تەرمی ئەو باوک و کچەی کەوتنە ڕووباری گەلی عەلی بەگ دۆزرانەوە

دوای ئەوەی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٥ی ئایار خێزانێکی سێ کەسی کە لە دایک و باوک و منداڵێک پێکهاتبوون، لە سەیرانگای گەلی عەلی بەگ خنکان و تەرمی دایکەکە دۆزرایەوە، هاوکات ئەمڕۆ دوای پێنج ڕۆژ لە خنکانیان تەرمی ئەو باوک و کچە دۆزرانەوە. 

بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی قەزایی سۆران لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" تەرمی ئەو باوک و کچەی رۆژی ١٥ی ئەم مانگە کەوتنە ڕووباری گەلی عەلی بەگ ئەمڕۆ چوارشەممە لە رووباری خەلان دۆزرانەوە".

باسی لەوەشکردووە، ئەو خێزانە پێکهاتبوون لە پیاوێک و ئافرەتێک لەگەڵ کچە تەمەن سێ ساڵانەکەیان، کە لە رووباری گەلی عەلی بەگدا خنکان، هەمان رۆژ تەرمی ئافرەتەکە بە ناوی (ع، ح، ب)ی تەمەن ٢٢ ساڵان دۆزرایەوە.

ئاشکراشیکرد، ئەو خێزانە خەڵکی ناوچەی شەنگالن و دانیشتوی شارەدێی بەحرکەن، لە ئێستادا تەرمی هەردوکیان لە پزیشکی دادی سۆرانە. 



PM:04:36:19/05/2021