بەپێی ئامارێكی بەڕِێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، لەماوەی دوو مانگی رابردوودا 140 كەس بەتۆمەتی دزیكردن دەستگیراون كە لەناو دزەكانیشدا عەرەبو توركو كوردی تێدایە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی نەقیب سەركەوت ئەحمەد رایدەگەیەنێت، لەماوەی دوو مانگدا لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە 140 كەسیان بە تۆمەتی دزی كردن دەستگیركردوە كە دزی ماڵانو ئۆتۆمبێلو دوكانو گیرفان بڕینی تیادابووە.
ئاماژە بەوەش دەكات هەندێك لەدزیەكان لەلایەن ژنەوە كراوەو لە دوكانی زەڕنگەرەكان دزیانكردووە.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد لەلێدوانێكیدا بۆ خەندان ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەوانەی دەستگیریان كردون عەرەبو كوردو تەنانەت خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵاتیشان تیادایە، راشیدەگەیەنێت "تۆمەتباری عەرەبیش دەستگیركراوە كە هاتوون بۆ دزی لە بانكەكان، هەروەها كوردو توركو هەندێك رەگەزی دیكەشی تیادایە".