حکومەتی هەرێم سێ كۆمپانیا لە بواری نەوت دروست دەکات

راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە ئاشکرای دەکات، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كار بۆ بەدامەزراوەییكردنی وەزارەت دەكات و بڕیارە كۆمپانیایەكی نیشتیمانی لە بورای نەوت دابمەزرێت. 

د. بێوار خنسی، بە ماڵپەری فەرمی پارتی ڕاگەیاند" وەزیری سامانە سرووشتییەكان كار دەكات بۆ ئەوەی بە كرداری وەزارەتی سامانەسرووشتییەكان بەدامەزراوەیی بكات بەپێی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی ٢٠٠٧ دەرچووە، كە ئەو وەزارەتە لە ٩ دامەزراوەی زۆر گرنگ  پێكھاتووە، كە بریتین لە رێكخستنەوەی پرۆسەی نەوت و گەڕان بە دوای نەوت و دۆزینەوە وھەڵكۆڵین و دەرخستن و گواستنەوە و پاڵاوتن، ئەمەش لە رێگەی دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نوێ بۆ ئەوەی ھەر یەك بەكاری خۆیان ھەڵسن ، بێگومان ئەمەش وا دەكات كارەكان بە جوانی رێكبخرێن و بێ شك داھاتی ھەرێمی كوردستانیش زیاد دەبێت". 

وتیشی" ئەگەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆمپانیای نیشتمانی نەوتیان دامەزراندبووایە، كە ناوی كۆمپانیای كیبكۆیە،  ٢٠%ی داھاتی نەوتی ھەرێمی كوردستان لە ھەر كێڵگەیەك بۆ ئەو كۆمپانیایە بوو، كە ئەو كۆمپانیایە جوان كارەكانی بەرێوە دەبرد و ئەو ٤٥٠ھەزار بەرمیل نەوتەی ئێستا بەرھەم دێت، داھاتی ٨٠ھەزار بەرمیل نەوت بۆ ئەو دەبوو، كە داھاتێكی زۆر دەبوو و دەیتوانی لەگەڵ كۆمپانیای جیھانییەكانی وەكو شێل و تۆتەل ببێتە ھاوبەش و لە دەرەوەی ھەرێمی كوردستانیش كار بكات، كە ئێستا دەیتوانی زیاتر ھاوكاری ھەرێم بكات لە كاتی تەنگانەدا و ئێستاش باشە كاری لەسەر بكرێت و كارێكی كرنگە و كەرتی نەوت رێك دەخرێت و روونتریش دەبێت، چونكە ئەو كۆمپانیایە نەك تەنھا كاری دەرھێنانی دەكرد، بگرە نەوتیشی بەپیشەسازی دەكرد، چونكە ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت بە ٧٦ دۆلار بێت، ئەگەر بكرێتە پیشەسازی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر لەو نرخە زیاتر پارەی دەست دەكەوێت". 

ناوبراو باسی لەوەشكرد، بڕیارە سێ كۆمپانیا دروست بكرێن، كە یەكێكیان ھی بەرھەمھێنان و ئەوەی دیكە ھی پاڵاوگە و ئەوەی تریش ھی گەڕانە بەدوای نەوتدا، ئەمەش ھاوكارێكی باشی بەڕێوەبردنی نەوتی ھەرێم دەبێت و وا دەكات داھاتی ھەرێم زیاد بێت، چونكە لە ماوەی ڕابردوودا بە ھۆی ئەو قەیرانانەی دروست بوون، نەكرا، بەڵام ئێستا وا كاری لەسەر دەكرێت، بەمەش ئابووریی ھەرێمی كوردستان زیاتر سەربەخۆ دەبێت.


PM:03:15:03/07/2021