سەعدی پیرە: پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگا لەلایەن پارتی جەماوەری ھەولێری نیگەران کردووە
ئەمرۆ هەر دوو وەفدی یەكێتیو گۆڕان لە هەولێر كۆبوونەوەو دواتر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەیان ئاشكراكرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لەھەولێر بەڕێوەچوو، وەفدی یەکێتیی پێکھاتبوو لەسەعدی ئەحمەد پیرەو ھەرێم کەمال ئاغاو رێباز بیرکۆتیو وەفدی گۆڕانیش پێکھاتبوو لەمحەمەد حاجی و عەبدولڕەحمان عومەر، دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان رێکخست .
سەعدی ئەحمەد پیرە لەكۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەدا سەبارەت بە پێكهێ،انی حكومەتی ناوخۆیی پارێزگان وتی: پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لایەنێکی سیاسیو لایەنێکی یاسایی ھەیەو سەرۆکی لیستەکانی یەکێتییو گۆڕانو کۆمەڵو یەکگرتوو لەرووە یاساییەکەیەوە لەگەڵ پەرلەمانو شارەزایانی یاسا گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بزانن پێویستە چی ھەنگاوێک بنرێت، پێکھێنانی ئەو ئەنجومەنەش بەو شێوەیە جەماوەری ھەولێری نیگەران کردووە، چونکە ئەو ھەنگاوە ھۆکار بوو بۆ ئەوەی ریسی یەکڕیزی نیشتیمانیو یەکھەڵوێستیو تەبایی ببێتەوە بەخوریو لەمەمشدا ھاوڵاتیان زەرەرمەند دەبنو ھاوکات گەلەییمان لەکۆتاکانی پارێزگای ھەولێر ھەیە کەئەوان بۆ قبوڵ دەکەن ببنە خاڵی یەکلایی کردنەوەی ئەو بابەتە، واتە ئەگەر بەخواستی خۆیانە دەنگ دەدەن بەو بابەتە کەببنە جێگەی تانەو گلەییو نیگەرانی لایەنەکانی تر .
هەر لەمبارەیەوە محەمەد حاجی بەرپرسی ژووی پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، شێوازی ھەڵبژاردنی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر شێوازێک بوو زۆربەی لایەنەکانی نیگەران کرد بەتایبەتی ئەو چوار لایەنە (١٣) کورسییان لەو پارێزگایە ھەیەو پێمان وایە ئەو ھەنگاوەش پێچەوانەی مەبدەئی یەکڕیزی نیشتیمانیو پێکھێنانی حکومەتی بنکەفراوان کەحکومەتی ھەرێمی کوردستانی لەسەر پێکھێنراو دەبێت حکومەتی عیراقیش بەو شێوەیە بێت، ھاوکات ئێمەو یەکێتییو کۆمەڵو یەکگرتووش کۆکین لەسەر ئەوەی کەدەبێت قسە لەسەر ئەو بابەتە بکرێتو نابێت ئەو چوار لایەنە کەنوێنەرایەتی زیاتر لەنیوەی خەڵکی ھەولێر دەکەن پەراوێز بخرێن لەئیدارەی پارێزگای ھەولێردا .
سەبارەت بەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش محەمەد حاجی وتی، تائێستا ھیچ رێکەوتنێک لەنێوان یەکێتییو گۆڕان لەسەر پێکھێنانی ئەو ئەنجومەنە نییە، بەڵام لەلایەن ھەردوولاوە ئیرادەیەکی بەھێز ھەیەو کۆکن لەسەر ئەوەی کەپێویستە بگەنە رێکەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لەماوەی چوار ساڵی داھاتوودا، ئاماژەی بەوەشکرد، مەسەلەی پۆستی پارێزگار بەشێوەی دوو ساڵ بۆ یەکێتییو دوو ساڵ بۆ گۆڕان یەکێکە لەبیرۆکەکان بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانیو ھاوکات بیرۆکەو پێشنیاری تریش بوونیان ھەیەو گفتوگۆشیان لەسەر دەکرێت، ھەموان کۆکین کەدەبێت ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بنکەفراوان بێتو بەکردەوەش ئەوە جێبەجێ دەکرێت .
PM:02:34:28/06/2014