پاپا بۆچی دێت بۆ عێراق؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

بۆچی پاپا دێت بۆ عێراق؟

 

مانگی دووی ساڵی ٢٠١٩ پاپای ڤاتیکان لە ئەبوزەبی ئیمارات بەڵگەنامەیەکیان لە گەڵ ئەحمەد التەیب، ئیمامی گەورەی ئەزهەردا واژۆکرد دەربارەی برایەتی ئاینەکان و ئاشتی. پاپا دەیەوێت هەمان دۆکیومێنت لە گەڵ شیعەی موسوڵمانیشدا واژۆ بکات. هەرچەندە تەمومژێک لە دەوری ئەم پرسە دروستکراوە لە لایەن نەجەفەوە. هەر ئەمەشە کە پاپا بە پێویستی نابینێت کە نوێنەری سوننەکان ببینێت، ئەوانیش لێی نیگەرانن. وەک هەموو شتێکی تر لە عێراقدا، سەردانەکە بە چاویلکەی تایفییەت دەخوێنرێتەوە.


سەردانی کوێ و کوێ دەکات؟

لە بەغدا دادەبەزێت، هەندێ دیداری لە گەڵ حکومەت و دیپلۆماتاندا دەبێت لە گەڵ لایەنە مەسیحییەکان. پاشان دەچێت بۆ نەجەف، ئینجا بۆ ناسرییە، بۆ شاری ئور، پاسان دێتە هەولێر، لەوێوە سەردانی موسڵ و قەرقوش دەکات، ئینجا لە یاریگاری فرانسۆ، نوێژێکی جەماعەت دەکات و دەگەڕێتەوە.

بۆچی پاپا دەچێتە ئور؟

ئور وەها دادەنرێت کە شوێنی لە دایکبونی پێغەمبەر ئیبراهیمە. ئیبراهیم باوکی ئاینە ئاسمانییەکانە. بۆ  پرۆژەکەی پاپا بۆ ئاشتی نێوان ئاینەکان، ئیبراهیم فیگەرێکی گرنگە، چونکە هەموان کۆدەکاتەوە. ئیبراهیم ناوی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سوننەکانیشە. خەڵکی ناسرییە هیوایان وەهایە کە سەردانەکە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە چاوی دونیا ئازار و مەرگ و برسێتی و خۆپێشاندانەکانی شارەکەیان ببینێت. هەندێکیش هیواخوازن کە ببێتە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی گەشتیاری ئاینی بۆ ناوچەکە. ئیتر، هەرکەو بۆ لەیلای خۆی دەگری.


ئایا سەردانەکەی نەجەف چۆن لە عێراقدا دەخوێنرێتەوە؟

بەرەی قوم بە نیگەرانییەوە تەماشای دەکەن. وەهای دەبینن کە حەوزەی نەجەف هێندەی تری بەهێز دەکات و شەرعیەتی نوێنەرایەتی شیعەی پێدەبەخشێت. بۆیە گوێمان لە هەندێک گیز و گازە لە لایەن موقتەداوە.


ئایا سەردانەکە چی دەگەیەنێت؟

سەردانی پاپا نیشانەی ئەوەیە کە عێراق لە درێژایی مێژودا جێگای ئاین و کەلتور و خەڵك و گروپی جیاواز جیاوازی زۆر بوە. بەڵام لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقییەوە، ئەم خەسڵەتی فرەییە لە عێراقدا بەرە نەمان دەچێت. سەردانی پاپا ئاماژەیە بۆ بونی ئەم جیاوازییە، لە هەمانکاتدا بۆ بونی مەترسی لە سەر ئەم جیاوازییە. چونکە لە ملیون و نیوێک مەسیحی کەمتر لە نیو ملیون لە عێراقدا ماوون و ئەوانیش بە نیازی ڕۆشتنن.

ئایا سیاسییەکان دەیانەوێت چۆن سودی لێببینن؟

هەر لایەک دەیەوێت بە سودی خۆی بیشکێنێتەوە. بەغدا دەیەوێت وێنای ئاشتی و سەقامگیری بگەیەنێت لە دۆخێکی ناسەقامگیر و سەختدا. هەولێر دەیەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنێت کە مەسیحی تەنها لە کوردستان سەلامەتن. سەدر دەیەوێت دژایەتی ڕکەبەرەکانی پێبکات.

ئایا سەردانەک هیچ دەگۆرێت؟

نەخێر. چەند ڕۆژێک هەراو هوریا و وێنەگرتن ون قەرەباڵگی دروست دەبێت. پاشان هەموی وەک خۆی لێدێتەوە.


02/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر