وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی: ژنان وه‌ك كاڵا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ده‌كرێت

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" تا ئێستا لە زۆر شوێن و بواردا ژنان سەرزەنشت و ژێرچەپۆك دەكرێن و زۆرجار وەك كاڵا مامەڵەیان پێوە دەكرێت". 

 

وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی رۆژی هه‌شتی ئاداری رۆژی جیهانی ئافره‌تان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند" زیاتر لە سەدەیەكە خەڵكی لە هەمو شوێنێكی جیهان، یادی رۆژی جیهانی ئافرەتان دەكەنەوە لەبەرئەوەی ئەو رۆژە تایبەت بە ئافرەتانە و لەو رۆژەدا بو لە نیوۆرك ‌بە هەزاران ئافرەت رژانە سەر شەقامەكان و داوای مافی كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی كاركردن و باشتركردنی بارودۆخیان دەكرد، لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی نەتەوە یەكگرتوەكان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەكانی بڕیاریاندا ئەو رۆژە بكرێتە رۆژی ئافرەتان تا ئەمڕۆ و داهاتوش بەردەوامی دەبێت". 


ئەوەشی خستەڕوو، داواكاریەكانی ئەمڕۆ و ئەوكات وەكو یەكن؟ ئایا دابونەریت و سیستمی وڵاتان وەك ئەو كاتە؟ یان هەمو سستەمەكان لە هەمو وڵاتێكدا وەك یەكن؟" ، بێگومان نەخێر لەبەرئەوەی داخوازیەكان لەگەڵ سەردەمەكان و لە شوێنێك بۆ شوێنێك جیاوازی هەیە، بەڵام لە ئامانجدا هەمویان یەكدەگرنەوە و یەك داوا بەرزدەكەنەوە ئەویش مافی ئافرەتانە، كە ئەو كات مافەكان تەنها لە كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی كاركردن و بەرزكردنەوەی كرێی كاركردنیان و باشتركردنی دۆخی ئیشكردنیان بوبێت، ئەوە ئەمڕۆ زۆر زیاتر لەوەیە .


وەزارەتەكە باسی لەوشکردووە، ئەمڕۆ لە سەرا‌نسەری جیهاندا ئافرەتان لە كایەكانی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی ئابوری و كۆمەڵایەتیدا پێشەنگن و پێویستە لەسەر ئەو ئاستە مامەڵە و خوێندنەوەی بۆ بكرێت، لە هەمانكاتیشدا تا ئێستا لە زۆر شوێن و بواردا ژنان سەرزەنشت و ژێرچەپۆك دەكرێن و بە بیانوی شەرەف و ناوزڕاندنەوە هەڕەشەیان لێدەكرێت و دوردەخرێنەوە بە بیانوی دابونەریتی كۆمەڵایەتی پەراوێزدەخرێن، زۆرجار وەك كاڵا مامەڵەیان پێوە دەكرێت.


ئاماژەی بەوەشكرد" وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە كارنامەی خۆیدا بە جدی كار بۆ پێداچونەوە بەو بارودۆخەدا دەكات و لە رێگای دامودەزگاكانیەوە هەوڵی ئەوەدەدات روبەروی هەمو زوڵم چەوساندنەوەیەك ببێتەوە كە بەرامبەر ئافرەتان دەكرێت، لەو چوارچێوەیەشدا، بەردەوام دەبین لە بەرزكرنەوەی توانایان و پێدانی هەلیكار و هۆشیاركردنەوەی ژنان و كۆمەڵگە بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە ناهەموارەی ئافرەتان پێیدا تێدەپەڕن و بۆ ئەم مەبەستە لە رێگای شەڵتەرەكانەوە پارێزگاری لەو ئافرەتانە دەكەین كە هەڕەشەیان لەسەرە و دەیانپارێزێت تا كێشەكانیان چارەسەر دەبن، هەروەها ماڵ و خانەی تایبەتی بۆ منداڵان و گەنجان و بەسەڵاچوان هەیە كە بێ نەوان و بێكەسن جگە لە كردنەوەی چەندین خولی پیشەیی بۆیان تا فێری كارێك بن و بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و خاوەن سەرمایەی خۆیان بن، لە هەمانكاتیشدا یەكەی جێندەریمان كردۆتەوە و لەو رێگەیەوە گرنگی بە یەكسانی جۆری كۆمەڵایەتی دەدەین و لە هەوڵی ئەوەداین یەكسانی جێندەری بۆ ژن و پیاوان برەخسێنێت و ئەمەش لە رێگای ئەنجامدانی خول و كۆنگرە و كۆنفڕانسەوە دەبێت كە ئامانج لێی تێكهەڵكێشكردنی جۆری كۆمەڵایەتیە لە تەواوی دامو دەزگاكانی سەر بە وەزارەتمان". 



PM:02:31:07/03/2021