لە تیف مەستەفا گومانی لە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان هەیە

پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە تیف مستەفا لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕانەوە دەڵێت" ئەگەر رێککەوتنەکە بۆ خزمەتی خەڵکە پیرۆزە، ئەگەر بۆ گەندەڵی و  بەردەوامیدان بەناشیرینیەکانی ٣٠ ساڵی رابردوو، ئەوا یاخوا پیرۆز نەبێت".

حاکم لەتیف مستەفا لە نووسینێکدا بەناونیشانی "ھەرچەندە گومانم ھەیە، بەڵام" دەڵێت "ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە بۆ سەروەربوونی حوکمی قانونە، ئەگەر بۆ سەربەخۆکردنی دادگایە،ئەگەر بۆ نەھێشتنی دزی و تاڵانی و قاچاخچێتیە، ئەگەر بۆ گێڕانەوەی مولکو ماڵی گشتی بەناھەق دەست بەسەردا گیراوە، ئەگەر بۆ ڕاگرتنی دابەشکردنی زەویەکانی شارە بەسەر بەرپرساندا،ئەگەر بۆ ململانێیی سیاسی مۆدێرنە کە بەندە ساڵی ٢٠٠٩ داوام کرد ئەم دوو ھێزە بیکەن، ئەگەر بۆ نەھێشتنی میلیشیای حیزبە، ئەگەر بۆ دابەشکردنی نیمچە یەکسانی سەروەت و سامانی گشتیە، ئەگەر بۆ دەستکێشانەوەی حیزبە لە حوکمەت، ئەگەر بۆ لغاوکردنی یاسایی کاربەدەستانە..پیرۆزە".

پێچەوانەکەشی دەڵێت " بەلام ئەگەر  بۆئەوەیە ئەوانیش تۆلەی ئەم چەند ساڵە بکەنەوەو سەدەھاو ھەزارەھا کادێری تریان لەسەر بودجەو دارایی خەلک بەپلەی بەرز خانەنشین بکەن، ئەگەر بۆ ئەوەیە پشکی زەوی و قۆنتەرات و بەڵێندەرایەتی و کارگەو کۆمپانیایان بدرێتێ،
ئەگەر بۆ ئەوەیە دوبارە پرۆسەی ناشیرینی بەحیزبی کردنی کۆمەلگا تۆخ کەنەوە، ئەگەر بۆ ئەوەیە ئەندامانی « سەرکردایەتی » ھەردولا دەسەلاتی ئەنجومەنی قیادەی سەورەیان ھەبێ و یاسا زیاتر سوک و چروک بکەن، ئەگەر بۆ ئەوە بێ کادێری فاشیلی حیزب زیاتر پۆستی پێ بدرێ، ئەگەر بۆ بەردەوامیدان بەناشیرینیەکانی ٣٠ ساڵی رابردوو بێت، یاخوا پیرۆز نەبێت وزیاتر لای خەلکی دەڤەرەکە سوک و ناشیرین ببن و ھیوام وایە ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕاچڵەکینی جەماوەری کە بەھەموو پێورەکان نزیک بۆتەوە، چونکە جامەکە بەتەواوەتی پڕ بووە".




PM:10:46:20/06/2021