دابەشكردنی بەنزین بە تاك و جووت دەكرێت

 بۆ رێگریکردن لە دروستبونی قەیرانی سوتەمەنی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بەشه‌ به‌نزینی شۆفێران بەشێوەی تاک و جوت دابەش بکرێت.

سەفیزن دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بڕیاردرا کە لەمڕۆوە بەنزین رۆژێك بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە تاك بێت و رۆژێكیش بۆ جوت.

دزه‌یی وتی: "لە كوردستان هەمان ئەو بڕە بەنزینە بەرهەمدەهێنرێت كە پێشتر بەرهەم هاتوە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی بەرهەمی پاڵاوگەی بێجی وەستاوەو ناگاتە هەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچەكانی دیكەش لە هەرێمەوە بەنزین دەبەن، قەیرانی كەمیی بەنزینی دروستكردوە".

راشیگه‌یاند: کە تا كێشەكانی  عیراق ئاڵۆزتر بن، كاریگەریی زیاتر لەسەر هەرێم دەبێت.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رایگه‌یاند:  بڕیاردراوە سیستەمی كۆبۆن بۆ دابەشكردنی بەنزین و گاز دەستپێبكەنەوە.

وتیشی "تا ئەوكاتەی كۆبۆنەكان ئامادەدەكرێن و چاپدەكرێ، بڕیاردراوە لە ئەمڕۆوە پەیڕەوی ژمارەی تاك و جووت بكرێت، واتە رۆژێك بەنزین دەدرێتە ئەو ئۆتۆمبێلانەی دوا ژمارەیان تاكە و رۆژێكیش ئەوانەی دوا ژمارەیان جوتە".

به‌هۆی كێشه‌ ئه‌منیه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌واو ده‌ستبه‌رداگرتنی پاڵاوگه‌ی بێجی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌، قه‌یرانی به‌نزین له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ئه‌مه‌ش وای له‌ حكومه‌ت كرد جارێكی دیكه‌ كار به‌ سیستمی كۆبوون بكاته‌وه‌.



PM:02:14:19/06/2014