بڕیارە ئەمڕۆ یەک شەممە وەفدی دانوستانکاری هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بۆ یەکلاییکردنەوەی ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ ی عێراق بگاتە بەغدا.
وەک " سپی " زانیوویەتی وەفدکە ئێوارەی ئەمڕۆ دەگەنە بەغداو لە سبەیەوە دوو شەممە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و لیژنە تەکنیکیەکان دەستپێدەکات.
چوونی وەفدەکەی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی وەک پێشاندانی ئامادەیی هەرێمە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ و ئەو ئیلتزاماتەی دەکەوێتە سەری.
پێدەچێت وەفدەکەی هەرێم ئاوێتەیەکی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و کەسانی تەنکیکی بن بۆ یەکلایکردنەوەی تەواو میکانیزمی ناردنی پشكی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
تا ئێستا حکومەتی هەرێم مانگانە مووچە بە لێبڕینی ٢١٪ دابەشدەکات و بەرپرسانی حکومەت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە ساتی ناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە ئەگەری لابردنی پاشەکەوت بەهێزە.