرزوو دەبێتە مایەی لاساییکردنەوە لە جێگاکانی تر. 
بەڵام دیموکراسی توشی قەیران دەبێت، دەسەڵاتەکانی تر توشی داڕمان دەبن.


09/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر