شەپۆلێکی نمە باران ڕوو لە شارەکانی هەرێم دەکات

کەشناسێکی شارەزا پێشبینی دەکات هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی گەرما و نمە باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات. 

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشبینی دەکات کە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا ڕێککەوتی ٢٢ی ئایار، شەپۆلێکی نمە باران ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکات، ھەر لەگەڵ کاریگەری ئەو شەپۆلەدا گەرماش روودەکاتە ناوچەکە کە ئەوەش لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەکی لاوازی دەریای ناوەراستەوە سەرهەڵ دەدات.   

ڕونیشکردەوە، کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ شەو ئاسمانیی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و لەگەڵ چالاکبوونی گڕە با و ئەگەری دروستبوونی ھەورە بروسکە و نمە باران لەھەندێک کات و ناوچەی سنوریی پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە، دھۆک، ھەولێر و راپەرین، لەناوچە شاخاوییەکانیدا کاریگەری زیاتر دەبێت. 

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی ئایار کاریگەری شەپۆلی گەرما دەستپێدەکات پلەکانی گەرمی بەرێژەی ٢ پلەی سیلیزی بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ، لە سەنتەری پارێزگاکاندا لەنێوان ٣٨ بۆ ٤` پلەی سیلیزی دەبێت و لە ناوچە نزمەکان و ناوچەکانی گەرمیان لەنێوان ٤٠ بۆ ٤٣ پلەی سلیزی دەبێت. 



AM:12:01:20/05/2021