موراد قەرەیلان: هێشتا هێزەکانی پەدەکە لە هەرێمی گەریڵان و مەترسی هەیە هەڵەیەک رووبدات


موراد قەرەیڵان فەرماندەی پارتی کرێکارانی کوردستان رایدەگەیەنێت" هێشتا هێزەکانی پەدەکە لە هەرێمەکانی گەریلا نەکشاونەتەوە، بۆیە دۆخە مەترسییدارەکە تێنەپەڕیوە و هەمیشە گومانی ئەوە هەیە، کە لە شوێنێک هەڵەیەک ڕووبدات".

‌، دەشڵێت، نامانەوێت هیچ حزبێک لاواز ببێت و هیواش دەخوازێت یەنەکە کێشە ناوخۆییەکانی بە بەهێزییەوە، چارەسەر بکات.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە،  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فورات، لەبارەی مەترسیی هێنانی هێز لەلایەن پەدەکەوە بۆ هەرێمەکانی گەریلا، وتی" ئەمە دۆخێکی جدییە و زۆر گرنگە، کە ئێستاش لە ڕۆژەڤدایە، ئەوەی ئێمە لە بانگەوازییەکەی پێشوومان باسمان کرد ڕاستییەکە و سروشتی بوو، ئەوەی ئاگامان لێی بوو باسمانکرد، دوای ئەوە، گەلی کورد لە چوارپارچە و دەرەوەی وڵات هاتنە سەر شەقام و کەوتنە جوڵە، ڕۆشنبیر، هونەرمەند، سیاسەتمەدار و زۆر کەسی دیکە لێدوانیان دا و داوای یەکێتی نەتەوەییان کرد و ڕای گشتیی لەسەر دروست بوو، لەم بارەوە هەموو کەسێک ڕەنجیاندا و هۆشیارانە مامەڵەیان کرد، ئەمە ئەرکی وڵاتپارێزیی نەتەوەییە، دەمەوێت جارێکی دیکە سوپاسیان بکەم و سڵاویان بۆ بنێرم".

 قەرەیلان جەختدەکاتەوە، کە ئەو دۆخە مەترسیدارە تێنەپەڕیوە و دەڵێت "چونکە هێزە چەکدارەکان هێشتاش لەو جێگانە ماونەتەوە، بۆیە هەمیشە گومانی ئەوە هەیە کە لە شوێنێک هەڵەیەک ڕووبدات، یان هەندێک شت کە مرۆڤ نایەوێت ڕووبدات، واتا مەترسییەکە بنبڕ نەبووە”.

هەروەها، ئاماژەی بە قسەیەکی جەمیل بایک کردووە، کە چوارشەمەی ڕابردوو وتی؛ "کاک مەسعود بە هەندێک کەسی وتووە، کە هێشتاش لەسەر بەڵێنی خۆمم، کورد بەدەستی کورد نەکوژرێت”، قەرەیلان وتی: هاوسەرۆکمان دڵخۆشیی و خۆشحاڵیی خۆی هێنایە زمان، ئەمە چوارچێوەیەکی گرنگ بوو کە منیش بەشداری دەبم، بۆیە ئەو شتانە دووبارە ناکەمەوە، ڕاگەیەندراوی دەستپێکمان هێشتاش لەجێی خۆی دایە و بەڕێوبەرایەتی ئێمە لەم چوارچێوەیەدا هەڵویستی خۆی ڕوون کردووەتەوە، هیوادارین لە هەردوو لاوە لەم بارەوە پێشکەوتن دروست بێت و هەندێک ئەو دۆخە مەترسیدارە بگۆڕێت، یان ئەو شتانەی دەوترێت بە کردەوە نیشانبدرێت، لەسەر ئەمە ئێمە هێشتا چاوەڕوانین".

موراد قەرەیلان، هەروەها وتی: دەوڵەتی تورک دەیەوێت سنوورەکانی فراوان بکات و ببێتە ئیمپراتۆریەت و دەوروبەری خۆی داگیربکات، ئەم پیلانە شاراوە نییە، ئەمە پیلانێکی شۆڤێنی، نەژادپەرستانە و داگیرکەرانەیە، لە سەروویانەوە بۆ ئێمەی کورد مەترسیی هەیە، سیاسیەتی کورد دەبێت ئەمە لە بەرچاو بگرێت، پەیمانی لۆزان بۆ ١٠٠ ساڵ واژۆکراوە و دوو ساڵی ماوە کۆتاییبێت، ئەم پەیمانە بۆ کورد سووکایەتییەکی گەورە بوو، بۆ ئەوەی تووشی لۆزانێکی دیکە نەبین، پێویستە یەکبگرین".

قەرەیلان بەردەوامیی بە قسەکانی دا و وتی: ئێستا لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا دەیەوێت میساقی میللی زیندوو بکاتەوە، لە بواری سیاسیی، یاسایی و سەربازییدا ئامادەکاریی بۆ دەکات، ئەمەش بۆ ئێمە مەترسییەکی گەورەیە، مسۆگەر نییە هیچ سیاستمەدارێکی کورد ئەمەی نەدیبێت، ئێستا لە ناوچەکە شەڕی سێیەمی جیهانی بەڕێوەدەچێت، هەمووان دەزانن کە دوای ئەم شەڕە، ناوچەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە، بۆیە دەوڵەتی تورک و داگیرکەرانی دیکەش لەناو هەوڵدان دان، ئێمەی کوردیش بۆ ئەوەی تووشی لۆزانێکی دووەم نەبین، بۆ ئەوەی کە وەک نەتەوەیەک، سروشتیی و لەسەر خاکی خۆمان بە ماف و ئازادیی بژین، پێویستە پەرتەوازە نەبین، پێویستە یەکبگرینەوە و خاوەن ستراتیژیەکی هاوبەش بین". 

قەرەیلان بە پێویستی دەزانێت”بە ستراتیژییەکی هاوبەشەوە پێشوازیی لە ٢٠٢٣ بکەین، پێویستە یەکتر لاواز نەکەین، کەس کەس نەسڕێتەوە، با سیاستی کورد بەهێز بێت، پێویستە ئەم قۆناغە ڕاست بخوێندرێتەوە، ئەم قۆناغە، قۆناغێکی ئاسایی نییە، قۆناغێکی ستراتیژییە، ئەوانەی ستراتیژێکی ڕاست دانەڕێژن و ڕاست نەڕۆن، دادەبڕێن، بۆیە پێویستە کەس تاکتیکی بیر نەکاتەوە، کێشەمان هەیە، ئەگەر ناتوانن یەکبگرنەوە با یەکتر لاواز نەکەن، ئێمە نامانەوێت هیچ حزبێک لاواز بێت، نامانەوێت کەس پەدەکە لاواز بکات، نامانەوێت یەنەکە لەو کێشانە زیان ببینێت، هیوادارین یەنەکە لەو کێشە ناوخۆییانەدا بە عەقلێکی سەلیم، نەک بەلاوازیی، بە بەهێزیی دەربازی بێت”.




PM:04:52:20/07/2021