پێشکەشکارە بەناوبانگەکەی ڕووداو ئەم کارە بۆ نەوشیروان موستەفا دەکات

هیوا جەمال، پێشکەشکاری دیاری کەناڵی ڕووداو لە نوسینێکی تایبەتدا بۆ کۆچی نەوشیروان موستەفا وێستگەکانی ژیانی لەگەڵ ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەگێڕێتەوە.

هیوا جەمال لە نوسینێکدا کە لەژێر ناونیشانی " ئەو سێ جارەی کاک نەوشیروانم بینی" نووسیویەتی "زۆر شت لە نەوشیروان موستەفا فێربووم کە تەنها بە کردار وەڵام دەدرێتەوە".

دەقی نوسینەکەی هیوا جەمال، پێشکەشکاری کەناڵی ڕووداو:

ئەو سێ جارەی کاک نەوشیروانم بینی
بە بۆنەی چل رۆژ بەسەر کۆچی نەگەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا
هیوا جەمال
رەنگە قورسترین نوسین، تا ئێستا نوسیبێتم، ئەم نوسینە بووبێت کە بۆ مەرگی پیاوێکی تێکۆشەر، ماندونەناس و بڕوابەخۆبوو دەینوسم، لەبەرئەوەی هەرچی بیرم لێدەکردەوە، وامدەزانی نوسین ناتوانێت گوزارشت لەو بکات، بۆیە هەندێ جار بێدەنگی باشترە لە قسەکردن، چونکە قسەکردن ناتوانێت هەستەکانت بگەیەنێت.
یەکەمجار کە نەوشیروان مستەفام بینی، ئێوارەیەک بوو لە ساڵی ١٩٩٢ دوای یەکەم هەڵبژاردنی کورد لە باشوری کوردستان، ئێمە ماڵمان لە کۆمەڵگەی باینجان بوو (کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێبوو حیزبی بەعس دروستی کردبوو، نزیکە لە ناحیەی بازیانی پارێزگای سلێمانی) هەموو کەس چاوەڕێ ئەنجامی هەڵبژاردنی دەکرد، هەوادارانی یەکێتی و پارتی هەموان بەچاوی گومان و تووڕییەوە سەیری یەکتریان دەکرد، دۆخەکە گەرم بوو لەرووی تێکهەڵپرژان و بەیەکدادان، هەمووان بەدیار شاشە بچوکەکانی تەلەڤزیۆنەوە دانیشتبوون، کە ئەوکات زۆربەی ماڵیکان شاشەی ١٥ و ١٦ کەمێکیش شاشەی ٢٤ و ٢٨یان هەبوو، کەناڵێ ناوخۆیی بوو، بە ئەنتێنی سەربان وەریدەگرت، زۆربەی جار لەبەر خراپی کوالێتی وێنە و دەنگەکە بەباشی نەدەگەشت. 
ئەو ئێوارە نەوشیروان مستەفا لە تیڤییەوە ئەوەی راگەیاند؛ یەکێتی و پارتی رێکەوتوون.. ئیتر وەک ئاو بکەیت بە ئاگردا، خەڵک لە بری مۆڕە و خیشکردن لەیەکتر، کردیان بە شای و شەهیان، من ئەوکات تەمەنم ١٤ ساڵان بوو، هیچم لە سیاسەت و ململانێی حیزبی نەدەزانی، بەڵام ئەو پیاوەم خۆشویست، چونکە وەک فریادرەسێک هاتە بەردیدەم.
لە پاش ئەوە بۆ جاری دووەم کە نەوشیروان مستەفام بینی،وابزانم لە ساڵی ١٩٩٧ بوو، من لەگەڵ وەستایەکی دانانی کاشی، کرێکارییم دەکرد، تەمەنم ١٩ ساڵان بوو، رۆژێک وەستاکەم وتی، سبەی دەچین بۆ ماڵێک ئیش دەکەین، بەیانییەکی کاژێر ٧ چوینە ماڵەکە لە گەڕەکی عەلی ناجی، ماڵی کاک نەوشیروان بوو.
ماوەی هەفتەیەک لەوێ کارمان کرد و کاشیمان بۆ دانان، ئەوجارە کە بینیم، نەمناسییەوە، خانوەکەی دوو نهۆمە بەڵام نهۆمی دووەم نیوەیە، ژووری نوستنەکەی لەنهۆمی سەرەوە بوو، بەیانی دووەمبوو لەوێ کارمان دەکرد، پیاوێکی باڵا بەرزی لاواز، کەمێک بەتەمەن، بە کەمی سەری سپی بوو بوو، بە شەرواڵێکی کوردی (لە سلێمانی پێیان دەوت شەرواڵی پەکەکە، چونکە رەنگێکی خاکی هەبوو) و کراسێکی هەڵدوراوی وەک تیشێرت بەسەردا بەردابۆوە، لەسەر ئەو دەستشۆرەی کە لەناورێگەی ماڵەکەبوو، بە گوێزانێکی سەفەری و هەر بە سابوونی ئاسایی دەستی کرد بە ریش تاشین، پاشان هات مەرحەبایەکی ئێمەی کرد، من نەمناسیەوە، وەستاکەم وتی ئەوە کاک نەوشیروان بوو، ناوبانگیم بیستبوو، کە بینیم زۆر سادەبوو، جارێکی دیکە خۆشەویستی چووە دڵمەوە..
زیاتر سادە هاتە بەرچاوم، بۆ ژەمی بەیانی دوو سینییان هێنا، گوێز و هەنگوین و ماستی کوردی لەسەربوو، سینییەک بۆ کاک نەوشیروان رۆشت و یەکیش بۆ ئێمە، هیج جیاوازیییان نەبوو، نیوەڕۆ برنج و شلەی فاسۆلیا و مریشکیان هەبوو، لەو مەنجەڵەی بۆ ئێمەیان تێکرد بۆ ئەویشیان برد، لەکاتی نان خواردن بوو هات، وتی داوای لێبووردن دەکەین ئەگەر نانەکەشمان سادەبێت…
دوای دە ساڵی دیکە، بۆ جاری سییەم لە کۆمپانیای وشە بینیمەوە، کە دەستپێکی کارکردنم بوو، ئیسی بینینەکان زۆربوون، بۆ ماوەی سێ ساڵی یەکەم، هەموو هەفتەیەک لەگەڵیدا کۆدەبووینەوە، کۆبوونەوەکان، دوو مژاری سەرەکییان لە خۆ دەگرت، مژارێکیان، کاک نەوشیروان شیکاریی بۆ گرنگترین رووداوەکانی ئەو هەفتەیە دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جاری باسی ئەو رووداوانەی رابردووی دەکرد کە پەیوەندیدارن بەوەوە، هەروەها باسی چۆنییەتی کاری سیاسی و حیزبی و راگەیاندن.. مژاری دووەمی دانیشتنەکان، پلانی هەفتەتی داهاتووی کاری راگەیەندنمان بوو، هەروەها گفتوگۆ و پرسیار کردن.
یەکێک لەو سیفەتانەی کە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە نەیهێنابو ئەوەبوو کە گفتوگۆ و گەنگەشی زۆرمان دەکرد، ئەوەشم کاتێ زانی کە، هەڤپەیڤینێکیم لەگەڵ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامدا بۆ رۆژنامەی رۆژنامە، پاش هەڤپەیڤینەکە، لێی پرسیم، کاک نەوشیروان چۆنە لەگەڵتان؟ قسەتان لەگەڵ دەکات؟ گوێ دەگرێت؟ وتم بەڵی، قسە دەکەین، رەخنەی لێدەگرین، گفتوگۆی گەرممان دەبێت، دەعوەتمان دەکات و پێکەوە نان دەخۆین. جا وتی؛ ئەوە ئەو کاک نەوشیروانە نییە کە لای ئێمە بوو، ئێمە نەماندەتوانی وەڵامی بدەینەوە.. 
زۆر شت لە کاک نەوشیروان فێر بووم، دووبارەی دەکەمەوە بۆ من مامۆستا بوو لە بواری راگەیاندن و لەبواری سیاسیش، ئەوەی کە زۆرجار جەختی لێدەکردەوە، دەیوت کورد بە کەم نیشان مەدەن، لە راگەیاندن کارێک مەکەن خەڵک بە ترسەنۆک نیشان بدەن، چەند جارێک ئەو نمونەی دەهێنایەوە، دەیوت بۆ نمونە ئێران یان توورکیا دوو تۆپ دەنێت بە گوندەکانی سەرسنوورەوە، ئەگەر ئێوە هەواڵەکە وا دابرێژن کە خەڵک گوندەکانیان چۆڵکردوە هەڵاتوون ئەوە وای نیشان دەدەن کە کورد ترسنۆکە، ئێمە رووبەڕوی بەعس بوینەتەوە ئیتر چۆن دەبێت وای نیشان بدەن خەڵکی ئێمە دەترسێت. 
ئەمە خاڵێکە لەو هەزاران رستە و کتێبەی کە من لێی فێر بووم، نوسین تەنها بۆ ئاودانی دڵ و بۆ خەمڕەوێنییە، ئەگینا ئەوانی لەو فێربووین تەنها بە کردەوە وەڵام دەدرێتنەوە..
رۆحت شاد، لەگەڵ جوامێرەکانی نیشتمان و ئەوانەی تەمەنیان بۆ بەرگری لە مافی ئەم میللەتە تەرخانکردووە.
دەزانم دیسان هەندێک بەم نوسینە قەڵس دەبن یان هەرشتێکی دیکە، گەنگ نییە بەلامەوە گرنگ ئەوەیە من چیم دەوێت ئەوە دەڵێم، تۆش چیت دەوێت دەتوانیت بیڵێیت لە وەڵی فەیسبووکی خۆت..




ئه‌م بابه‌ته 64027 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:04:28/06/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved