وەزارەتی پێشمەرگە رونکردنەوەیەکی لەبارەی مردنی هونەرمەند جوانڕۆ کەریم بڵاوکردەوە

وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت" كه‌ ته‌رمی‌ جوانڕۆ کەریم بەدەستبەستراوی لەنێوان کەسنەزان‌ و دێگەڵە دۆزراوەتەوە".

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کوشتنی هونەرمەند جوانڕۆ کەریم ناسراو بە (جوانڕۆی باڵەبان) کە کارمەندێکی وەزارەتەکەیانە روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و تیایدا هاتووە" ئەمڕۆ ۲۲ی حوزەیرانی ۲۰۲۱ هەواڵی گیانلەدەستدانی (ن.چ.د٨ جوانڕۆ کەریم قادر) کارمەندی وەزارەتمان پێگەیشت، دوای بەدوا داچوونی بەرپرسی یەکه سەربازیەکەی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش، تەرمی ناوبراو بەدەستبەستراوی لە نزیک گوندی (پەلکەڕەش)کە دەکەوێتە نیوان کەسنەزان و دێگەڵە  دۆزراوەتەوە". 

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌" كه‌ ناوبراو ئەندامی تیپی جوق و مۆسیقای سەربازی بوو، سەر بە فەرماندەیی ئینزیباتی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە".  

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ وەزارەتی پێشمەرگە بەدواداچوون و رێوشوێنی پێویستی لەسەر ئەم تاوانە گرتۆتەبەر و لەئێستادا لەلایەن پۆلیسەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوەو چاوەڕێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانین. 

لای خۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندوه‌" ئەمڕۆ ڕێکەوتی (٢٠٢١/٦/٢٢)، کاتژمێر (٥)ی بەرەبەیان تەرمی هاوڵاتیەک بەناوی (جوانڕۆ کەریم)، تەمەن (٤٤) ساڵ، لە گوندی (پەلکە ڕەش) سەر بە ناحیەی (دێگەڵە) دۆزرایەوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کاتژمێر (٥)ی بەرەبەیان گەیشتنە شوێنی مەبەست، لەلێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کەوا ناوبراو پێشمەرگە بووە لە وەزارەتی پێشمەرگە. لەئێستادا پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە بۆ گەیشتن بە هۆکاری ڕاستی و ڕوونی ڕووداوەکە، لە ئایندەیەکی نزیکدا زانیاری زیاتر دەخەینە ڕوو". 



PM:07:28:22/06/2021