دڵی ئۆپۆزسیۆن لە لێدان کەوتووە؟
سەردار محەمەد: مردنی نەوشیروان مستەفا هیوای خەڵکی بە سبەینێیەکی باشتر کزکرد

سەردار محەمەد، یەکێکە لە دیارترین ڕۆژنامەنووسەکانی هەرێمی کوردستان و کورد لە سەر ئاستی جیهان، ئەو کە ئێستا سەرنوسەری تاکە ڕۆژنامەی ئەهلی هەرێمی کوردستانە باس لە سیناریۆکانی دوای مردنی نەوشیروان مستەفا دەکات و خوێندنەوەش بۆ دۆخی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات بێ نەوشیروان مستەفا.

سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئاوێنە، سەردار محەمەد لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی سپی میدیا کە لە چوارچێوەی دۆسییەکی تایبەتدا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " ساتەوەختى کۆچى نەوشیروان مستەفا یەکێکە لەو ساتەوەختە مێژووییانەى کە دەبنە خاڵى وەرچەرخان لەمێژوویى سیاسى کوردستاندا".

ئەمەش دەقی ئەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیە کە تێیدا خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ دۆخی هەرێم و بزووتنەوەی گۆڕان کراوە دوای نەوشیروان مستەفا

سپی میدیا: لە رووی سیاسی یەوە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا چ مانایەک دەگەیەنێت، نەوشیروان مستەفا چی ئیزافەیەکی خستبووە سەر واقیعی سیاسی لە کوردستناندا، بەمردنیشی چی لەم واقیعە کەم دەکات؟

سەردار محەمەد: بەکۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا ئەکتەرێکى سەرەکى، شانۆى سیاسى کوردستان جێدەهێڵێت، لەدواى کۆچى دوایى "مستەفا بارزانی"ەوە یەکەمجارە سەرکردەیەکى خاوەن پێگەى بەهێزى کۆمەڵایەتى بەمجۆرە لەکوردستانى باشوردا بەمردنى جەماوەرێکى فراوان توشى شۆک دەکا و بۆشاییەکى گەورە لەدواى خۆیەوە بەجێدەهێڵێت، رەنگە تا زیاتریش کات تێپەڕێت زیاتر هەست بەگەورەیى ئەو بۆشاییە بکرێت، ساتەوەختى کۆچى نەوشیروان مستەفا یەکێکە لەو ساتەوەختە مێژووییانەى کە دەبنە خاڵى وەرچەرخان لەمێژوویى سیاسى کوردستاندا.

