پەرلەمانتارێك هۆكاری گرانبونی نرخی به‌نزین و مه‌ترسیه‌كانی ئاشكراده‌كات

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان هۆكاره‌كانی گرانبونی نرخی به‌نزین و مەترسییەکانی ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت" مه‌ترسی كوالێتی چه‌ندین جار له‌ نرخ مه‌ترسیداتره‌، به‌ڵام نرخ ڕاسته‌وخۆ هاوڵاتی هه‌ستی پێده‌كات، به‌ڵام كاریگه‌ری ژه‌هری به‌نزین درێژخایه‌ن و كوشنده‌یه‌".

 

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك لە پەیامێكدا بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم نوسیویەتی" ماوەی سێ ساڵە ھەم لە کۆبونەوەکان  ھەم وەک یاداشت، ئەم داواکاریەتان لێدەکەم.. ھەم لە ڕووی تەندروستیەوەو ھەم لە ڕووی داراییەوە خزمەت بە خەڵکی کوردستان دەکات، ھیچ وەڵامێکی زانستی نیە بۆ نەکردنی ئەم کارە.. بەپێی بەدواداچونی ئێمە ئەوەی لە کوردستاندا بەکاردێت بەشی ھەرە زۆری بەنزین نیە ئۆکتان 92 بۆ سەرەوە بێت مانای ئەوەنیە بەنزین بێت!".

 

ئاماژەی بەوەشکردوە" چەندین گۆڕەپانی بێمۆڵەت، بەبێ چادێری ھیچ دامەزراوەیەک لە تێکەڵکردنی کۆندێن سەیت و نەفتاو بەرزکەرەوەی ئۆکتان و پترۆ کیمیاوی ئێران پێکھاتەیەک دروستدەکەن ئۆتۆمبیل کاری پێدەکات، بەڵام رەساسێکی زۆر دەکات بە قوڕگی خەڵکدا و ھۆکاری سەرەکی شێرپەنجەیە! ئەوەی لە ئێرانیشەوە دێت ھەمان گرفتی ھەیە، ئۆتۆبێل لە ئێران لێبخوڕەو لە کوردستانیش لێ بخوڕە زۆر باش دڵنیا دەبیتەوە ئەوەی بۆ ئێرە دێت، ئەوە نیە لەوێ بەکاردێت".

ئەو پەرلەمانتارە گرانبونی بەنزین بۆ دوو هۆکاردەگەڕێنێتەوە و دەڵێت" ھەرچەندە کوالیتیەکە خراپیش بێت، لە ھەموو حاڵتێکدا نرخ گراندەبێت بە دوو ھۆکار یەکەم: ئەم پێکھاتانەی "بەنزین" ی پێدروستدەکرێت پەیوەستە بەنرخی نەوتەوە، بەگرانبونی نرخی نەوت ئەویش گراندەبێت، دووە: پێکھاتەکان و بەنزینیش بە دۆلار بازرگانەکان دەیکڕن و بەنزینخانەکان بە دینار دەیفرۆشن، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی کوالێتی چەندین جار لە نرخ مەترسیداترە، بەڵام نرخ ڕاستەوخۆ ھاوڵاتی ھەستی پێدەکات، بەڵام کاریگەری ژەھری بەنزین درێژخایەن و کوشندەیە".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، چارەسەری بابەتی بەنزین ئەوەیە سێ پاڵاوگەی گەورە لە کوردستانن دەتوانن ڕۆژانە 165 ھەزار بەرمیل نەوت بپاڵێون.( یەکێک بۆ عێراق کاردەکات، یەکێک کارناکات، یەکێک نەوت لە سوریا دێنێ و بۆ خۆی کاردەکات)، پێویستە حکومەتی ھەرێم نەوتی خام لە ڕێگای ئەم سێ پاڵاوگەوە بپاڵێوێت و بە بەرھەمی پاڵاوتنەکە پێداویستی ناوخۆ دابین بکات.

جەختیش دەکاتەوە ئەو ھەنگاوە لە ڕووی ئابوری و تەندروستییەوە خزمەتی گەورەی ھەرێم دەکات، "سێ ساڵە من بە بەردەوام ئەم داواکاریەم ھەیەو ھیوادارم ئەم جارە گوێمان لێبگیرێت. 



PM:11:00:11/02/2021