یەكگرتوو و كۆمەڵ لەهەولێر و سلێمانی‌و هەڵەبجە یەكدەگرن

یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی یەكخستنی فراكسیۆنەكانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و لە دواڕۆژیشدا لە هەڵەبجە راگەیاند.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 21/6/2014، شاندێکی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە سەرپەرشتی عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و محەممەد فەرەج، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان لە سلێمانی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەنجام دا.

بەپێی بەلاغی هاوبەشی ئەو دوو لایەنە، هۆكاری ئەو یەكگرتنەوەیان بۆ "دڵخۆشكردنی جەماوەری ئیسلامخوازی هەرێمی كوردستان" گەڕاندەوە و هیوایان خواست كە "زەمینەسازبێت بۆ هەنگاوی چۆنایەتی تر لەسەر ئاستی كۆی تەوژمی ئیسلامی كوردستانی".

دەقی بەلاغی کۆبوونەوەی باڵای یەکگرتوو و کۆمەڵ:

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

بەلاغی كۆتایی دانیشتنی وەفدی باڵای كۆمەڵ و یەكگرتوو لەمەڕ یەخستنی فراكسیۆنی پارێزگاكان

دوای چەند ساڵێك لە لیژنەی كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا وەك وەڵامدانەوە بەخواستی جەماوەرێكی بەرچاو و پەیداكردنی ئومێدێكی زیاتر بە ئایندەی رۆڵی ئیسلامییەكان لە كوردستان بە مەبەستی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەكەمان و بیناكردنەوەی سیستەمی سیاسی و كارگێڕی و بەرەوپێش بردنی هەنگاوەكانی چاكسازی، لە كۆبوونەوە هاوبەشەكەی ئەمڕۆیدا بڕیاردرا بە یەكخستنی فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێرو لە دواڕۆژیشدا هەڵەبجەو كاركردن لە ئاستی سەرجەم ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم لە ژێر ناوێكی نوێ دا كەلە داهاتوودا رایدەگەیەنین. هەردوولا هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی دڵخۆشكردنی جەماوەری ئیسلامخوازی وڵاتەكەمان و بشبێتە زەمینەسازكردن بۆ هەنگاوی چۆنایەتی تر لەسەر ئاستی كۆی تەوژمی ئیسلامی كوردستانی لەپێناو خزمەتكردنێكی زۆرتری گەل و وڵاتەكەمان و هاووڵاتیانی خۆشەویست.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
21/6/2014



PM:03:59:21/06/2014