تورکیا، عێراق، ئێران، ئەمریکا!

د. سه‌ردار عه‌زیز

تورکیا هێرشەکەی بۆ سەر گارە وەستاند، دیارە  نیازی هێرشەکەی بۆ شەنگالیش وەستاندەوە. دەڵێن کازمی پەیوەندی تەلەفونی بە هاکان فیدانەوە کردوە، ئەم پەیوەندییە هەرچەندە لە ڕوی دیپلۆماسییەوە شیاونیە، چونکە چۆن دەبێت سەرۆک وەزیران لە گەڵ بەرپرسی دەزگای سیخوڕی وڵاتێکی تردا قسە بکات، بەڵام، کازمی ئەمەشی لە گەڵ بەرپرسێکی لوبنانیدا کرد. 

 

بەڵام سەرباری شیاوی و نەشیاوی پەیوەندییەک دەرخەری چەند خەسڵەتێکە: یەکەم،  ناسراوی هەردوولا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە کازمی سەرۆکی دەزگای سیخوڕی عێراقی بوو. دووەم، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە پەیوەندییەکە زیاتر نافەرمیە، هەروەها زیاتر وەک داواکارییەکی هاوڕێیانە دەردەکەوێت لە بڕی هەڵوێستی فەرمی وڵاتێک. سێیەم، کازمی ڕەنگە ئەمەی لە ژێر فشاری حەشدا کردبێت. چونکە ئێران ڕازی نیە تورک بێنە سەر ڕێگای بۆ سوریا و لوبنان. چوارهەم، هەرچەندە هاتنی تورک بۆ دەوروبەری موسڵ پلانێکی ستراتیژی ئەردۆگانە بە هاوکاری دۆستە لۆکاڵیەکانی، بەڵام ئەم پلانە درێژخایەنە جارجارێک بۆ ئامانجی ناوەکیش بەکاردێت. ئەم ڕۆژانە  جان دوندارد، ڕۆژنامەنوسی ناسراوی تورک لە دیدارێکیدا لە گەڵ ناوەندی لێکۆڵینەوەی تورکی لە لەندەن، ئاماژەی بەو هەوڵانەی ئەردۆگاندا بۆ لابردنی سەرنج لە سەر کێشە زۆرەکانی ناو تورکیا، بۆ نمونە پلاندانان بۆ چون بۆ سەر مانگ. بەشێک لە هێرش بۆ سەر گارە و پلان بۆ هێرش بۆ شەنگال لە ئێستادا ڕەهەندی ناوەکی هەیە.  هەروەها ڕازیکردنی مەیلی دەنگدەرانی مەهەپە. بەڵام بەشێکە لە پلانێکی درێژخایەن بۆ دەست بە سەراگرتنی موسڵ و کەرکوک و کاریگەریدانان لە سەر عێراق. 

 

هەڵوێستی ئەمریکا ئاڵۆزبوو. باڵوێزخانەی ئەمریکی لە ئەنکەرە سەرەخۆشی لە تورکیا کرد بۆ کوژرانی سەربازەکانی. ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لە خراپترین ئاستیدایە. هەموو ڕوداو و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە ئەوە ئەدەن کە ئەگەری خراپتربون هەیە، باشتر نیە. چونکە تورکیا وەها ئەمریکا دەبینێت کە نەیارە و هەروەها دەسەڵاتی ڕوو لە لاوازییە.   بەڵام هەتا ئێستا ئەمریکا بە هیوای ئەوەیە کە ئەگەر دژایەتی پەکەکە بکات، ئەوا بۆ تورکیای دەسەلمێنێت کە پەیوەندی ئەو لە گەڵ یەپەگەدا پەیوەندی نیە لە گەڵ پەکەکەدا. ئەم مامەڵەی ئەمریکا هەڵەیە، چونکە تورک، کاتێک بۆ پڕوپاگەندە دەڵێن ئەوان تەنها دژی پەکەکەن، ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دژ بە هەموو کوردن، بەڵام لە میانەی ئیدارەدانی کورددا پشتیوانی لایەک دەکەن دژ بە لایەکی تر. ئەمە بۆ پارتیش ڕاستە. ئەم هاوکێشەیە بۆ عێراق و یەکێتیش ڕاستە. بۆ ئەمریکا زۆر بە سودترە و کاریگەرترە ئەگەر لە هاوکێشەی تیرۆر بێتە دەرەوە لە پەیوەندی لە گەڵ پرسی کورد لە تورکیا. ئەمە بۆ ئەمریکاش بە سود دەبێت و بۆ کوردیش و بۆ تورکیاش. 

 

نازانم کەی کورد بە  ئاگا دەبێتەوە لە ململانێ گەورەکان و چۆن ئەم ململانێیانە لە سەر خاک و وزە و جەستەی ئەو دەکرێت؟؟؟؟ کۆمەڵێک بنەمای مێژویی هەیە، کە خۆی لە مامەڵەی ئیمپراتۆریەتدا دەبینێتەوە لە گەڵ پەراوێزیدا. ئەمە شەڕی هێزەکانە لە پەراوێزدا لە گەڵ یەکتردا، بە ئەوانیتر.


15/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر