هەفتەی داهاتوو پارەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. ئالان حەمە سەعید ئاشکرایکرد هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە دابەشکردنی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ.

 
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ شوبات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "رەزامەندیی وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی ئەو شایستە دارییە وەرگیراوە و فەرمانیش بە گەنجینەکان کراوە بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە، هەفتەی داهاتوو لیستەکان رەوانەی گەنجینەکان دەکەین و لەوێشەوە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەفتەی ئایندە دابەش دەکرێت".

دەربارەی کردنەوەی قوتابخانەکان و کێشەی کۆرۆنا، وەزیری پەروەردە وتی "هەرچەندە ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا کەمبووەتەوە، بەڵام "جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت لەنێو ناوەندەکانی خوێندن رێنماییەکان لە پۆشینی دەمامک و بەکارهێنانی پاککەرەوەکان و تێستکردنی مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران بە ئامێری گەرمی پێو جێبەجێبکرێن، تا رادەیەکی زۆریش توانیومانە رەچاوی دووری نێوان قوتابیان و خوێندکاران لەنێو ناوەندەکانی خوێندن بکەین.

 
د. ئالان حەمەسەعید ئەوەشی خستەڕوو " هەموو رۆژانی پێنجشەممە پاش کۆتاییهاتنی دەوام داتاکان دەگەنەوە وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە بزانێت ئاستی تووشبوون لە ناوەندەکانی خوێندن چەند بووە"، وتیشی"چەند تووشبووێک تۆمارکراون، بەڵام زۆر کەمن". 

 
لەبارەی ژمارەی قوتابیان، مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە ئالان حەمەسەعید دەڵێت: زیاتر لە ملیۆنێک و٧١٥ هەزار قوتابی حکومی و زیاتر لە ١٠٠ هەزار قوتابی ناحکومی و زیاتر لە ١٣٠ مامۆستای میلاک و ٣٠ هەزار فەرمانبەر و هەزاران وانەبێژمان هەیە، کە کۆی گشتی دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن کەس. 

 


PM:02:53:11/02/2021