ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە قۆناغی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان کە رێژەکەی (پێنج هەزار) ڤاکسینە.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە هەرێم، ڤاکسینەکە لەسەر رێنماییەکانی وەزارەتەکەمان دابەشدەکرێت و هەفتەی داهاتوو کاروانێکی دیکەی ڤاکسین دێتە عێراق و پشکی هەرێمیش لەو ڤاکسینەدا دەبێت".
بەپێى زانیارییەکان ئەو بڕە ڤاکسینەى گەیشتوەتە هەرێمى کوردستان لە کۆی ٥٠ هەزار ژەمە ڤاکسینە چینیەکە، پێنج هەزاری بۆ هەرێمە بەپێیەش ٢٥٠٠ کەس لەو بڕە ڤاکسینە سوودمەند دەبن.
لای خۆشیەوە، كونسوڵی چین لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە پێدانی ئەو ڤاكسینە لە چوارچێوەی هاووكارییەكانی وڵاتی چینە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان.