کۆمسیۆن لەبەردەم یەکەم تاقیکردنەوەدا

نووسینی: ئارام
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ریفراندۆمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، کاتێک کە لەم ماوەیەدا سێ پرۆسەی گرنگ ئەنجام دەدات، پرۆسەی دەنگدان لەسەر ریفراندۆمی باشووری کوردستان و، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، سەرۆکی هەرێم ئەنجام دەدرێن.

ئەم کۆمسیۆنە کە لە پێکهاتە سیاسیە گەورەکانی هەرێم دامەزرا، بە تاقیکردنەوەیەکی قورسدا تێپەڕدەبێت، لەلایەکەوە نوێنەری حیزبەکان سەرکردایەتی ئەو کۆمسیۆنە دەکەن، لەلایەکی ترەوە نە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نە رێکخراوە جیهانییەکان دەستیان بەم کۆمسیۆنەوە گرتووە، تا توانای کارمەندەکان و پێدوایستی لۆجستی تەواویان لەبەردەمدا بێت کە بتوانن بە شێوەیەکی پاک ئەو دوو پرۆسەیە ئەنجام بدەن.

وردبوونەوەیەکی بەپەلە لە کارەکانی ئەم کۆمسیۆنە دەگەیتە ئەو راستییەی، هەست دەکرێت ئەو کۆمسیۆنە سەرشانی خۆی زۆر قورس کردووەو زەحمەتە ئەو سێ پرۆسیەیەی لەبەردەمیدایە ( دەنگدانی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم ) بەپوختی ئەنجام بدات.

سەرەتا ئەم کۆمسیۆنە لە کۆبوونەوەی ٧ ی حوزیرانی ئەمساڵ کە لەگەڵ سەرکردەی حیزبەکان بە ئامادەبوونی
بارزانی کۆبوونەوە، بە راشکاوی ڕایانگەیاندبوو کە ئەوان دەتوانن ریفراندۆم ئەنجام بدەن، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستیان بە شەش مانگە، ئێستا نەک ئەو هەڵبژاردنە، بەڵکو هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمیشی چۆتە سەر، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا کۆمسیۆن چۆن دەتوانێت ئەو سێ پرۆسەیە لەو کاتە دیاریکراوە کورتەدا ئەنجام بدات؟

لە کوردستاندا لەهاتنی ئەمەریکاو رووخانی رژێمی پێشووەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، چەند هەڵبژاردنێک لە عێراق و کوردستان کراوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردنانەی کردووە، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق بە کوردستانیشەوە ئەو هەڵبژاردنانە پوخت و بێلایەنانە بەڕێوەنەچووە، هەر لە ئامادەکردنی لیستی دەنگدانەوە، تا هەڵمەتی نا هاوسەنگی هەڵبژاردن و تا رۆژی دەنگدان و دواتریش جیاکردنەوەی دەنگەکان و راگەیاندنی ئەنجامەکان، تێکڕای پرۆسەکە لێوان لێو بووە لە پێشێلکاری و کاری ساختە، ئایا ئەم کۆمسیۆنەی کوردستان چ پلانێکی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە؟

ئەگەر هەڵبژاردن تەنها بۆ ئەوە بێت ژمارەیەکی تر بخرێتە سەر هەڵبژاردنەکان و گوزارشت لە دەنگی حەقیقی دەنگدەران نەکات، ئەوا نەکرێت باشترە، بۆیە پێشبینی ناکرێت ئەم کۆمسیۆنەی کوردستانیش بتوانێت سەرپەرشتی پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی پوخت بکات.

کۆمسیۆن لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورسدایە، سەرەتای بڕیار و کارەکانیان پێشبینی باشیان لێ ناکرێت، با ئەم ماوە کورتەش چاوەڕێ بکەین .. بزانین چی لەم تاقیکردنەوە قورسە پێشکەش دەکەن..!  





ئه‌م بابه‌ته 2250 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:16:07/09/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved