لە کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی هەردوولا رێککەوتن کە هەماهەنگی لەسەر ئاستی حکومەت و پەرلەماندا بکەن.
کۆبوونەوەکە وەک میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردۆتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە دەباشان کۆبوونەوەیەکی باڵای هەردوولا بەڕێوەچوو، بۆ تاووتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بەكاروباری حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی سلێمانی.
ئەوەش خراتەڕوو، هەردوولا هاوڕابون كە كێشە هەنوكەییەكانی ئەمڕۆی كوردستان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان پێویستی بەهەماهەنگی زیاتری هەردوولا هەیە و پێویستە هەنگاوی جدی و عەمەلی بنرێ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان.
لەکۆبوونەوەکەدا باس لەڕێكەوتنی یەكێتی و گۆڕانیش كراوە، لەگەڵ چۆنێتی جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كەماون و پێویستە جێبەجێ بكرێن و پەیوەستن بەدامودەزگاكانی حكومەت.
هەردوو پێشنیاریان کردووە كۆبوونەوەكان بەردەوامییان هەبێت بۆ سەرخستنی تەواوی رێكەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان كە ئەمەش رەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر هاوپەیمانێتی كوردستان و چۆنێتی چوونە نێو هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک دەنگوباسی دزە پێکراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆتە مایەی نیگەرانی پارتی و هەروەها قوڵکردنەوەی کاری پێکەوەییانیش لەسەر ئاستی پەرلەمان و حکومەت، ئەو لایەنە زیاتر نیگەران دەکات.