سەرۆکی پەرلەمان داوا لە بەریتانیا دەکات سنووری چوارپارچەی کوردستان لاببات

د.یوسف محەمەد سادق لەدانیشتنێکدا لەگەڵ کونسوڵی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان پێی راگەیاند کە ئەو سنوورە دەسکردانەی بەریتانیا کێشاویەتی سەدەیەکە ئازاری کورد دەدات، ھیوادارین لە ئێستا ھاوکارمان بن بۆ سڕینەوەی سنوورە دەسکردەکانی وڵاتەکەمان.

ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی کرد لە ئەنگوس مگکی و جۆن میتچڵ کونسوڵ وجێگری کونسوڵی  بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان، و لە دانیشتنێکدا کونسوڵی بەریتانیا بەشیوەیەکی گشتی تیشکی خستە سەر پێوەندییەکانی وڵاتەکەی و ھەرێمی کوردستان و بایەخی ئەو پەیوەندییانەشی لە چەند خاڵیکی گرنگدا خستە ڕوو، سەردانی ھەفتەی ڕابردووی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ھەرێمی کوردستان بەخاڵێکی گرنگی ئەو پەیوەندییانە ئاماژە پێکرد.
 
سەرۆکی پەرلەمان تیشکێکی خێرای خستە سەر بارودۆخی سیاسی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە، بەتایبەتیش شەڕو رووداوەکانی ئەم ماوەیەی ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە سەرۆکی پەرلەمان وتی 'ڕۆشتنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەو ناوچانە، بۆ پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی سڤیل و ئارامی و ئاسایشە، راستە ئەو ناوچانە خاکی کوردستانن، بەڵام دوابڕیار لای ھاوڵاتییانی ئەو ناوچانەیە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.'

لەبارەی پێوەندی مێژوویی بەریتانیاو کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان وتی 'لە مێژوودا بەریتانیا وڵاتەکەمانی بە ھێڵی دەسکرد پارچە پارچە کردووە، ئەو سنورە دەسکردانەی بەریتانیا کێشاویەتی سەدەیەکە ئازاری کورد دەدات.! ھیوادارین لە ئێستا ھاوکارمان بن بۆ سڕینەوەی سنوورە دەسکردەکانی وڵاتەکەمان.!




PM:02:59:29/06/2014