سەبارەت بەبڕگەى دوەمى پرسیارەکە، نەوشیروان تاکە سەرکردەیەکى کوردە کە چەندین خەسڵەتى جیاوازو کاراکتەرى لەخۆیدا بەرجەستە کردبو، رۆژنامەنوسێکى بەتوانا بو کە سەرپەرشتى یەکێک لەگۆڤارە سیاسیە سەرنجڕاکێشەکانى لەدەیەى 1960دا کردوە، نوسەرو خاوەن قەڵەمێکى بەبڕشت بو کە بەشێک لەباشترین کتێبە چاپکراوەکانى کتێبخانەى کوردى لەدواى راپەڕینەوە ئەو کتێبانەن لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە لەبوارى کۆمەڵناسى و ئەدەب و سۆسۆلۆجیاو بیرەوەرى و مێژوى کورددا نوسراون. نەوشیروان مستەفا رێکخەرێکى سیاسى داهێنەرو فەرماندەیەکى پێشمەرگەى کارامەو هوشیار بوە کە هەر لەسەردەمى خوێندکارییەوە تا دەگات بەراگەیاندنى بزوتنەوەى گۆڕان، دەیان زاراوەى سیاسی بۆ رێکخستنى کارى سیاسی و پێشمەرگایەتی داهێناوە، هەر لەبازنەى قوتابیانەوە بگرە دەگات بەمەڵبەند و کەرت و مەکۆو جڤات، لەرۆژگارێکیشدا کە سەردەمى هەڵکشانى چەپ بوە لەکوردستان و ناوچەکەشدا، نەوشیروان لەرووى فکرییەوە نەک هەر بەنوسین بەڵکو "شەڕ"یشى لەسەر ئەوە کردووە کە لەناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان و لەسەر گۆڕەپانى سیاسى کوردستاندا هەژمونى بیر و چالاکى چەپ سنوردار بکات و گەشە بەبیرى کوردستانى بدات. رەنگە روناکترین قۆناغى ژیانى سیاسى نەوشیروان مستەفاش لەدیدى جەماوەرێکى بەرفراوانى کوردستانەوە، دوا دە ساڵى تەمەنى بێت کە دروشمى ریفۆرم و بەرز کردەوەو بزوتنەوەى گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆنى بەمانا راستەقینەکەى راگەیاند، بەم کارەى جوڵەى خستە دۆخى چەقبەستوى کوردستانەوەو ترسى خەڵکى لەدەسەڵات رەواندەوەو ئاستى هوشیاریى خەڵکى بەرز کردەوە. دو ئیزافەى هەرە گرنگى نەوشیروان مستەفا بۆ سەر وافیعى سیاسى لەکوردستاندا: یەکەمیان، پاراستنى سەربەخۆیى بڕیارى گۆڕان بوو، کە بزوتنەوەیەى نەکرد بە بەشێک لەستراتیجى ئێران یان تورکیا. دووەمیشیان، بەپێچەوانەى زۆرێک لەسەرکردەکانەوە، لەخاڵى کۆتایى ژیانیدا لەدیدى چینەکانى خوارەوەى کۆمەڵگەوە نەک هەر وەک دێوەزمە سەیر نەدەکرا، بەڵکو لەهەموو کاتێکى ژیانى زیاتر پێگەى کۆمەڵایەتى بەهێزو لاى جەماوەرێکى فراوان خۆشەویست بوو. لەکوردستانێکیشدا کە هێشتا دامەزراوە بونى نیە، کاریزماو کەسایەتیە گەورەکان رۆڵى گرنگ لەدروستکردنى مێژودا دەبینن، مەرگ و غیابى ئەوان بۆشاییەکى گەورە دەخولقێنێت، کۆچى دوایى سەرکردەیەکى وەک نەوشیروان مستەفاش زەبرێکى گەورە دەبێت بۆ دەنگى ناڕەزایى و ئۆپۆزیسیۆن، چونکە دەسەڵاتدارانى هەرێم حسابی تایبەتیان بۆ ئەم سەرکردەیە دەکرد کە وەک چاودێر و مۆتەکە وابوو بەسەریانەوەو دەیانزانى سەرکردەیەک بەقەبارەى نەوشیروان مستەفا هەموو کاتێک دەتوانێت گۆمە مەنگەکە بشڵەقێنآ و لێیانتێکبدات. بۆیە پێشبینى دەکرێ بەمەرگى نەوشیروان مستەفا بەربەستێکى گەروە لەبەردەم دەسەڵاتداراندا نەمێنآ و دەرفەتى مانۆڕکردن لەبەردەم مەسعود بارزانیدا گەورەتر دەبێت.



سپی میدیا:
پەیوەندیەکی توندوتۆڵ هەبوو لەنێوان گوتارەکانی نەوشیروان مستەفاو ئەو گرووپە نارازییەکانی کۆمەڵگای کوردی، بەڕای بەڕێزت دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەم گرووپانە بێدەنگ و خەفە دەبن، یان بەرەتوندرەوی دەڕۆن؟

