لەلایەن ئاسایشی زاخۆ بەرپرسێكی یەكێتی دەستگیرکرا

ئەمڕۆ كادیرێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هاوکات ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەناحیەی دەركاری سەر بە قەزای زاخۆ لەلایەن ئاسایشی ناحیەكەوە دەستگیركرا.

 

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەلا نەزیر بەرواری ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان ( كەنەكە) و ئەندامی كاروباری كۆمەڵایەتی كۆمیتەكەیان لەماڵەکەی خۆیدا لەناحیەی دەرکاری سەر بە قەزایی زاخۆ دەستگیرکرا.

 

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی کەدەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، هێزێکی ئاسایش بە چەند ئۆتۆمبێلێك چونەتە سەر ماڵەكەی لە ناحیەی دەركار دەستگیریان كردووەو هەموو كەلەوپەل و مۆبایل و كۆمپیوتەریان لەگەڵ خۆیاندا بردووە. 

 

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئاسایشی ناحیەی دەرکار بە تۆمەتی ئەندامبون و کارکردن لەپارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی داوەتە پاڵ ئەو کادرەی یەکێتی ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی ناوبراو ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)یە. 



PM:08:03:11/02/2021