کەشناسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ دووشەممە شەپۆلێکی باران بارین روو لەناوچەکانی هەرێم دەکات و کاریگەریەکەشی تا رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت".
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد" سبەى دووشەممە ئاسمانى هەرێم بە گشتى نیمچەهەورو هەورى تەواو دەبێت، پێشبینى باران بارین لە هەندێ کات بۆ سەر ناوچە شاخاوییە سنووریەکان و بەرزەکانى ناوچە جیاجیاکانى هەرێم لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ، سەرەتا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک و پاشان بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر".
ڕاشیگەیاندووە" لەگەڵ زیادبوونى خێراى با ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ بۆ زۆربەى ناوچەکان کە دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى مەوداى بینیى ئاسۆى و ستوونى، خێرایی باى پێشبینیکراو لە نێوان (20-35)کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت هەندێ ناوچە بۆ سەرووى 35کم لە کاتژمێرێکدا".
باسی لەوەشکراوە، رۆژى سێ شەممە کاریگەرى ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەى لە کەشى ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت پێشبینى باران بارین لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە بەشێوەى نمە باران هەیە لە هەندێ کات، وە بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکان باران بارین زیاتر دەبێت و هەورە تریشقەش لەکاتى باران دەبێت خێراى باش هەندێ کات زیاتر دەبێت.