سەردار محەمەد: ناڕەزایى بەرامبەر بەگەندەڵى، نایەکسانى و نادادپەروەریى، بەتاڵان بردنى سەروەت و سامانى گشتى، بەر لەراگەیاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە هەبوەو بەمردنى ئەویش کۆتایى نایەت، تا دەسەڵات بەم شێوەیە بڕەو بەنایەکسانى و نادادپەروەرى و لێنەپیچینەوەو گەندەڵى و نادیموکراسى و بەرتەسک کردنەوەى سنورى ئازادییەکان بدات، ناڕەزایى بەردەوام دەبێت و گەورەتریش دەبێت. نەوشیروان مستەفا لەقۆناغێکى هەستیارى مێژوویدا ئەرکى مێژوویى خۆى کرد، کە گوزارشتى لەهەموو ناڕەزاییەکانى کۆمەڵگەى کوردەوارى کرد بەرامبەر بەم دەسەڵاتە و توانى زۆربەى هەرە زۆرى گروپە ناڕازییەکان لەدەورى خۆى کۆبکاتەوە. شتێکى چاوەڕوان کراوە کە پاش کۆچى دوایى ئەو، یەکێتى و پارتى و ئیسلامییەکانیش کار لەسەر ئەوە بکەن هەر یەکەو بەشێک لەم گروپانە بەلاى خۆیاندا رابکێشن، پارتى و یەکێتى کە خاوەنى هێزو پارەن دەیانەوێ لەڕێگەى کڕین و تۆقاندنەوە بەشێک لەم گروپانە بێدەنگ بکەن، ئیسلامییەکانیش لەرێگەى بەکارهێنانى گوتارێکى ناڕازییەوە دەیانەوێ باوەش بۆ ئەو گروپە ناڕازیانە بکەنەوە، بەتایبەتى هێزێکى وەک کۆمەڵى ئیسلامى کە ئەمیرەکەى م.عەلى باپیر بەهەمان ریتمى گروپە ناڕازییەکان دەدوێ و کار لەسەر ئەو بەشە لەپێکهاتەى گۆڕان دەکات کە پێشتر سەر بەلایەنە ئیسلامیەکان بون.

سیناریۆیەکى دیکەى پێشبینیکراوى قۆناغى پاش کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا ئەوەیە، بەردەوامبونى ئەم شێوازە حوکمڕانییەى کوردستان و درێژەکێشانى دەسەڵاتى ئەم نوخبەى سیاسیەى کە لەسەر گەندەڵى و نایەکسانى و تاڵانکردنى دارایى گشتى بوون بەسەرمایەدار، درەنگ یان زوو گروپە ناڕازییەکان بەرەو توندڕەوى و توندوتیژى دەبات، لەبەرئەوەى ئەم نوخبەیە کە دەسەڵاتى سیاسى و دەسەڵاتى پارەى تێهەڵکێش کردووە، درک بەو راستییە ناکات کە کۆمەڵگەى کوردى مەحکومە بەنوێبونەوەو رۆژ بەرۆژ نەوەى نوێ و ئەو هێزە کۆمەلایەتیانە لەم هەرێمەدا گەورەتر دەبن کە بەرژەوەندییان وا دەخوازێ کوردستان سەرلەنوێ لەسەر بنەماى دیموکراسى و ئازادى و شەفافیەت و دادپەروەرى بنیاتبنرێتەوە، بەربەست دروستکردن لەبەردەم ئەم خواستەدا هەتا سەر دادى ئەم نوخبەیە نادات.

سپی میدیا: ئایا دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی و کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا، دەتوانین بڵێن پەردە لەسەر کاریزما سیاسیەکانی ئێمە دادەدرێتەوە، دەتوانین بڵێین کۆتایی قۆناغی کەسایەتییە کاریزمییەکانە لە باشوری کوردستان؟

