لەبارەی ئەو قسە هەڵبستراوانەی بەرامبەر کچەکانیان دەکرێت، یانەی سیروانی نوێ روونکەردنەوە دەدەن و دەڵێن" ھەر کەس و لایەنێک بابەتێک لەسەر کچانی یانەکە بەبێ بوونی بەڵگە بڵاوبکاتەوە ئەوە ڕووبەرووی یاسایان دەکەنەوە".
یانەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت" سەبارەت بەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، داواکاری گشتی و بەرێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە، ھەر کەسێک تاوانبار بێت سزای خۆی وەردەگرێت، لەکاتی نەبوونی بەڵگە و بێ تاوانیدا دەبێت بە فەرمی داوای لێبوردن لە یانەی سیروانی نوێ بکرێت، ھەروەھا یانەکە مافی ئەوەی ھەیە داوای قەرەبوی ماددی و مەعنەوی بکات."
لە ڕوونکردنەوەکەیدا، یانەکە بە تێبینییەک دەڵێت، "تیپی گۆرەپان و مەیدانی کچانی یانەکەمان لە ١٢ یاریزان پێکدێت".
دوێنێ پێنجشەممە، ٢٤ی حوزەیران پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند کە لەلایەن چەند کچە یاریزانێکەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو، دواتر ئەوە ئاشکرا کرا کە ڕاهێنەرێکی یانەی سیروانی نوێیە.