ئەندامێکى شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێم ووردەکارى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆیان لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق ئاشکرا دەکات و دەشڵێت" لەکۆبونەوەى داهاتوو لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق، بڕیارى یەکلاکەرەوە لەسەر بابەتى پشکى هەرێم دەدرێت".
خالید شوانى، ئەندامى شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیای گۆڕانی راگەیاند" لەمیانى سەردانەکەیاندا بۆ بەغدا لیژنەى تەکنیکى هەرێم ولیژنەى تەکنیکى وەزارەتى دارایى عێراق کۆبونەوە، هاوکات شاندە سەرەکیەکەش لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق کۆبونەوە".
سەبارەت بە ووردەکارى کۆبونەوەکەش، خالید شوانى وتی" تەواوى ئەو ئەرکانەى کە پێویستە حکومەتى هەرێم بەپێى مادەى (11) یاساى بودجەى عێراق بۆساڵى (2021) جێبەجێ بکات، لە چوارچێوەى راسپاردەیەکدا پێشکەشى لایەنى عێراقیمان کرد کە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە".
رونیشیکردەوە، قۆناغى یەکەم بریتیە لە وردبینى کردنى داهاتو و خەرجى هەرێم لەلایەن چاودێرى دارایى عێراقەوە، لەئێستادا لیژنەیەکى چاودێرى دارایى عێراق لە هەولێرن و وردبینى خەرجى و داهات دەکەن، قۆناغى دووەمیش بریتیە لە رادەستکردنى داهاتى نەوت ئاشکراکردنى خەرجى و داهاتى نەوت ئەوەشیان جێبەجێ کراوە، قۆناغى سێیەمیش بریتیە لەبابەتى قەرزەکان کە لەئێستادا بانکى بارزگانى عیراق (T.B.I) کارى لەسەر دەکات.
باسی لەوەشکرد، لەکۆبونەوەى داهاتوشیاندا لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق، بڕیارى یەکلاکەرەوە لەسەر بابەتى پشکى هەرێم دەدرێت، چاوەڕوان دەکرێت ئەم مانگە لەگەڵ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى عێراقدا، حکومەتى فیدراڵى پشکى هەرێم لە بودجەى ئەمساڵى عێراق رەوانە بکات.