سەردار محەمەد: بەدرێژایى زیاتر لە 40 ساڵى رابردوو، بەر لەراپەڕین و پاش راپەڕینیش، کەم تا زۆر سێ ئەکتەر رۆڵى سەرەکییان لەسەر شانۆى سیاسى کوردستان و دروستکردنى مێژووى ئێمەدا بینیوە کە (تاڵەبانى و بارزانى و نەشیروان) بوون، هەر ئەم سێ کاراکتەرەش توانیویانە هاوسەنگى هێزو هاوسەنگى سیاسى کوردستان رابگرن و جێ پەنجەیان بەسەر جومگە گرنگەکانى مێژووى ئێمەوە بەجێبهێڵن، هەر سێکیشیانیش کە رۆژگارێکى سەختى پڕ لەزۆرانبازى و راکەراک و کێشمەکێش و ئەزمونى سیاسى لەدواى خۆیانەوە بەجێدەهێڵن، کەسانى پراگماتى و واقیعبین بوون، هەرچەندە هەر یەکەشیان خاوەنى کەسایەتى تایبەت بەخۆیان بوون و کەسیشیان لەوى تریان نەچووە. ئێستا بەنەخۆشکەوتنى مام جەلال و کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا پەردە بەسەر قۆناغێکى مێژوویى ئێمەدا دادەرێتەوە، کە لەبرى ئەوەى سآ کەسایەتى بڕیارى سیاسى کوردى دروست بکەن، تەنها کەسێک دەبێتە خاوەنى بڕیار و سەرکردەى پلە یەکى کوردستان. لەم ساتەوەختەدا دۆزینەوەى جێشنشینێکى هاوشێوەى مام جەلال لەناو یەکێتى و مۆدیلى سەرکردایەتیکردنێکى هاوشێوەى نەوشیروان مستەفا لەناو گۆڕاندا، کارێکى قورس دژوارە، کاریزماى ماجەلال و نەوشیروان مستەفا دووبارە نابنەوە. ئەگەر یەکێتى و گۆڕان نەتوانن ئنسیجامى ناوخۆیان بپارێزن، ئەوا هاوسەنگى هێزو سیاسەت لەکوردستاندا زیاتر بەسوود و بەرژەوەندى پارتى دەکشێتەوەو ئەم هەرێمە زیاتر بەرەو داخران و پاشەکشەى دیموکراسى و دەسەڵاتى تاکڕەوى و مەنزومەى ئەمنى دەڕوات.

سپی میدیا: رای جیاواز هەیە لەسەر ئەو جەماوەرە بەرفراوانەی لە رۆژی ناشتنی نەوشیروان مستەفا بەشداریان کرد، هەندێک پێیوابوو ئیستفتایەک بوو بۆ خەڵکی ناڕازی بەرامبەر دەسەڵاتی کوردی، هەندێک تر پێێیان وابوو شیوەنکردن بوو بۆ مردنی باوک، بەڕێزت چۆن لەم پرسە دەڕوانیت؟

سەردار محەمەد: بەشدار بوونى ئەو جەماوەرە فراوانە لەرێورەسمى بەخاکسپاردنى نەوشیروان مستەفادا، باشترین گوزارشت بوو لەناڕەزایى و بێزاریى خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەدەسەڵات. نەوشیروان مستەفا توانى خواستى هەموو ئەو خەڵکە ناڕازییە لەخۆیدا بەرجەستە بکات، بەنەوەى نوێ و نەوەى کۆنەوە، بەئیسلامى و نائیسلامییەوە، بەچەپ و راستەوە، هەربۆیە مەرگى ئەو بەلاى ئەو جەماوەرەوە وەک باوەڕنەکردن بەئەنجامى هەڵبژاردنێک وابوو، ئەنجامێک کە خواستى ئەوان و جێى پێشبینى کردنى ئەوان نەبوو، بەراگەیاندنیشى مات و تووشى شۆک بوون. بەڕاستى بۆچى بەم ئەندازەیە نەوشیروان مستەفا بەلاى ئەو جەماوەرەوە گرنگە؟ ئەوان شیوەن بۆ مردنى باوکیان دەکەن یان حەیف و داخیانە بۆ "گۆڕان"کارییەک کە چاوەڕوان و بەهیواى بوون و هەرگیز بەدینەهات؟ نەوشیروان مستەفا لەدروستکردنى ئەو هیوایەدا گەورەترین پشکى هەبوو، مردنى ئەو هیواى خەڵکى بەسبەینێکى باشتر کز کردو رەواندەوە، بەتایبەتى ئەو نەوە نوێیەى بەهیواوە تامەزرۆى گۆڕانکارى و ژیانێکى باشتر و دادپەروەرانە بون و مەرگى ئەو لەو هیوایە دوورتر و دوورتریان دەخاتەوە، هەربۆیە کەم نین ژمارەى ئەو کەسانەى پێیانوایە بەکۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا دڵى ئۆپۆزیسیۆن لەلێدان کەوت.

سپی میدیا: پرسیارێکی سووک و ئاسان، نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەیەکی بەرفراوانی ناڕازی بەناوی گۆڕانەوە دروستکرد، دوای مردنی ئەو بزووتنەوەکە لەبەردەم چەندان رێگای جیاوازدایە، ئەم بزووتنەوەیە دوای کۆچی دوای رێکخەرەکەی روو لەکوێ دەکات و بەرەو کوێ دەچێت؟

سەردار محەمەد: بمانەوێ و نەمانەوێ کوردستان وەک هەموو وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست (جگە لەئیسرائیل) خاوەنى دامەزراوەى بەهێز نییە، مەرگ و غیابى کەسە بەهێزەکان، پارتەکانیان و بگرە وڵاتەکانیشیان روبەڕووى راچەنینى گەورە دەکات، زۆرن ئەو کەسانەى بزوتنەوەى گۆڕانیان یەکسان دەکردەوە بەنەوشیروان مستەفا و بەپێچەوانەشەوە، بۆیە بەدڵنیایى ئەرکى سەرکردەو بەڕێوەبەرانى بزوتنەوەى گۆڕان لەقۆناغى داهاتوودا قورستر دەبێت، پرسیارى سەرەکى ئەوەیە بزوتنەوەى گۆڕان بەبێ نەوشیروان مستەفا دەتوانێت بەم قەبارە گەورەیەى ئێستاى بمێنێتەوە کە سەرمایەى سەرەکى دەنگدەرانیەتى؟ بزوتنەوەى گۆڕان بەبێ نەوشیروان مستەفا توانى ململانآ کردنى لەگەڵ یەکێتى و پارتیدا چەند دەبێت کە خاوەنى چەک و پارەن؟ ئایا وەک چۆن هەشت ساڵ لەمەوبەر راگەیاندنى گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە هاوکێشەى سیاسى لەهەرێمى کوردستاندا گۆڕى، بەکۆچى دوایى نەوشیروان مستەفاش دوبارە هاوکێشە سیاسییەکان ناگۆڕێن؟ رەنگە گرنگترین هونەرى سیاسى سەرکردەکانى گۆڕان لەداهێنانى مۆدیلێکى نوێى سەرکردایەتیکردندا بێت، تا تواناى ئینسیجام بەخشین بەپێکهاتە هەمەجۆرەکەى گۆڕانى هەبێت و ئەو هیواو گوڕ وتین و دڵگەرمییە لەنێو هەوادارو دەنگدەرانیدا رابگرێت کە لەسێ هەڵبژاردنى رابردوودا هێزو گەورەیى بەم بزوتنەوەیە بەخشیوە، ئەگەرنا گۆڕان بەبێ نەوشیروان مستەفا ناڕۆشنى سیاسەت و بڕوا بەخۆنەبوون رووى تێدەکات و زیاد لەهەر حزبێکى دیکە بەسەر چەندین گروپى بچوک بچوکى بێدیسپلینى نەوەى نوێ و نەوەى کۆن، ئیسلامى و عەلمانى، چەپ و راست و شارچێتیدا کەرت و پەرت دەبێت.





ئه‌م بابه‌ته 3879 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:13:05/06/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved