ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" جگە لە داھاتی ناوخۆ تاوەکو ئێستا داھاتی نەوتیش نەھاتوەتەوە خەزێنەی گشتی، بۆیە دابەشکردنی مووچە لە ئاستێکی زۆر سستدایە".
عەلى حەمە ساڵح ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە" ئەمڕۆ بۆ ھۆکاری دابەشنەکردنی موچە بەدواداچونم کرد، بەداخەوە پارەی پێویست ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و حیزب دەستی بەسەر داھاتدا گرتوە، جگە لە داھاتی ناوخۆ تاوەکو ئێستا داھاتی نەوتیش نەھاتوەتەوە خەزێنەی گشتی، بۆیە دابەشکردنی موچە لە ئاستێکی زۆر سستدایە،
حوکمڕانی و گەندەڵی و دزینی داھاتی گشتی لە قۆناغێکی مەترسیداردایە".
ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەم ستەمکارانە، بە قاچاخچێتی و کۆمپانیاکاری خاڵی سنوری و گەندەڵی و کۆمپانیاکاری نەوت و بردنی داھاتەکەی و داگیرکردنی زەویە نایەبەکان و بردنی سەدان ملیۆن دۆلاری ئەم وڵاتە تێرنابن، بەوەش ڕازینین دەیان ھەزار کادریان بەنایاسایی خانەنشینکردوە، ئێستا دەستیان بەسەر داھاتی ناوخۆو پارێزگاکانیشدا گرتوەو ناھێڵن موچەی پێدابەشبکرێ، تەنانەت ئەو (٢١)دۆلارەی لە بەرمیلێک نەوت دەگەڕایەوە تاوەکو ئێستا ناڕونە".
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە حیزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش لەبەر ھەر ھۆکارێک بێت بێدەنگ بێدەنگ لەم تاڵانی و برسیکردنەی خەڵک دەڕوانن، ئەرکی وەزیری داراییە لە زووترین کاتدا بێتە پەرلەمان و ھەموو ئەو ڕاستیانە بڵێت، کە ئامادەش نین دەستبەرداری تاڵانی ببن، ئەم قاسە بەتاڵەیان بدرێتەوە.
عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشکردووە، ڕێگا نادرێت پەرلەمانیش لەسەر ئەم نادادی و بردنی ھەڵوێستی ھەبێت و دانیشتن بکات، بەدڵنیایی دانیشتنی پەرلەمان لەسەر ئەم دۆخە نەکرێت ڕێگا بەدانیشتنی پەرلەمان نادەین، بێدەنگی لەدزینی داھات و برسیکردنی خەڵک، بەشداریە لەم تاوانە.